ڕێباز حەملان: ڕاستگۆیی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ مووچەخۆران دەرکەوت

ڕێباز حەملان بریکاری دەستلەکارکێشاوەی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، هەفتەی پێشوو لە بەشێکی ڕاگەیاندنەکانی هەرێم و عێراق بۆ هاونیشتمانیانمان ڕوونکردەوە کە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور بارزانی، بەتایبەت لەسەر مووچەی مانگی چوار و هۆکاری دواخستنی هاتە سەرخەت و بە نوێنەرانی کوردی گوتبوو دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت”.
زیاتر دەڵێ: “لە بەغداوە بە جەنابیان گوتبوو کە ئەم هەفتەیە چارە دەبێت، ئەمڕۆ 5/13 مووچەی مانگی چوار هات”.
حەملان ئاماژەی بەوەش کردووە: “دوای ئەو هەموو مشتومڕەی لەسەر دواکەوتنی مووچەی مانگی چوار کرا، سەلمێندرا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاستگۆبوو لەگەڵ مووچەخۆران و هاونیشتمانیان، زیاتر لە سێ هەفتە مووچەی هەرێم لە بەغدا دواخرا، نەیاتوانی هیچ سەرنج و تێبینییەکیان هەبێت لە ڕووی یاسایی و کارگێڕی و لیستی مووچە و میزان مراجەعە و داهاتی ناوخۆیش. چونکە حکوومەتی هەرێم لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردبوو”.
ئەمڕۆ سێشەم، ١٣ی ئایاری ٢٠٢٥ بڕی ٩٥٩ ملیار و ٥١٤ ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.