
ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بڕاندەکانی MG، Changan، Jetour پێشەنگی ئەو ئۆتۆمبێلە چینیانەن کە لەلایەن عێراقەوە هاوردە کراون.
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، عێراق ١٨ هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردووە، بەهای سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلە چینییانە ٦٣٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکاییە، ئەوەش بەرزبوونەوەیەکە بەڕێژەی ٣٠٪ بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، کە بەهای ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو ٤٩٠ ملیۆن دۆلار بووە.
ئەو بەرزبوونەوەیە، هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٥٨٤ هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هەناردەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە، ئەوەش بەرزبوونەوەیەکە بەڕێژەی ٦٥٪ بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، کە تەنیا ٣٥٣ هەزار ئۆتۆمبێلی چینی تێدا هاوردەکراوە.
ئامارە فەرمییەکان پیشانی دەدەن، کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، چین بە بەهای هەشت ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەلی بۆ عێراق هەناردە کردووە. لەناویاندا، ئۆتۆمبێل، ئامێری کارەبایی، بەرهەمی پیشەسازی، جلوبەرگ، کەلوپەلی پلاستیکی و ..هتد.
لەسەر ئەو بنەمایەش، بەهای ئۆتۆمبێلی هەناردەکراوی چین بۆ عێراق ڕێژەی ٧.٢٦٪ی کۆی بەهای هەناردەی چینی بۆ عێراق دەگرێتەوە.
هەرچی پەیوەندی بە هەناردەی عێراق بۆ چین هەبێت، هەناردەکە گرێدراوی نەوتی خاوە. لەو ماوەیەدا، عێراق بە بەهای ١٧ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار نەوتی هەناردەی چین کردووە، ئەوەش مانای وایە، کە بڕی هەناردەی عێراق بۆ چین، دوو بەرانبەری بڕی هەناردەی چین بووە بۆ عێراق.



