ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ئەمڕۆ ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥، مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەڵێ: “ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی، کە بەداخەوە چەندین قوربانی لێکەوتەوە، بوونە هۆی نیگەرانی خەڵکی سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان”.
زیاتر هاتووە: “هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێ: “پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت، هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەری خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت بەباش نازانین”.
زیاتر دەڵێ: “لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵک تێدەگەین و، لە پێناو هەرێمەکەمان و ئارامی دەروونی هاووڵاتییانی هێژا، داوامان لە هەموو لایەک ئەوەیە دانبەخۆیان دابگرن و پارێزگاری لە سەروەری یاسا و دامەزراوەکان بکەن و، هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە ڕابگیرێت”.



