
ڕۆژی دووشەم ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥ کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە ژمارەیەک گەورەکۆمپانیای چینی کرد کە بەمەبەستی “وەرگرتنی هاوکاری و پشتیوانی حکوومەتی هەرێم و وەزارەت بۆ چەند پڕۆژەیەک” سەردانی وەزارەتەکەیان کردبوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، شاندی کۆمپانیا چینییەکان لە بواری وزەی خۆر کاریان کردووە و لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئاستی پیشەسازی هەرێم کراوە؛ “ستافی وەزارەت ڕوونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی حکوومەت بۆ بازرگانی و پیشەسازی خستەڕوو”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.
هەر بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، نوێنەرانی کۆمپانیاکان باسیان لە پڕۆژە و کارەکانی خۆیان کردووە و بەرنامەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو کەوا بەنیازن “کوردستان وەک سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی چینی بە ڕووی وڵاتانی ناوچەکە بەکاربخەن”.
زیاتر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کۆمپانیا چینییەکان دەیانەوێت “لە ڕێگەی کردنەوەی کۆمەڵگەیەکی پیشەسازییەوە پڕۆژەکانی خۆیان بهێننە کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوکاری و کارئاسانیان لە وەزارەت و حکوومەتی هەرێم کردووە”.
ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ: وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەگرنگییەوە ڕوانییە پێشنیاز و پڕۆژەکانیان و گوتی: “بەدڵنیاییەوە بەرنامەی حکوومەتی هەرێم و پلانی ستراتیژی وەزارەت، بەهەموو شێوەیەک هاوکارە و ئاسانکاری زۆر تێدایە بۆ هەر بازرگان و کۆمپانیا و تیمێکی وڵاتان کە بیانەوێ بەشداری پڕۆسەی پێشخستنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بکەن”.