هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: ناکرێت چیتر مافەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل بکرێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە ناکرێت چیتر مافەکانی پێشێل بکرێت کە لە دەستووردا زۆر بە ڕوونی دانیان پێدا نراوە”.

 

ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی “گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدرڕاڵی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) کرا”.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە “هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە ناکرێت چیتر مافەکانی پێشێل بکرێت کە لە دەستووردا زۆر بە ڕوونی دانیان پێدا نراوە”.

باڵیۆزی ئەمریکا “پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە ڕێگەی گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستوور دەربڕی” .

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە “ئێمە دوو ساڵە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین و ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردنێکی یاسایی و شەرعی و دەستوورین کە لە هەلومەرجێکی ڕەوا و پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت”.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنن .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...