سیاسیشرۆڤه‌

چین وەک جەمسەرێکی جیهانی

لەسەر بانگهێشتی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر، ساڵی پار و ئەمساڵیش دەرفەتی سەردانیکردنم بۆ وڵاتی چین بۆ فەراهەم بوو، ئەو جیاوازییەی لە ڕووی پێشکەتنەوە لە نێوان ئەم دوو سەفەرەدا بینیم، جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە خەڵکی چین شەڕ لەگەڵ کات دەکەن و شەو و ڕۆژ کار دەکەن، وەک دەڵێن، ئاو ڕابوەستێت خەڵکی چین ڕاناوەستن، بۆیە لە ڕووی ژێرخان و سەرخانەوە موعجیزەیان خوڵقاندووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، چین وڵاتێکی هەژار و داخراوبوو، پاش کرانەوەی بە سەر جیهاندا، ئەمڕۆ چین یەکێکە لە زلهێزە ئابوورییەکانی دونیا و خواستی هەیە کە ببێتە یەکێک لە زلهێزە جیهانییەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەتا وەک جەمسەرێک لە جەمسەرەکانی دونیا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چین ئەم وەرچەرخانە وەها دەبینێت کە تەنها گەڕانەوەیە بۆ ئەو دۆخ و ئاڕاستەیەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان چین هەیبوو. لە مێژوودا چین بە چەنگگۆ Zhongguo (中国) ناسراوە، کە بە مانای پانتایی ناوەند یان بە شێوەیەکی فرەوانتر بە شانشینی ناوەند ناسراوە، بەڵام پاش هاتنی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی، چین ئەم پێگە ناوەندییەی لە دەستدا، ئەمڕۆ دەیەوێت بۆی بگەڕێتەوە.

 

پێشکەوتنی چین لە ماوەی (٣٠ـ٤٠) ساڵی ڕابردوودا، لە زۆر بواردا سەرسوڕهێنەرە، چین بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕایبگەیەنێت، دەیەوێت بە شێنەیی وەک جەمسەر و هێزێکی تازەی جیهانی خۆی بسەلمێنێت. ئەویش لە ڕێگای نمایشکردنی ژێرخان، سەرخان، تەکنەلۆژیا، بازاڕ، ئابووری، کاڵا و هێزی نەرم. لەم ڕێگەیەوە خەریکی ئەوەیە ببێت بە جەمسەرێکی پێشکەوتووی جیهان. بە جەمسەربوون بەلای چینییەکانەوە ئاوێتە و تێکەڵە بە پڕۆژەیەکی تر کە بە (ڕێگەی ئاوریشم) یان پشتێنە و ڕێگە  (Belt and Road initiative) ناسراوە.

 

ئامانجی سەرەکی دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگا بەلای چینییەکانەوە، پێکەوەبەستنەوەیە. بەڵام لە هەمانکاتدا گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کردنی چین بە پانتایی ناوەند. ڕێگا دروستکردن هەمیشە بەشێک بووە لە بونیادی ئمپراتۆریەتەکان. ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمی پێدەناسرێتەوە لە هەموو شتێکی تر زیاتر، دروستکردنی ڕێگایە. پشتێنە و ڕێگاش پرۆژەی ئامادەبوون و پەیوەستکردنی چینە بە دونیا و هەروەها دونیا بە چینەوە.

لەم ڕوانگەوە دەکرێت چەند ڕەهەندێکی جەمسەربوونی چین دەستنیشان بکەین:

 

١ـ چین بەهەمانشێوەی ڕووسیا دەیەوێت ڕابردوو و یادەوەری و سنور و کەلەپوورە سیاسی-فکرییەکەی لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بیر دونیا و گەلانی ناوچەکە بهێنێتەوە. سەرەتا نەخشەی کۆن بیر خەڵک دەهێنێتەوە کە دوێنێ چی بوویت و چۆن ژیاویت. بەیانی دەتەوێت ببیت بەچی و چۆن دەردەکەویت! ئەمە کڕۆکی داڕشتنی هێز و بەناوەندبوونە بۆ چین.

 

٢ـ لە هەناوی ئەم ستراتیژ و هێڵکارییەدا ناسیۆنالیزمی چینی ئامادەیە، بەڵام تێکەڵ بە چەپی چینی، وەک چۆن ڕووسیای پوتین هەندێک جار ئاماژە بە ڕووسیای قەیسەری دەکات بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەکە. چینیش هەوڵێکی وا دەدات لەڕێگەی ئیتنۆ-کۆمۆنیزمەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی سەروەری هیچ وڵاتێک ببەزێنێت و پشتیوانی گرووپی جوداخواز و کەمینەکان بکات. چونکە چین لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە و تۆڕێکی فرە پێکهاتەیە و پڕە لە ئەکتەری جیاواز و ئیتنیکی جوداخواز.

 

٣ـ چین لە ڕێگای تەکنەلۆژیا و ژێرخان و تۆڕێک لە ڕێگا و شاڕێگا و گواستنەوە، بیر لە بەیەکەوەبوون دەکاتەوە، بەجۆرێک لە داهاتوو بەئاسانی لەگەڵ جیهاندا بێت و ئاسان لەگەڵ جیهاندا بژی و دەستی بە هەموو بازاڕ و یەکەکان بگات، بەتایبەت ئەو دونیا ئابووری و فەرهەنگییەی کە دەکەوێتە نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی و دەریای ڕەش و قەزوین. سەرەتا چین دەیەوێت بگات بە پانتایی ناوچەکە و دواتریش لەوێوە بکشێت و بازنە جیۆسیاسییەکەی خۆی فرەوانتر بکات، لێرەوە ڕۆژهەڵات دەروازەیەکە بۆ گەیشتن بە جیهان.

 

٤ـ چین عەشقی هێزی نەرم و تیژە Soft and Sharp power و کاردەکات لەڕێگەی ئەم فۆڕمەی هێزەوە بکشێت و بێتە نێو جیهان و سیستمی سیاسی تازەوە (دوو جەمسەری یان فرە جەمسەری) بەتایبەت کەلتوور و فەرهەنگسازی، شێوەی ژیان، ژیری دەستکرد، چیپس و شێوەی کۆگاکردنی داتا و زمانی چینی. لە هەرێمی کوردستان سەنتەری فێربوونی زمانی چینی، بەشی چینی لە زانکۆکان و سەنتەری چینناسی ئامادە و کارایە و تەنانەت ڕێککەوتن لەگەڵ تیڤییەکی کوردیشدا کراوە بۆ پرسی درامای چینی و پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی وەک بەشێک لە هێزی نەرمی چینی. لەڕاستیدا فێربوونی زمانی چینی، ڕۆژانە لەهەڵکشاندایە و خواستی لەسەرە، ئەگەرچی چین لە هزری ئێمەدا لە ڕێگەی ئەم کاڵایەوە دەناسرێت کە لەسەری نووسراوە Made in China  بەڵام چین بەشێوەیەکی تر بیر دەکاتەوە و دەیەوێت ئەو وێنە ئابوورییە بگۆڕێت و لەڕێگەی فەرهەنگەوە خۆی نمایش و پێناسە بکاتەوە!

 

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دونیای ئێمە کەمێک دوورە لە چینەوە! دووری جوگرافی نا، دووری لە ناسین و تێگەیشتن، لە بیرکردنەوە و خەیاڵی سیاسی و جیۆسیاسی چین. ئەو وڵاتە لای ئێمە واناسراوە کە بەرهەمهێنەری کاڵای خراپ و لاواز و بێ ناوکە. دیارە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەم لەسەر ئەدەبیات و مەعریفە و مێژووی چین بە زمانی کوردی نووسراوە، چینناسی نەبووە بە مەیدانی کاری ئێمە، چینناسمان زۆر کەم و دەگمەنە.

 

بەکورتی، چین، ئەمڕۆ هێزێکە دەیەوێت ببێت بە ناوەند و جەمسەر و بڕیاردەر. ئەم ناوەندبوونە هانی دەدات گوتار، زمان، پڕۆژە و یەکەی جیۆستراتیژی تازە دابڕێژێت بۆ ئەوەی بگات بە زۆر شوێن و ناوچەی جیهان. بگات بە ئاسیای ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنورەکانی تر. ئامێری بنەڕەتی ئەم گەیشتن و باڵابوونە (پڕۆژەی ئاوریشم) یان (پشتێنە و ڕێگا)یە، بەتایبەت گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین، ئەم پڕۆژەیە زۆر دیاردە، ڕووداو و گۆڕانکاری گەورە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، سەرەکیترینیان بە جەمسەربوونی چین و فرەجەمسەربوونی جیهانە.

کارۆخ خۆشناو

نووسەر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...