پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، “ئەم گرژی و پێکدادانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج”.
پەیامەکەی مەسرور بارزانی، دوای ئەوە دێت، لە ئێوارەی ڕۆژی پێشترەوە، جموجۆڵی ئەمنی لە سلێمانی دەستی پێکردووە و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆیشەوە، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە باڵەخانەی لالەزار دەستی پێکردووە. دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان داوای خۆڕادەستکردنی لاهوور شێخ جەنگییان کرد و ئەویش ئامادە نەبوو خۆی ڕادەست بکات و بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی دا.
سەرۆکی حکوومەت لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “پێویستە هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن و دەستبەجێ ئەو پێکدادانانە ڕابگیرێت و گەنجانی ئەم وڵاتە نەکرێنە قوربانی، هەر کێشە و ناکوکییەکیش هەبێت پێویستە بە رێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت”.
زیاتر دەڵێ: “لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە هەوڵداندام بۆ ئەوەی کۆتایی بەم گرژییانە بهێنرێت و ڕێگە لە خوێنڕشتن و توندوتیژی بگیرێت”.



