هه‌واڵ

دەزگای ئاسایش هۆشداری بە چین و توێژەکانی سلێمانی دەدات

دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕاگەیەندراوەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، داوایش لە چین و توێژەکانی شارەکە دەکات پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن.

 

ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، هۆشدارییەکە بۆ ئەو خەڵکانەی دەیانەوێ خۆپیشاندان و یان هەر چالاکییەکی جەماوەری ساز بکەن.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، عەقید سەلام عەبدولخالق گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیدا: “دەزگای ئاسایشی هەرێم جەخت لە ڕاگەیەنراوی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی دەکاتەوە. هەروەها داوا لەهەموو چین و توێژەکان دەکات پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن لەپێناو سەلامەتی هەموو لایەک و سەقامگیری شارەکەمان”.

 

ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەکاتێکدا دێت، ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، بڕیاریانداوە سبەی پێنجشەم، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە پێنەدانی مووچە، لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان بکەن.

 

لە شەوی ڕابردووەوە تا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، کۆمەڵێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر کراون، لەناویاندا هەریەک لە دڵشاد میرانی و عوسمان گوڵپی. هاوکات ڕەوتی هەڵوێست ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ١٣ لە ئەندامانی ڕەتەکە لە بەردەم بارەگای حزبەکە لە شاری سلێمانی کردووە.

 

پێشتر لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی کردبوو، خۆپیشاندانەکەیان بۆ “کاتێکی گونجاو” دوابخەن و جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی جەماوەری.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button