هه‌واڵ

پارێزگاکانی دهۆک و کەرکووک بەدواداچوون بۆ هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان دەکەن

زێدپرێس

 

دوای ئەو کارەساتە گەورەیەی لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی شارۆچکەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای مووسڵ کەوتەوە، هەردوو پارێزگای دهۆک و کەرکووک لەڕێگای بەرگری شارستانییەوە، هەڵمەتی بەدواداچوون و پشکنین بۆ هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان دەست پێ دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان کردووە و جەختیان لەسەر کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێ لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری شارستانی پارێزگاکەوە کردووەتەوە، لەبارەی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و بۆنەکانی دیکە.

بەگوێرەی بەرگری شارستانی دهۆک، ڕێنماییەکان پێوەست بە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لەو هۆڵانەدا.

کارەساتە گەورەکەی حەمدانییە، کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕاندا، زیاتر لە ١٠٠ ئامادەبووی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری گیانیان لە دەستدا و پتر لە ٢٠٠ کەسی دیکە برینداربوون، ئەگەری ڕوودانی هەمان مەترسی لە شوێنەکانی دی دروستکردووە. لەکاتێکدا پێویست دەکات، مەرجەکانی سەلامەتی وەک بەشێک لە مەرجەکانی مۆڵەتدان بە کردنەوەی ئەو شوێنانە بسەپێنرێت، ڕاگەیەنراوەکەی بەرگری شارستانی دهۆک ئاماژەدانە بە نەبوونی چاودێری لەسەر ئەو هۆڵانە و هەروەها گومانکردن لە نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی تیایاندا.

بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکانی بەرگری شارستانی دهۆک، نابێت بە هیچ شێوەیەک یارییە ئاگرینەکان لە هۆڵی ئاهەنگگێڕان، هۆڵی شانۆگەری، هۆڵی هۆتێلەکان، یانەی شەوانە، باخچە تایبەتەکان و شوێنە گەشتیارییەکان هەبێت، هەر کەسێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی توندی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٨ی ئەیلوول، پارێزگاری کەرکووک بەڕێگای نووسراوێکی فەرمی، داوای لە بەرگری شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کردووە، بەدواداچوون لەسەر دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی لە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان لە سنوری پارێزگاکەدا بکەن.

بەگوێرەی بەرپرسانی حکوومەتی خۆجێی پارێزگای مووسڵ، ئەو هۆڵەی حەمدانییە کە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە تێیدا ڕوویدا، ڕێنماییەکانی سەلامەتی تێدا ڕەچاو نەکراوە و سیستەمی ئاگرکوژێنەوەیشی نەبووە، بەڵام ڕوونی ناکەنەوە، بەبێ مەرجەکانی سەلامەتی چۆن مۆڵەت بەدروستکردن و کردنەوەی هۆڵەکە دراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...