هه‌واڵ

دژەتیرۆری کوردستان: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە سنوری هەریر کەوتە خوارەوە

زێدپرێس

 

دژەتیرۆری کوردستان ڕایدەگەیەنێت، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەیەکی چۆڵەوانیدا کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان/پارتی، ئەمڕۆ چوارشەم ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە کاتژمێر ١٢:١٨ خوولەکی پاشنیوەڕۆ، “درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک گوندی باتاسی سەر بە قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە”.

دژەتیرۆری کوردستان هیچ زانیارییەکی لەسەر هۆکاری کەوتنە خوارەوەی درۆنەکە و شوێنی ئاڕاستەکردنی نەدرکاندووە. بەڵام دەڵێ “هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە”.

هەرچەند، لە ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆردا، باس لە “کەوتنە خوارەوە”ی درۆنەکە کراوە، بەڵام بەگوێرەی شایەدحاڵەکانی سنورەکە، “دەنگێکی گەورە” بیستراوە و بەوەش گومان دەکرێت درۆنەکە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە خرابێتە خوارەوە.

ئەو ڕاگەیەندراوەی دژەتیرۆر، دوای ئەوە دێت، کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، گرووپێک بەناوی “وارسین”، لە نووسراوێکدا، کە لە سەرەوەیدا “بەرگری ئیسلامی لە عێراق” هاتووە، بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی سەربازی هەریر لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ڕاگەیاند.

نووسراوەکە، کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرایەوە، باس لە بە ئامانجگرتنی “بنکەی داگیرکاری ئەمریکا لە باکوری عێراق-بنکەی هەریر” دەکات.

گرووپەکە، چالاکییەکەی خۆی لە چوارچێوەی کردەوەگەلی پاڵپشتی “تۆفانی ئەقسا” ڕاگەیاندووە. ئەوەش وەک ئاماژەیەک بە پاڵپشتی لەو هێرشەکەی کە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجامدرا و بە تۆفانی ئەقسا ناوبردرا.

بەگوێرەی وێنەی درۆنەکە، کە لەلایەن دژەتیرۆری کوردستان بڵاوکراوەتەوە، بەشی زۆری لە پلاستیک دروستکراوە و پێدەچێت دەستکردی گرووپێک بێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...