گۆڕانكارییە ئابوورییەكان
پووكانەوەی چینی سێیەم یاخود سەرهەڵدانی دەرەبەگایەتی نوێ
ئەو توێژە كەمە، (جویل كوكتین) لە كتێبی هاتنی دەرەبەگایەتی نوێ، بەدەرەبەگایەتی نوێ پێناسەی دەكات و چینی ناوەڕاست هۆشیار دەكاتەوە، كە مەترسیی سەرەكی ئەو شەپۆلە نوێیە لەسەر ئەو دەبێت.
لەم كتێبەدا هەندێك ئاماری سەیری لەمبارەیەوە تێدایە، بۆ نموونە لە یەكێك لە هەرێمەكانی چین، لە ساڵی 2017 حەوت ملیۆن كەس زانكۆیان تەواو كرد، كاتێك دامەزران و كەوتنە كار، بۆیان دەركەوت، ئەگەر لە پۆلی دووی ناوەندیدا وازیان لەخوێندن بهێنایە، هەمان مووچەی ئێستایان وەردەگرت، دیارە لە ئەدەبیاتی ماركسی مووچەخۆر بە وردە بۆرژوا و چینی سێیەم ئاماژەی بۆ دەكرێت، كە ئەمە لەلایەك بەهای خوێندن كەم دەكاتەوە، لەلایەكی تر هاوشێوەی پیاوانی ئایینی لەسەردەمی دەرەبەگایەتی كۆندا، سوپایەك لە پیاوانی ئایینی و ئەكادیمی دروستكراوی خۆیان دێنێتە بەرهەم، كە هاوپەیمانی لەگەڵ دەرەبەگە نوێیەكان دەكەن و بەیەكەوە بەرانبەر كۆمەڵگە دەوەستنەوە!
چڕبوونەوەی سەرمایە لەدەست كەمینەیەك، مەترسییەكی زۆر گەورەیە و واتای ئەوەیە دەستی ئەو كەمینەیە دەكاتەوە، كە هەموو ڕێگەیەكی شەرعی و ناشەرعی بگرنە بەر بۆ لێدانی نەیارەكانیان، یاخود بۆ لێدانی ئەوانەی كە ناكەونە ژێر كاریگەری ئەو چینە نوێیە.
ئەو گۆڕانكاریانە ئەوە دەسەپێنێت، كە ڕێگەیەكی نوێ بۆ بەگژداچوونەوە بگیرێتە بەر و هەموو ئەو بەها چرووكانەی ئەوان لای كۆمەڵگەی گەورەی دەكەن وەك چەكێك بەكاری دەهێنن، كە لەبنەڕەتدا تاوانی نێودەوڵەتییە، بخرێتە بەرچاوی خەڵك و بە بوێرییەوە طاستییەكان ئاشكرا بكرێن و بێبەها بكرێن.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی، كە لەو كتێبەدا هاتووە، بۆ نموونە ئەو سەرمایەی لەدەست 1%ی سەرمایەدارەكانی جیهانە، لەساڵی 1978 ڕێژەكەی تەنیا لە %7 بوو، كەچی لە ساڵی 2012 گەیشتە 22%، بەگوێرەی پێشبینی ئەو توێژینەوانەی دەكرێت، لەساڵی 2030 ئەگەری ئەوە هەیە 1%ی دانیشتووان دەست بەسەر سێیەكی سەرمایەی جیهان دابگرێت. هەر بەگوێرەی ئاماژەكانی ناو ئەو كتێبە چینیكی بەناو سۆسیالیستی، ئێستا 1%ی دانیشتووانەكەی، مەبەستم سەرمایەدارەكانە، سێ لەسەر چواری سەرمایەی ئەو وڵاتەیان مۆنۆپۆڵ كردووە و ئەو 20%یەی دەمێنیتەوە، بەشی زیاتر لە ملیارێك و سێ سەد ملیۆن مرۆڤە.
ئەو گۆرانكارییانە ڕەنگدانەوەی مەترسیداریان لەسەر لایەنی دیمۆگرافیاش دەبێت، لەبەرئەوەی دەستكەوتنی شوێنی حەوانەوە، ئاسان نابێت و كەم كەس توانای ئەوەی دەبێت خانوو یاخود ئەپارتمان پەیدا بكات، بۆ ئەوەی خێزان بەیەكەوە بنێت و ئیدارەی ئابووری بكات، دیارە ئەمەش دەبێتە كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی، لێرەدا ئەمە لەگەڵ تیۆری ملیاری زێڕین یەكدەگرێتەوە، كە پێی وایە بوونی ئەو هەموو مرۆڤە لەسەر گۆی زەوی زیادە و سەرچاوەكانی ژیان بەشی ناكات، بۆیە ئەگەر ئەو ژمارەیە، هاوڕا لەگەڵ تیۆرەكەی ماڵتۆس كەم بكرێتەوە بۆ یەك ملیاری هەڵبژێردراو، ئەوانەی دەتوانن ڕووبەڕووی ئەو گۆڕانكارییانە ببنەوە و لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن باشترە لە بوونی حەوت بۆ هەشت ملیار مرۆڤ، كە باری گۆی زەوی گرانتر دەكات.
بەشێوەیەكی گشتی ئەو گۆڕانكارییانە ئاماژەیەكی مەترسیدارن بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و دەبێت كۆمەڵگەی كوردی، كە ڕێك سەرەتاكانی ئەو گۆڕانكارییانەی بەچڕی لێ بەدیاركەوتووە، خۆی بۆ ئەو گۆڕانكارییانە ئامادە بكات، چونكە جەور و ستەمی دەرەگە نوێیەكان زۆر لە جەور و ستەمی دەرەبەگە كۆنەكان زیاتر دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی تەقینەی جەماوەری و سەرهەڵدانی شۆڕشی خوێناوی، كە دەتوانین بە شۆڕشی برسییەكان، یاخود كۆیلە نوێیەكان ناوی ببەین.