
میتافۆری تەختەی شەترەنج بۆ جیۆپۆلەتیک نوێ نییە، بەڵام ڕەنگە لەم سەردەمەدا کتێبەکەی زبێیگ یان Zbigniew Brzezinsk دیاریترین بەکاربردنی ئەم میتافۆرە بێت.
لە ناوچەکە، نەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو ئاسیای ناوەند و ئەوروپا و ڕووسیا و ئەمریکا، چەندین گەمە لە ئارادایە. لێرەدا باس لە گەمەیەکی فرە لایەنی ئاڵۆز دەکەین، ئەویش خۆی لە دابڕان و لاوازکردنی ئێران و ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنی ڕێسایەکی نوێ بۆ یاریکەرە نوێکان دەکەین.
کەواتە دوو گەمەی گەورە لە ئارادایە، ڕێگریی لە ڕووس و ئێران بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ئەو دوو یاریکەرە، کە هەتا ماوەیەک لەمەوپێش وەک دوو یاریکەری سەرەکی مامەڵە دەکران.
ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی، بە ئامادەبونی ترەمپ، ڕێککەوتنامەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا واژۆ کرا، کە ئەمریکا بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ لە لایەن کۆمپانیایەکەوە، سەرپەرشتی ئیدارەی داڵان یان تەنگەبەری زەنگەزور بکات.
ئەم ڕێککەوتنامەیە لە لایەن ئێرانەوە سەرکۆنە کرا. ئێرانییەکان، ڕێککەوتنامەکەیان بە هاوشێوەی هەنگاوەکانی زیلینیسکی چواند لە ئۆکرانیا. بەو مانایە هەردوو ئەرمینیا و ئازەربایجان، ئەمریکا و ناتۆ داوەت دەکەن بۆ سنوری ڕووسیا. ئەمە یەکێکە لە لێکدانەوە نیمچە ڕاستەکان، بۆ دۆخی ئۆکرانیا، کە زیاتر لە حیکایەتی ڕووسیاوە نزیکە بۆ جەنگەکە.
بەڵام ئێران، پاش جەنگی دوانزە ڕۆژە لە هەبوونی ئەمریکا لە سنوورەکەی، لەگەڵ بوونی ئامادەییەکی چڕی ئیسرائیل لە ئازەربایجان بە مەترسی لە قەڵەم دەدات.
دیارە جۆرجیا وڵاتێکی ترە کە دەکرێت بهێنرێتە ناو ئەم پڕۆسەیەوە.
ئێستا ئازەربایجان دژ بە ڕووسیایە، هەوڵدەدات هاوکاری ئۆکرانیا بکات و جێگرەوەی ڕووسیا بێت بۆ وزە بۆ ئەوروپا.
لە هەمانکاتدا وەک ڕۆژانی پێشوو بینیمان، ئەمریکا لە ڕێگای پارەی قەتەری و تورکیاوە هەوڵ دەدات کە گازی ئازەری بگاتە سووریا. لێرەدا هەردوو ئازەربایجان و سووریا لە هەمان گەمەدان بۆ لاوازکردنی ڕووسیا و ئێران. چونکە سووریا گۆڕەپانی ئێران و ڕووسیا بوو لە سەردەمی ئەسەددا.
لێرەوە ئاسیای ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بە پشتیوانی ئەمریکا بەیەکەوە دەبەسترێت لە بەرانبەر ڕووسیا و ئێران و چیندا.
گرنگی ئازەربایجان لە چەند ڕوویەکەوەیە؛ یەکەم، خاوەن سامانی زۆری نەوتە، بیستەمینە لە دونیادا، بەڵام بە ئاسانی ناگاتە بازاڕ. ئەمە ڕەنگە هێندە گرنگ نەبێت بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام بێگومان ئاسانکارە. دووەم، پێگەی ئازەربایجان کە زبیگناو، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک کارتەر وەک ئەو پارچە تەختەی دەبینێت لە ملی بوتڵێکدایە ئەگەر پێیدا تێپەڕیت دەگەیتە بوتلەکە کە بریتییە لە دەریای قەزوین و ئاسیای ناوەند. لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە لە ناوەندی ڕووسیا و چین و ئێراندایە. سێیەم، ئەم ناوچەیە پڕیەتی کانەکانی کانزا دەگمەنەکان کە پێداویستی بنەڕەتی ژیریی دەستکردن، کە پانتایی سەرەکی شەڕی زلهێزەکانە لە دنیادا و ئێستا خاڵی لاوازی ڕۆژئاوایە بەرانبەر چین.
لەم ڕووەوە ئازەربایجان گرنگە، بۆیە نابێت لە ڕوانگەی ڕووداوی ڕۆژانەوە لە ڕۆڵ و کاریگەری بنواڕین.
کە دێتە سەر بەرەی ڕۆژئاوا، ئەوانیش لە کاتێکدا لە بەرانبەر بەرەکەی تردا، وەک بەرەیەک کار دەکەن، بەڵام لە هەناو خۆیاندا نەیاری ڕکەبەرییان زۆرە. لێرە باس لە دوو گرژی دەکەم. یەکەم لە نێوان فەرەنسا و تورکیا.
فەرەنسا و تورکیا دوو هێزی هاوتوانان، هەردوو هێزی مامناوەندن، لە دەریای سپیدا پانتایی قەڵەمڕەوییان بەریەک دەکەوێت. بەڵام لە دوای کەوتنی ئەسەد، سووریا بوە بە پانتایی ململانێیان. دیارە وەک دەزانن، ئەحمەد شەرع لە ٢٠٢٠ەوە هاوکاری دەزگا سیخوڕییەکانی تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل بووە. هاتنی ئەو بۆ سەر دەسەڵات پێگەی مێژوویی فەرەنسای لاواز کرد لە سووریا. لە بەرانبەردا فەرەنسا هەوڵدەدات جڵەوی پرسی فەڵەستین بگرێتە دەست لەگەڵ پرسی کورددا.
ئەم واقیعە هۆکاری بەشداریی نەکردنی حکوومەتی سوورییە لە دانیشتنەکانی پاریسدا. بە دیدی تورکەکان فەرەنسا دۆستی کوردە، هەروەها تورک نیگەرانن کە بە ڕاستەوخۆ بەشێک نین لەو دانوستانانە. بۆیە ڕێگریی دەکەن و پێشنیاری جێگایەکی تر دەکەن، لە نێویاندا ناوی عەمانی پایتەختی ئوردون هاتووە.
دووەم گرژی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیادایە. ئەم گرژییە لە سەر جۆری داڕشتنی دەوڵەتی سووریی و زۆر هۆکاری ترە. هەردوو گرژییەکە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لە سەر کورد هەیە.
دوا گەمەی سەر تەختەی شەترنجەکە باس لە ڕۆڵی چین دەکەم. لە هەردوو ئازەربایجان و سووریا چین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئامادەیە. لە ئازەربایجاندا، هەوڵدەدرێت بەربەست بۆ کۆریدۆری ناوەند دروست بکرێت کە چین بە ئەوروپاوە دەبەستێت، ئەمە بەشێکە لە گەمەی چین بۆ بوونی بە هێزێکی وشکانی، لە بەرانبەر زاڵبونی ئەمریکا بە سەر دەریادا.
کە دێتە سەر سووریا، ئیدارەی تەرمپ لە هەوڵی ئەوەدایە کە مانگی داهاتوو ئەحمەد شەرع داوەت بکات بۆ نیویۆرک هەتا لە کۆبوونەوەی نەتەوەی یەکگرتووەکان وەک سەرۆکی سووریا وتار بدات. چین، وەک ئەندامی هەمیشەیی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، دژ بەم هەوڵەیە و مەرجی هەیە بە تایبەت لە پەیوەست بە ڕۆڵی ئیگورەکان لە سوپای سوورییدا. ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بەیاننامەیەک دەربارەی سووریا بڵاو دەکاتەوە کە دانیمارک داڕێژەریەتی، دژ بە هێرشەکانی سەر دروزەکان.
لێرەدا دەبینن گەمەکانی چۆن ئاستی جیاوازییان هەیە و خەڵکەکان و خواست و پرسەکانیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.




