(١)
ئەوەی بەسەر ئێمەی کورد هاتووە، لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا کۆتاییەکەی و بێگومان پێشتریش، لە کوشتوبڕ و ڕاگواستن و هەموو جۆرەکانی وێرانکاری، نموونەی لای چەندین گەل و نەتەوەی تری جیهان هەیە و ئەمەش لەنزیکەی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە ئەو جۆرە قڕکردنە بۆ گروپە ئیتنیکی و نەتەوەیی و ئاینییە جۆراوجۆرەکان بە جینۆساید ناسرا و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە لەسەر ئاستی جیهان پێناسە و یاسا و ڕێسای بۆ دانرا، بەئامانجی بەربەستکردن و سزادانی تاکەکەس و دەوڵەتان و گروپگەلی ئەنجامدەری ئەو تاوانە قێزەونانەی جەنگ و جینۆساید و دژە مرۆڤایەتی، کە هەریەکەیان پێناسە و پێوەری خۆیان هەیە، بەڵام هێندە گرێدراوی یەکترن هەرسێکیان بەسەر کەیسێکدا دەسەپێت و جیاکردنەوەیان زەحمەت دەبێت.
جینۆسایدی کورد لە ڕیزی جووەکان و ئەرمەنەکاندا
هەڵبەت کە باس دێتە سەر ئەم تاوانانە ناوی کورد دەچێتە ڕیزی جینۆسایدەکانی ئەرمەن و جوو و ڕواندا و ڤێتنام و کەمبۆدیا و کۆسۆڤۆ و دارفور و دەیان وڵات و میللەتی ترەوە، بەو گەلە ڕەسەنانەی هەردوو کیشوەری ئەمریکاشەوە کە لە سەدەکانی هەژدەیەم و نۆزدەیەم و بەشێکی سەدەی بیستەمەوە بە دڕندەترین شێوە قڕکران و ئێستا کەم ناویان دێت و چوونەتە خانەی بیرچوونەوەوە.
من لە سۆنگەی گەلێک هۆکارەوە کورد بەم گەلە قڕکراوە دەشوبهێنم و لە گۆترەش ئەم قسەیە ناکەم، ئاشکرایە کەوا جووەکان چۆن وا زیاتر لە سێ چارەکە سەدەیە هۆلۆکۆستەکەی خۆیان بە باشترین شێوە بەکاردەهێنن و چییان لەسەر بنیاتناوە؟ چۆن خوێنی هیچکام لە قوربانییەکانی خۆیانیان ون نەکردووە و کارێکیشیان کردووە کە لە ئەدەبیاتی خۆیان و زۆربەی خەڵکی جیهانیشدا بە قارەمان ناوببرێن و هەر بەیاسای نێودەوڵەتییش کارێکیان کردووە کەس نەوێرێت بڵێ هۆلۆکۆست راست نییە (جگە لە هەندێک وڵات)، دەنا پەلکێشی دادگا دەکرێن.
هەر لە کۆمپیوتەرەکەتەوە بڕوانە، ئینستیتیوت و مۆزەخانەی یادەوەریی یاد ڤاشێم لە قودس و دەیان مۆزە و مۆنۆمێنتی هۆڵۆکۆست لە جیهاندا، سەرت سوڕدەمێنێ لەوەی کە چییان تێداکراوە! ئەرمەن و میللەتانی تری هاوشێوەی ئێمەش کەمیان نەکردووە لەم ڕووەوە، با سەرنجیشت بچێت بۆ ڕواندا، ئەو وڵاتە ئەفریقاییەی لەم ماوەیەدا زۆر ناوی دێت، وەک وەرگری ئەو پەنابەرانەی جیهان، بەکوردیشەوە، کە ڕوویان کردووەتە بەریتانیا و دەیەوێ بیانداتە ڕواندای ئابووریی بوژاوە و بەهێز.
دەزانی ڕواندا لەپاش جینۆسایدەکەی ١٩٩٤ لەنێوان ٨٠٠ هەزار تا ملیۆنێک خەڵکی نەتەوەی کەمینەی توتسیی تێدا کوژرا لەسەر دەستی نەتەوەی زۆرینەی هۆتۆ کە هەردوولایان هاونیشتمانیی هەمان وڵات بوون؟ ئەو وێرانکارییەی لە ئەنجامی ئەو کوشتوبڕەدا بەرپاکرا، کەموێنە بوو و داری بەسەر بەردییەوە نەما، لە وڵاتێکی بچووکدا کە ڕووبەرەکەی هاوشێوەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئێستا و پاش ٣٠ ساڵ بوە بە بووژاوەترین و بەهێزترین ئابووریی ئەفریقا و بە سەنگاپوورەی ئەفریقا و دوبەیی بچووک ناوی دێت، بەمەرجێک کە هیچ نەوت و کانزایەکی تێدا نییە و تەنها پشتی بە بووژاندنەوەی ژێرخانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بەستووە، سەرکردایەتییەکی باش و دژەگەندەڵی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات و گەیاندووێتییە ئەم ئاستە.
کارەکەیان بە زانستییانە و پلان ڕێکخستووە
مەسەلەی جینۆسایدەکەشیان لەسەر ئاستی دنیا ناسراوە و بە پلانێکی تۆکمە کار لەسەر ڕەهەندەکانی تیمارکردنی ئەو دەرد و برینانە دەکرێت کە لە کاولکاریی ئەو جینۆسایدە بەجێماوە و جیهانیش پێ بە پێ لەگەڵیاندا هاوکارە. دەبێت بپرسین بۆچی کارەکە لەوێ وا کەوتووەتەوە؟ لەبەرئەوەی زانستییانە و بەبەرنامەڕێژی کاریان کردووە و هەروا لەخۆوە نەبووە.
ئەمە تەنها دوو نموونەی سەرکەوتوو بوو کە من زۆر بەکورتی ئاماژەم پێکردن، دەنا چەندین نموونەی تری هاوشێوە هەن کەوا خەڵکی جینۆسایدکراو لە جیهاندا مامەڵەی جیاواز لە ئێمەیان کردووە و کەم تا زۆر دەرد و سوێی تاوان و ستەمیان لە خۆیان تەکاندووە و رێگەیان لە دووبارەبوونەوەی گرتووە. کەچی ئێمەی کورد و بەتایبەتی لەم بەشەی وڵاتەکەماندا مامەڵەیەکی سەیر دەکەین لەگەڵ سەرجەم ئەو دەرد و ستەمانەدا کە بە درێژایی مێژوو بە میرات بۆمان ماوەتەوە، بەتایبەتی لە مەسەلەی جینۆسایدکردنماندا.
ڕاگواستن و پاکتاوی ڕەگەزیی
ڕاستە لە عیراقێکدا دەژین کە لە نزیکەی ١٠٠ ساڵی دروستکردنیدا خۆشیمان نەبینیوە و ئیدارەدانی کەم و زۆر بەپێی بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهان و وڵاتانی ئیقلیمی بووە و هەر لە سەرەتای دروستکردنیشیەوە کاریگەریی ئایدیای ناسیۆنالیزمی عەرەبیی تێیدا باڵادەست بووە، بە سەردەمی پاشایەتییشەوە، کە هیچ کاتێک نەتەوە و کەمینەکانی تری غەیرە عەرەبی پێ قبووڵ نەبووە، بەتایبەتی کورد، هەمیشەش مامەڵەی لەگەڵ هەر ناڕەزایی و ڕاپەڕینێکدا بە ستەمکارانە و ئاگر و ئاسن بووە و بەشی خەڵکی ستەمدیدەی کورد بەردەوام کوشتن و ڕاوەدوونان و ڕاگواستن و سڕینەوەی نەتەوایەتیی بووە، تا دەگاتە ئایدیای نەتەوەیی پەڕگیری بەعس کە بە سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی و جینۆسایدی کورد شکاندییەوە.
سەرەڕای ئەو فێڵانەی لێمان دەکرا!
من دەمەوێ بەکورتی باسی ئەوە بکەم کە ئێمەی کورد لەم ٣٣ ساڵەدا کە تاڕادەیەک جڵەوی کار بەدەستی خۆمانەوەیە چۆن مامەڵەمان لەگەڵ مەسەلەی جینۆسایددا کردووە، کە ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ بەشێکی گرنگ و بەرچاوێتی. بەتایبەتیش کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕینی ڕژێمی بەعسەوە بووین بە فاکتەرێکی گرنگ و کاریگەری دووبارە دروستکردنەوە و بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتە و بەپێی پۆست بێت گەلێک جومگەی کاریگەری بەڕێوەبردنی وڵاتیشمان لەئەستۆگرت و دەمانتوانی گەلێک دەسکەوت بۆ خەڵک تێدا بەدیبێنین، ئەگەر بەدروستی مامەڵەمان بکردایە، ئەوا ئەو پارە زۆرەی کە لەپشکی هەرێمەوە هاتە دەستمان، سەرباری ئەو هەموو فێڵەش کە لێمان دەکرا و دواتریش ئەو داهاتە باشەی «ئابووریی سەربەخۆ!»، بێ لێپرسینەوە تەخشان و پەخشان دەکرا و خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە خەڵک بوو، نەک هەر خێریان لێ نەبینی، بەڵکو بوو بە تەوقی عەزازیل و چووە گەردنیان لەو هەموو قەرزەی کە هاتووەتە سەریان.
جا ئەگەر لە وێستگە و قۆناغە جیاجیاکانی ململانێماندا پشتگیریی خەڵکی خۆمانمان لەدەست نەدایە و لەجیاتیی بەرژەوەندیی باڵای میللەت بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی زاڵ نەکردایە و دەسەڵاتی کورد ئەو هەموو خەڵکە هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازەی لە دەوری خۆی کۆنەکردایەتەوە و بۆ خزمەتی ڕاستەقینەی خەڵک و وڵات ڕەفتاری بکردایە، ئەوا ئێستا کاروبار بەم پشێویی و بێسەروبەرییە نەدەکەوتەوە، کە زۆربەی بوارەکانی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن شکست بهێنێت و ئەم ئەزموونەش بخاتە بەردەم هەڕەشەوە.
لێرەوەیە کە دێینە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلەی جینۆسایددا و دەبینین هیچ ئامانجێکمان نەپێکاوە و تائێستا نەک دەرەوەی خۆمان لێمان بێئاگایە، بەڵکو خەڵکی خۆشمان خەریکە تەواوی نەهامەتییەکانی ڕابردووی خۆی لەبیردەچێتەوە و کارێک نەکراوە نەوەکانمان ئاگایان لەو هەموو مەینەتی و ستەمەی پێشتر بێت و ئەو گیانی بەرگرییەیان لەلا دروستکرابێت کە ڕێگەنەدەن جارێکیتر لێیان دووبارە ببێتەوە.
(٢)
بەشی دووەم و کۆتایی
کۆمەڵگە بە زەقی دابەشبووە بەسەر دوو چیندا، کەمینەیەکی دەوڵەمەندی مفتخۆر بە هاوبەشی لەگەڵ بەشێک لە توێژی دەسەڵاتدار، لە بەرانبەر زۆرینەی خەڵکدا کە لە ململانێی ژیانێکی سەختدان و هیچ ئاسۆیەکیان لێ دیارنییە و گرفتاری هەزار و یەک دەردی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی بوون.
لە دۆخێکی وادا دەبێ مامەڵەکردنت لەگەڵ مەسەلەی جینۆسایدی گەلەکەتدا چۆن بێت؟ گەلێک تائێستا مامەڵەی عەقڵییەتی بەعس و ئایدیای شکستخواردووی نەتەوەیی عەرەبیی لەگەڵدا بکرێت لەلایەن حوکمڕانانی نوێی مەزهەبییەوە و چەپۆکی دەستێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەردەوام بەسەرەوە بێت. تۆش وەکو کورد ئەمە حاڵی دەسەڵاتدارەکەت و خەڵکەکەت بێت، دەتوانیت چی بکەیت لەگەڵ کەیسی جینۆسایدەکەتدا؟ کوا ئەرشیف و مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی بۆ بەردەوامیی هێشتنەوەی یادەوەرییە تاڵ و پڕ لە ستەمەکان؟ کە ئەمە سەرەتاییترین و کەمترین ئەرکە جێبەجێت کردبێت، چەند ئێسک و پروسکی ئەو دەیان هەزار قوربانییەت لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێناوە و گواستووتەتەوە بۆ زێدی خۆیان، لەو نزیکەی سێ هەزار کەسە بترازێت؟ ئەی باشە بەرنامەت چییە بۆ پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە تۆ ناتوانی بە شێوەیەکی زانستی و بگرە نازانستییش دەریانبێنێت و رێگری بکەیت لە ونبوونی یەکجارەکییان و چاندنیان بە بەروبوومی کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە؟ یان بە هەر شێوەیەکی تر بووە دەستکاری و بزرکردنی؟ خەڵک خەریکە لەوە دڵنیابێت کە نە دەسەڵاتدارانی عیراق و نە هەرێم ناتوانن پشکنینی DNA بۆ ئەو هەموو ئێسکوپرووسکەی قوربانییان بکەن، چونکە ئەوە کارێكی تەواو زانستییە و ئەمان بۆیان ناکرێت یان نایانەوێ بیکەن و هەر ئەمڕۆ بە سبەی پێدەکەن.
شکۆیەک بۆ قوربانییان بهێڵنەوە
ئاخۆ تا ئێستا دامەزراوەکانی پەروەردە شتێکی ئەوتۆیان لای نەوەکان چاندووە کە چەردە زانیارییەکی تەنانەت کەمیشیان هەبێت لەسەر دەردی جینۆسایدی میللەتەکەیان تا بەو پێیە کاری لەسەربکەن لەگەڵ خۆیان و دەرەوەی خۆیاندا؟ چ شکۆیەکت بۆ قوربانیانی جینۆساید ڕەخساندووە؟ کوا قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان؟ کوا دادگاییکردنی تاوانباران؟ کوا خستنە سەرکاری نەوەی بەجێماوی قوربانییانی جینۆساید لەم دۆخەدا کە بە گەندەڵی و بێپلانی تەژیتان کردووە؟ دەکرێ پاش ئەم هەموو ساڵانە هەر بڵێی جا من چیبکەم ئەوە خەتای عیراقە؟
ساڵانێک لەمەوپێش هەندێک لە کەسانی ڕۆشنبیر ئەم خەمەیان لەکۆڵنا و چەندی پێیان کرا، بەپێی توانا و دەرفەت، وەک تاکەکەس کاریان لەسەر ئەم مەسەلەیە کرد و بەردەوامیشن. بەڵام کارەکەیان، کە لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان بوو، گەلێ جار لە ئاسنی ساردکوتان دەچوو، گوێیان لێ نەدەگیرا و بایەخیشیان بە ڕەنج و کۆششیان نەدەدا، بەڵام ئەمان چاوەڕێی خەڵات و بەراتی دەسەڵاتدار نەبوون و بەپێی توانایان بەشێکیان تا ئێستاش بەردەوامن.
کۆنفرانسەکانی جینۆساید و چەند سەرنجێک
لەم چەند ساڵەی دواییشدا بەشێک لە زانکۆکانی هەرێم خەریکی ئەو کارەن و هەندێک لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لێبڕاوانە مشوور دەخۆن و دەیانەوێ توێژینەوە لەو بوارەدا بکەن. بەشێکی بەرچاوی ئەم زانکۆیانە سەنتەری لێکۆڵینەوەیان دامەزراندووە و چالاکیی جۆراوجۆر دەکەن وەک کۆنفرانسی جینۆساید کە بەهیواین جێدەستیان دیار بێت و هاوشێوەی زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانی جیهان بتوانن توێژینەوەی کاریگەر و زانستی بکەن و ببنە ئامرازی گوشار بەسەر بڕیاربەدەستانەوە تا جددیتر لەم بوارەدا کار بکرێت و تەنها نەبێتە چاولێکەری و خۆنواندن و بزنسی بێئەرزشی کەسانێک بیانەوێت وەک بوارەکانی تر سواری کۆڵی ئەمیش ببن و هیچ ئەنجامێکیشی لێ شین نەبێت و بەدەردی یادکردنەوەکانی ١٤ / ٤ و ١٦ / ٣ نەچن کە ئەمڕۆ شینە و سبەی شایی. ئەگەر هەر بۆ تۆمارکردنی چالاکییەک بێت و بەدواداچوون بۆ مەبەستەکانی نەکرێت، ئەوا لە چالاکییەکی کاتیی بەولاوە هیچیتر نابێت.
بەشبەحاڵی خۆم ژمارەیەک کۆنفرانسی لەو جۆرەم بینیوە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و پانێڵ و بابەتیشم هەبووە تێیاندا و ڕەنگە بڵێم هەندێکیان لە سوود بەدەر نەبوون لە ناساندن و تاوتوێکردنی مەسەلەی جینۆسایدە کڵۆڵەکەماندا، بەڵام بەدڵنیاییەوە ژمارەیەکی بەرچاویان وەک پەشێوی شاعیر دەڵێت: «هەر کۆنفرانسی مۆز و سێوخواردن و کۆکردنەوەی عەشامات بووە و بە کۆتاییهاتنی ئەو چەند ڕۆژەی چالاکی یان کۆنفرانسەکە هەموو شتێک تەواوبووە و کەس بیری هیچی نەماوە. قوربانیی بەجێماوی جینۆسایدیش هەر باری گرانی خۆی بە کۆڵی خۆیەوە بووە».
با خۆمان و نەوەکانمان ڕووزەرد نەبین
من و تۆ لە وڵاتێکداین کەمترین پلان و بەڵێنێکی تێدا جێیبەجێکراوە، بۆیە ئەوەی کە دەشگوترێت، زۆربەی هەر وتاردان و خۆسوورکردنەوەیە و هیچی تر. تۆ هەر ئێستا بە چواردەوری خۆتدا بڕوانە، لە هەموو لایەکەوە میلیشیای چەکداری جۆراوجۆر تەنگیان پێهەڵچنیوین، زەویوزاری باوباپیرانمان لێ داگیر دەکەن و ناشهێڵن دەغڵودانەکەمانی تیا بدوورینەوە، هێشتا بڕیارەکانی جارانی «مەجلیسی قیادەی سەورە» بەرکەماڵن و کاریان پێدەکرێت، خۆشمان لە حاڵێکداین، کەس ئێرەییمان پێنابات. کەواتە بەچی دەچێت من بچم بۆ کۆنفرانس لە دەرەوە؟ لەکاتێکدا من خۆم ساڵانێکە وەک پێویست خەمم لێ نەخواردووە و بێباکیشم لە ئاستیدا و وەک میللەتانی هاودەردی خۆم دەستم نەبردووە بۆ ئەو میکانیزمەی کەوا مەسەلەکەمی پێ دەچێتە پێشەوە، چونکە من هیچ شتێکی نوێ ناڵێم ئەگەرنا با تەنها لە سووچێکەوە چاومان لەو هاودەردانە بکردایە، یان لەمەودواش بیکەین هەر نەچووە بچێت. لەکاتێکدا کەوا کارێکمان نەکردووە نەوەکانی دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵیشمان ئەوەندەی لێ تێگەیشتبن کە خۆمان و ئەوانیشی تێدا رووزەرد نەبین. بەچی دەچێت من زۆربەی فەرمانبەرانی وەزارەتێکی پەیوەندیدار پێش خۆم بدەم بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی جینۆساید لە وڵاتێكی ئەوروپیدا و خەرجێکی قەبەشم لەسەر بوەستێ، کەچی لەملاشەوە ئەو وەزارەتەم نەتوانێ کەمترین بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت بۆ هێنانەوەی ئێسکوپرووسکی قوربانییەکانم؟ ناشتوانم باسی پشکنینی (DNA) بکەم؟
خەمخواردن بە پڵاو و گۆشتەوە
یان تۆش وەک حکوومەت و زانکۆ و ڕێکخراو و بزنێسمان بێیت بۆ کۆنفرانسێکی جینۆسایدی کورد عەشاماتێک لە دەرەوەی وڵاتەوە بانگهێشت بکەیت بە کرێی بلیتی فڕۆکە و هۆتێل و پڵاو و گۆشتەوە، بێگومان هاوسۆزت دەبن و قسەی باشیشت بۆ دەکەن، بەڵام ئەمە لە خۆنواندنێکی بێسەمەر زیاتر چ سوودێک بە خەڵک و کەیسەکەمان ناگەیەنێت؟ خۆ لەمەوپێش تائێستا کەممان لەم جۆرە کۆنفرانسانە نەکردووە.
ئازیزان .. ئێمە خۆمان لە میللەتێکی گیانفیدا و هەزاران شەهید و قوربانییەوە، دەستەمۆ کراوین و کارێکیان بەسەرهێناوین کە گیانێکی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی ئەوتۆمان تێدا نەمێنێت و کێ مووچەمان بۆ دابینبکات دەستی بۆ بەسینگەوە بگرین، ئەوانەشمان کە سوودمەند و هەڵتۆقیون دەستیان بە کڵاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە گرتووە و هەموو کەیسی جینۆساید و ئەنفال و بێنازیی هەتیوان و بێوەژنانمان ناگۆڕنەوە بەو پارە مفتەی لە «وەبەرهێنانی» لای خۆمان و بەغداوە دەستیان دەکەوێت. کۆمەڵگەیەک لەوپەڕی گیانی شۆڕشگێڕیی ڕابردوویەوە بێتە سەر ئەم دۆخە و ئیرادەی نەخێری تێدا نەمابێت، هاوسۆزیی و بەزەیی ڕووکەشی دۆستەکانت چی دەگەیەنێت؟
ئەگەر گوێمان لێ بگیرێت!
ئێمە خۆمان دەردی خۆمان دەزانین و ئەقڵیشمان بە چارەسەرەکەی دەشکێت، ئەگەر گوێمان لێبگیرێت. لەگەڵ رێزماندا بۆ هەوڵ و کۆششی هەر کەسێک کە خەمی خەڵکە قوربانیدەرەکەی لەکۆڵ ناوە، بەڵام ڕەنگە وا باشتربێت زانکۆکانمان و ئەو سەنتەرانەی بۆ جینۆساید دایانمەزراندووە، کاری بەرچاویان ئەوەبێت کە خولی کورتخایەن و درێژخایەنی تێدا بکەنەوە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و کەسانێکی خوێندەواری دەرەوەی زانکۆش و تێیدا بەشداربن، بۆ گەیاندنی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە جینۆسایدی کورد و گەلانی تر.
دەکرێ مامۆستا پسپۆڕەکانی جینۆساید هەریەک لە بوارێکدا خۆبەخشانە موحازەرەی تێدا بڵێنەوە دوور لە ڕێسای هەقی موحازەرات وتنەوەی ئاسایی. بەمەش رۆشنبیرییەکی گشتی لەسەر جینۆساید دروست دەبێت و کەسانی دەرچووی ئەم خولانەش دەتوانن کاری هاوشێوە بکەن لە دەزگا و دامەزراوەی تردا ئەوکات دەتوانرێت تۆڕێکی خەڵکی خۆبەخش بۆ ئەم کارە دروست بکرێت و وردە وردە رۆشنبیریی گشتیمان لەم بوارەدا پەرەبسێنێت و شتی بەکەڵکتریشی لەسەر بنیات بنێین کە ئەمە خەرجییەکی کەمتری لە کۆنفرانسەکان تێدەچێت و لای زۆربەی میللەتانی جینۆسایدکراویش ئەم شێوازە پەیڕەو دەکرێت. جگە لەوەش دەکرێت دەزگای پەروەردە زانستیانە خەم لەم حاڵە بخۆن و چیتر مەسەلەکە کاڵ نابێتەوە و با چاوێک لە ئەرمەنەکان و ڕواندا و ئەوانیتر بکەین، ئەگەر نەڵێین هۆڵۆکۆستی جووەکان کە لە جیهاندا خۆیان بە هاوشانی کەس نازانن و ئەوەندەشیان کردووە کە هەق بەخۆیان بێت.