سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

جیاوازی مامەڵەی تورك و كورد لەگەڵ پرسە نیشتمانییەكان چییە؟

بەگشتی وڵاتانی جیهان شتێكیان هەیە پێی دەڵێن، ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەر ململانێیەك بكەن، ڕێگە نادەن لەو چوارچێوەیە دەرچێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەگەر توركیا بە نموونە وەربگرین، ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن چەند توند بێت، دەست بۆ هەندێك پرس هەیە نایبەن، چونكە بە زیانی دەزانن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان، كاتێكیش پرسێك بێتە پێشەوە و پەیوەست بێت بە توركیا، بەبێ جیاوازی پشتیوانی دەكەن.

ئەردۆغان زیاتر لە (٢٠) ساڵە لەسەر دەسەڵاتە و زیانی گەورەی لە توركیا داوە، دەستكەوتیشی هەبووە. لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵاتیشەوە ئۆپۆزسیۆن لە دژی هەبووە، ئۆپۆزسیۆن زۆرترین ململانێی لەگەڵ كردووە، هەمیشە هەوڵیداوە بە هەر شێوازێك بێت، دەسەڵاتی لێ وەربگرێتەوە، سەرەڕای ئەو ململانێ توندانە، هیچ كات هێڵە سوورەكانیان نەبەزاندووە.

لەدوای هەڵبژاردنی ٢٠١٨ ئۆپۆزسیۆن خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ ئامادە كرد، كاتێكیش لە ٢٠١٩ شارەوانی ئەنقەرە و ئەستەنبۆڵیان بردەوە، لەوێوە جاڕی سەركەوتنیان لێ دا، بەتایبەت لە توركیا ببوو بە نەریت، هەركەس سەرۆکایەتیى شارەوانى ئەستەنبۆڵی بردەوە، هەڵبژاردنى توركیای بردۆتەوە. هەر بۆیە لە دوای ئەو ساڵە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دەكرد، بەڵام ئەردۆغان ئەو داوایەی ڕەتكردەوە، بۆیە ئۆپۆزسیۆن زووتر دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد، لە دەسپێكی ٢٠٢١دا، ئۆپۆزسیۆن وەك ئامادەسازیی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ، ململانێكانی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا دەست پێ كردووە. ناوەندەكانی دەرەوەی توركیاش ئەو ململانێیانەیان بە سەرەتای دەسپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی توركیا ناوبرد، دواتریش بەهێزترین چەكی ئۆپۆزسیۆن ڕاپرسی بوو لە ڕێگەی ناوەندەكانەوە، كە هەمیشە ڕاپرسییەكان جەختیان لەسەر سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن دەكردەوە، بەڵام ئەردۆغان هەر زوو گوتی، “لە هەڵبژاردنەكانی تریش لە ڕاپرسییەكان یەكەم دەبوون.”

 

هەموو ئەو ململانێیانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی بوو، كاتێكیش پرسێك دەهاتە پێشەوە، پەیوەست بە ئاسایشی توركیا، جەهەپە یەكەم پارت بوو پاڵپشتی حكوومەتەكەی ئەردۆغانی دەكرد

 

هەموو ئەو ململانێیانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی بوو، كاتێكیش پرسێك دەهاتە پێشەوە، پەیوەست بە ئاسایشی توركیا، جەهەپە یەكەم پارت بوو پاڵپشتی حكوومەتەكەی ئەردۆغانی دەكرد، لە پرسی سیستەمی بەرگری ڕووسی كەمال كلیچدارئۆغلۆ، سەرۆكی جەهەپە ڕایگەیاند، توركیا مافی خۆیەتی سیستەمی (ئێس ٤٠٠) لە ڕووسیا بكڕێت.

هەر لە سەرەتای ٢٠٢١دا سادات پەكەر، كە بە سەرۆكی باندی مافیایی ناسرابوو، چەندین گرتە ڤیدیۆییەکى لە ئیماراتەوە دژ بە دەسەڵاتدارانی توركیا بڵاوكردەوە، كاتێك زانی ڤیدیۆكانی دەبنە هۆی لاوازبوونی هەڵوێستی ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لەگەڵ جۆ بایدن، بۆیە بڕیاری دا ڤیدیۆكانی ڕابگرێت.

لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵدا، دادگای پاریس بڕیاری دا نابێت توركیا چیتر نەوتی هەرێم بفرۆشێت، ئەو بڕیارە دەنگدانەوەیەكی فرەوانی جیهانی هەبوو، بەڵام بەگشتی ڕاگەیاندنەكانی توركیا بەلای ئەو ڕاگرتنەوە نەچوون. ئۆپۆزسیۆنیش ئەم دۆسیەیەی نەكردە بەشێك لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دژ بە ئەردۆغان. دەركردنی توركیا لە پڕۆگرامی فڕۆكەی ئێف ٣٥ی ئەمریكی، یەكێکی دیكە لەو دۆسییانەی كە حكوومەتی توركیا بەهۆی كڕینی سیستەمی (ئێس ٤٠٠)ی ڕووسی لە دەستی داوە، كە توركیا بڕی یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری لەو پڕۆگرامە خەرج كردووە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن نەهات ئەو دۆسیەیە بكات بە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان و وەك شكستی حكوومەتی وڵاتەكەی بیكات، بەڵكوو ئەوان لەسەر ئاستی گشتی بەرگری لەو دۆسیەیە دەكەن.

 

سادات پەكەر، كاتێك زانی ڤیدیۆكانی دەبنە هۆی لاوازبوونی هەڵوێستی ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لەگەڵ جۆ بایدن، بۆیە بڕیاری دا ڤیدیۆكانی ڕابگرێت

 

ڕاگەیاندنی كوردی بۆ هیچ شتێك ڕەچاوی بچووكترین مەترسی ناكات، هەر بوارێك وەربگریت، ڕاگەیاندنی كوردی لە ڕەچاونەكردنی ئیتیكی ڕاگەیاندن و بەرژەوەندی گشتی پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت؛ ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، شەڕی داعش، بابەتە كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكان، كام بواری وەردەگریت ڕاگەیاندنی کوردی ڕەچاوی هیچ لێكەوتەیەكی ناكات، هەرچی هەبێت باسی دەكات.

لەدوای ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت بە ڕێگەی توركیا، زۆرینەی ڕاگەیاندنی كوردی هەر قسەیەك بچووكترین بەرپرس بیكات، زۆر بە گەورە پیشانی دەدەن، وای لێهاتووە ڕاگەیاندنی كوردی بووە بە سەرچاوەیەكی باش بۆ شاندەكانی بەغدا كە دانوستاندن لەگەڵ شاندەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

 

. بەشێكی زۆری ڕاگەیاندنی كوردی خەریكە مافە دەستوورییەكانی كوردیش لە عێراق لە دژی پارتی و یەكێتی بە نادەستووری دەكەن

 

ئێستا ئەوەندەی ڕاگەیاندنی كوردی باس لە بڕیارەكانی حكوومەتی بەغدا دژ بە هەرێم دەكەن، ئەوەندە ڕاگەیاندنەكانی عێراق باسی ناكەن. بەشێكی زۆری ڕاگەیاندنی كوردی خەریكە مافە دەستوورییەكانی كوردیش لە عێراق لە دژی پارتی و یەكێتی بە نادەستووری دەكەن.

وادەزانن ئەگەر هەموو هەڵەیەك بخەینە ئەستۆی خۆمان و حكوومەتی ناوەندی لێ بەری بكەین، ئەوا حكوومەتی عێراق مافەكانمان پێ دەدات، بێ ئاگا لەوەی حكوومەتی عێراقی لە یەكەم هەنگاوەوە، هەموو هەوڵێكیان ئەوە بوو كورد پەراوێز بخەن، یەكەم هەنگاوی ئیبراهیم جەعفەری سەرۆك وەزیران، پەراوێزخستنی مام جەلال بوو.

ناكرێت گەندەڵی و كەموكوڕی ئیداری هەرێم بكرێتە پاساو بۆ بە شەرعیەتدانی فشارەكانی بەغدا بەرانبەر خەڵكی هەرێم، ئەگەر پارتی و یەكێتیش لەسەر دەسەڵات نەمێنن، كورد بە هەموو شتێكی بەغدا ڕازی بێت، حكوومەتی ناوەندی بەوە ڕازی نابێت كورد هەموو مافە دەستوورییەكانی خۆی پەیڕەو بكات.

ئەوەشی ئێستا ڕوودەدات، ئەگەر هەرێم جارێك كەمتەرخەم بێت، ئەوا حكوومەتی ناوەند ئەو كەمتەرخەمییە زۆر گەورە دەكات، بۆ ئەوەی هەموو فشارێك بخاتە سەر هەرێم.

 

ئەگەر پارتی و یەكێتیش لەسەر دەسەڵات نەمێنن، كورد بە هەموو شتێكی بەغدا ڕازی بێت، حكوومەتی ناوەندی بەوە ڕازی نابێت كورد هەموو مافە دەستوورییەكانی خۆی پەیڕەو بكات

 

كێشەی كورد بۆ دەسەڵات ئەوەیە، شتێكی نییە ناوی سەروەری نیشتمان و ئاسایشی نەتەوەیی بێت، بۆیەش هەمیشە نەیار و دوژمنەكانی زۆرترین سوودیان لە خودی خۆی وەرگرتووە.

لە جەنگی دژ بە داعشدا، كەناڵە كوردییەكان، بە ڕوونی نهێنی زۆر مەترسیداری هێزی پێشمەرگەیان بڵاودەكردەوە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە ئاشكراكردنی ئەو نهێنییانە بە سووودی داعش تەواو دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...