
ماکرۆن، ئاماژەی بە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکە کردووە و دەڵێ: “دووپاتم لەسەر داواکارییە جێگیرەکەم کردەوە: سێسیل کۆلەر و ژاک پاریس دەبێت ئازاد بکرێن. دەستبەسەرکردنی نامرۆڤانەیان نادادپەروەرانەیە. چاوەڕێم بگەڕێنەوە بۆ فەڕەنسا”.
ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە، سێسیل کۆلەر (Cécile Kohler) و هاوژینەکەی ژاک پاریس (Jacques Paris)، دوو کەسایەتیی سەندیکایی و ئەکادیمین و لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٢ لە ئێران دەستگیرکران و تا ئێستاش لە زینداندان.
بەپێی حکوومەتی فەرەنسا و خێزانەکانیان، ئەوان بە ڤیزای گەشتیاری و بۆ بەسەربردنی پشووی جەژنی ئیستەر (Easter) سەردانی ئێرانیان کردبوو. بەڵام لەلایەن ئێرانەوە بە تۆمەتی “سیخوڕی” و “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران” تۆمەتبارکراون.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دیلە فەڕەنسییەکان “دان بەوەدا دەنێن” کە ئەوان ئەندامی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی فەرەنسا (DGSE)ن. لە بەرانبەردا حکوومەتی فەڕەنسا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم دانپێدانانەیان بە “زۆرەملێ” و “سیناریۆیەکی بێ بنەما” ناوبردووە.
سەرۆکی فەڕەنسا، هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “نیگەرانیی قووڵی خۆم دەربڕی سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران. لێرەشدا، هەڵوێستی من ڕوونە: ئێران نابێت هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، و لە ئەستۆی ئێرانە کە گەرەنتیی تەواو بدات کە نیازەکانی ئاشتییانەن”.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا دەڵێ: “من دڵنیام کە ڕێگەیەک هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و خۆلادان لە مەترسیی گەورەتر” و زیاتر دەڵێ: “بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ئێمە دانوستانەکان بە سەرۆکایەتیی فەڕەنسا و هاوبەشە ئەوروپییەکانی لەگەڵ ئێران خێراتر دەکەین”.
لەماوەی شەڕی ئیسرائیل- ئێرانەوە، ئەمە بە یەکەمین پەیوەندییە فەرمییەکانی سەرۆکی ئێران لەگەڵ سەرکردەیەکی باڵای ڕۆژئاوا دادەندرێت.


