هه‌واڵ

سامانە سروشتییەکان: ئامادەین سەردانی بەغدا بکەین

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیەنێت، ئامادەن هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی داوەتەوە و ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دوا بەدوای نووسراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دێت، بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ: “وەکوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکوومەتی فیدڕاڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژوو کرا”.

بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دوایین جار لە ڕۆژانی 19 و 20ی  مانگی ئایار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، “ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستی چارەسەری ئەم بابەته”، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وای گوتووە.

ڕۆژی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٤، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کە لە هەشت کۆمپانیای بەرهەمهێنیی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، ڕایگەیاند، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، هیچ دانوستانێک لە نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت نەبووە.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان هەروەها پێشنازی کردبوو، کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان هەردوو حکوومەتەکە و کۆمپانیاکانی نەوت بکرێت بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕییەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...