هه‌واڵ

لە شەش مانگدا زیاتر لە ٨٠ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە ٨٠ ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێم، ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٤ ڕاگەیاند و بەگوێرەی ئامارەکەیش، لەو ماوەیەدا ٨٠ هەزار و ٣٩٩ ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی پێسنای ٤٥٧ مۆڵەتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە/

بەڕێوەبەرایەتی پێشانگا و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکان، بەرپرسیارە لەپێدانی مۆڵەتی هاوردە و هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستان، کە لە ڕێگەی دەروازە سنورییەکانی ئیبراهیم خەلیل، حاجی هۆمەران، پەروێزخان، باشماخ و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

هەر لەو شەش مانگەدا، ٢٧١ هەزار و ٣٧٨ تۆن و حەوت ملیۆن و ٥٣١ هەزار و ٤٩ کیلۆگرام کاڵا و کەلوپەل بە بەهای سێ ملیار و ٢٢٠ ملیۆن و ٦٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی لەڕێگەی هەزار و ٨٠٢ مۆڵەوە، هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون. لە بەرانبەردا، ٥٥ هەزار و ٦٧٢ تۆن و هەروەها ٥٢ هەزار و ٩٩٤ کیلۆگرام کاڵا و کەلوپەل لە ڕێگەی ٩٦ مۆڵەتەوە، هەناردەی دەرەوە کراون.

وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە، لەو ماوەیەدا، دوو هەزار و ٨٩٨ ناسنامەی بازرگانی بەو کەسانە دراون کە بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیاکانی هاوردە و هەناردەکردن یان خاوەن کارگە و پڕۆژەکانی بازرگانی و پیشەسازیین.

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکان لەڕێگەی تیمی مەیدانی چاودێری نرخی کاڵا و دۆخی بازاڕ و پڕۆژە بازرگانییەکان دەکات.

لەو چوارچێوەیەشدا، تیمە مەیدانییەکان ٢٦ هەزار و ٢٤٩ سەردانیان کردووە و هەزار و ٧٢٨ سەرپێچییان تۆمار کردووە؛ ١٤٣ شوێنکار سزا دراون و ١٠٦ شوێنکاریشیان داخستووە.

هەر لەو شەش مانگەدا، ٢٦٧ تۆن خۆراکی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و بە بڕی ٢٢٧ ملیۆن و ٤٣٦ هەزار و ٢٠٠ دینار پسوولەی سزا بۆ شوێنکارەکان دەرکراوە.

هەرچی پەیوەندی بە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی دروستکراوی دانەوێڵە، لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەبێت، کە کارەکانی بریتییە لە وەرگرتنی گەنم لە کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە و دروستکردنی ئارد و دابەشکردنی بەسەر نزیکەی سێ بریکاردا.

لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، پێنج بەشە ئارد دابەشکراوە؛ مۆڵەت بە ١٨ سەموونخانە و ٦٢ نانەواخانە دراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆی گشتی سەموونخانەی تۆمارکراو هەزار و ٧٩٨ سەموونخانە و دوو هەزار و ٨٥٥ نانەواخانە و هاوکات ٣٣٧ شیرینخانە مۆڵەتیان پێدراوە.

بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵە لەهەولێر و سلێمانی و دهۆک بەگشتی سەرپەرشتی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکات لە هەریەکە لە سایلۆکانی حکوومەت کە لەگەڵ کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵەی سەربە حکوومەتی فیدڕاڵ گرێدراون.

لە هەولێر سایلۆکانی هەولێر و قوشتەپە، لە سلێمانی سایلۆکانی پیرەمەگروون، چەمچەماڵ، ڕاپەڕین، سەیدسادق، کەلار و بنکەی هەڵەبجە؛ لە دهۆک سایلۆکانی فایدە، شێخان و زاخۆ هەن.

توانای تێکڕای ئەمبارکردنی سایلۆکان ٤٨٥ هەزار تۆن دەبێت و لە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵدا، زیاتر لە ٦٨٥ هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە.

هەروەها، بەڕێوەبەرایەتی پسوولەی خۆراک، کە کاری ڕێکخستن و لادان و زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان و ئەندامانی خێزانە بۆسەر پسوولەی خۆراک، بە گشتی یەک ملیۆن و ٣٠٥ هەزار و ٣٧٣ خێزانیان تۆمار کردووە، کە پێنج ملیۆن و ٣٤٨ هەزار و ٢٣٣ کەس و سێ هەزار و ٢٦٦ منداڵ لەخۆدەگرێت.

بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراک، سەرپەرشتی کاری دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان دەکات لە ڕێگەی شەش هەزار و ٥٢٤ بریکارەوە کە تا ئێستا تۆمارن و لەمساڵدا تەنیا ١٣ بریکارنامەی خۆراک بەخشراوە؛ بۆ ئەمساڵ چوار بەشەخۆراک نێردراوە و دابەشکراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button