هه‌واڵ

سەرکردایەتی کۆمەڵ: بەرپرسیارێتی کەمبوونەوەی دەنگەکانمان لە ئەستۆ دەگرین

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسیارێتی کەمبوونەوەی دەنگەکانیان لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئەستۆ دەگرن و نەخشەی چاوبەخۆداگێڕنەوە دادەڕێژن.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی حزبەكە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ” هەڵسەنگاندنێكی ورد و هەمەلایەنەی بۆ ئەنجام و دەرئەنجامەكانی دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرد”.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

 

یەكەم: ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەری سوپاسی ئەندامان و دەنگدەرانی دەكات كە پشتیوانیی كۆمەڵ و كاندیدەكانی بوون و هەوڵی شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەك و ئەوەندەی لە توانایاندا بوو ئەنجامیان دا.

دووەم: ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست هات لە ئاست چاوەڕوانیی ئەندامان و دڵسۆزانی كۆمەڵ نەبوو، بەراورد بە ڕابردوو دەنگەكانی كۆمەڵ پاشەكشەی كردووە. ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەرپرسیارێتیی و ئۆباڵی ئەنجامەكان دەخاتە ئەستۆی خۆی و، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت.

سێیەم: كۆمەڵی دادگەری بەم دواییانە كۆنگرەی گرێ داوە و هێشتا تەشكیلاتی ئۆرگانەكانی نەكردووە، هەر بۆیە تەشكیل كردن و ڕێكخستنەوەی مەڵبەند و مەكتەب و ئۆرگانەكان بەپێی هەلومەرجی گونجاو بە هەنگاوی یەكەمی خۆڕێكخستنەوە دەزانێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەركردایەتی لیژنەیەكی ڕاسپارد دەست بە تەشكیلاتی ئۆرگانەكان بكەن.

چوارەم: پشتیوان بە خودا و بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە و پلانی گونجاو كۆمەڵ نەخشەی چاوبەخۆداگێڕانەوە دادەڕێژێت، بە شێوەیەك گوڕوتینی زیاتر بداتەوە بە ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی.

پێنجەم: تایبەت بە نوێنەرەكەی كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، بێگومان وەك هەمیشە لە خەمی بیروباوەڕ و مافی خەڵك و بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا دەبێت. هەروەها ئەنجوومەنی سەركردایەتی ڕایسپارد كە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە براوەكانی دەرەوەی دەسەڵات بكات بۆ كاری هاوبەش و پێكەوەیی.

 

لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، تەنیا لە بازنەی سلێمانی کورسییەکی بەدەستهێنا و لە هیچ کام لە بازنەکانی دیکەی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان، پێ کۆنەکرایەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button