هه‌واڵ

ڤیڤیان سیلڤەر لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە ڕفێندراوە

زێدپرێس

 

“ئێرە بەتەواوی نوقمی ئاژاوە بووە، تیرۆرستەکان هاتوونەتە ناوەوەی کۆمەڵگەی بێری. دەنگی گولە و هاوارکردن ئێرەی تەنیوە.” ئەوە دوانامەی ڤیڤیان سیلڤەرە، کە چالاکێکی ئاشتییە و لە کۆمەڵگەیەکی سەر سنووری کەرتی غەزە دەژیا بەرلەوەی دیار نەمێنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە یەکەم ڕۆژی هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، ڤیڤیان سیلڤەر، کە دەیان ساڵە ژیانی خۆی بۆ یارمەتیدانی فەڵەستینییەکان تەرخانکردووە، بێسەروشوێنە و ئەگەرێک هەیە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە ڕفێندرابێت بۆ غەززە.

ڤیڤیان سیلڤەری ٧٤ ساڵان، ژیانی خۆی بۆ باشترکردنی دۆخی نالەباری فەڵەستینییەکان تەرخانکردبوو، بەتایبەت بە گواستنەوەی نەخۆشانی غەززە بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە ئیسڕائیل، هەروەها نزیکەی ٥٠ ساڵیشە بە بەردەوامی کاری کردووە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هاوبەش لە نێوان جووەکان و عەرەبەکاندا.

سیلڤەر لەنێو ئەو کەسانەدایە، کە گومان دەکرێت لە شوێنی خۆیدا کوژرابێت یان لەلایەن چەکدارەکانەوە ڕفێنرابێت بۆ غەززە.

عەزیز ئەبو سارا، ئەمریکییەکی بە بنەچە فەڵەستنیی، بە ئێن بی سی نیوزی ڕاگەیاندووە، “سەبارەت بە ڤیڤیان قسەم لەگەڵ فەڵەستینییەکان کردووە، هەست بە دڵتەنگییەکی زۆر دەکەن، وەک ئەوەی ئەندامێکی خێزانەکەیان ڕفێندرابێت”.

ئەبو سارا زیاتر دەڵێ “هیوادارم ئەو کەسانەی ڕفاندوویانە، لەوە تێبگەن، ئەو کێیە و چ کەسێکی جوانە”.

لە کاتێکدا ئەبو سارا و هاوڕێ و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی نازانن بەڕاستی چی بەسەر سیلڤەردا هاتووە، بەڵام نەبوونی هەواڵ وایان لێدەکات باوەڕیان بەوە هەبێت کە ئەو لەنێو دیلەکانی ئیسڕائیلدایە لە غەززە.

کوڕەکەی، یۆناتان زایگن، بە ڕۆژنامەی گڵۆب و مەیلی کەنەدای ڕاگەیاندووە، تا ئێستا زانیارییەکیان لەسەر ئەوە نییە لەناو کوژراوەکاندا بێت و ئەگەری زیاتر هەیە، کە لە ڕیزی بە بارمتەگیراوەکاندا بۆ غەززە بردرابێت.

ڕۆژی سێشەم، زایگن بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ڕاگەیاندووە، هێشتا دەسەڵاتداران خەریکی پاککردنەوەی کیبووتسی بێرین لە تەقەمەنی و هێشتا هیچ هەواڵێکی لەبارەی دایکییەوە نەبیستووە.

گێرشۆن باسکین، چالاکێکی مەدەنی، کە یارمەتیدەری دانوستانەکانی ئازادکردنی گیلاد شەلیت بوو، ئەو سەربازە ئیسڕائیلییەی حەماس لە ساڵی ٢٠٠٦ بە دیلی گرت و دوای پێنج ساڵ ئازاد کرا، زیاتر لە ٣٠ ساڵە سیلڤەر دەناسێت.

لە پەیامێکدا بۆ کەناڵی ئێن بی سی نیوز ئاماژەی داوە، کە سیلڤەر هاوڕێی زۆری لە غەززە و ئیسڕائیل هەیە و دڵنیایە ئەوان دەیانەوێت بە سەلامەتی بگەڕێندرێتەوە بۆ لای خێزانەکەی. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمە کارەساتێکی گەورەیە بۆ خێزانەکەی و بۆ هەموومان. دڵنیام کە ئەو لەوێ دەبێت بۆ یارمەتیدانی زیاتر لە ١٠٠ بارمتەگیراوەکەی دیکە، گومانم نییە کە دەستگیرکەرەکانی ڕێزێکی زۆریان بۆی دەبێت”.

 

سیلڤەر کە لە شاری وینیپێگ لەدایکبووە و گەورە بووە، لە ساڵی ١٩٧٤ ڕووی لە ئیسڕائیل کردووە.

سەرەتا لە ڕێکخراوێکی قازانج-نەویستی تایبەت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری کاری کردووە. دوای چەند ساڵێک و لە ساڵی ١٩٩٨ بووەتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگای نەگێڤ بۆ ستراتیژییەکانی ئاشتی و گەشەپێدان، لەوێ دەستپێشخەرییەکی بۆ ڕاهێنان و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی عەرەبی کۆچەری دەستپێکرد.

ئەو و هاوبەشە عەرەبەکەی لەم چالاکییەدا، ئەمەل ئێلسانا ئەلحجوج، خەڵاتی ئاشتی ڤیکتۆر جەی گۆڵدبێرگیان لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن پەیمانگای پەروەردەی نێودەوڵەتی نیویۆرکەوە پێبەخشرا. دادوەرەکان ستایشی هەوڵەکانیان بۆ “پێشخستنی ئاشتی و گەشەپێدان لەناو کۆمەڵگەدا” کرد.

لە پۆستێکی ساڵی ٢٠١٨دا نووسیویەتی: “دان بەوەدا دەنێم کە دوای ٤٠ ساڵ لە چالاکیی ئاشتی، سەرەڕای ئەوەی بە شانازییەوە ئەندامێکی چەپ بووم، باڵەکە سەرکەوتوو نەبوو لە گەیشتن بە ئامانجەکەی، کە کۆتاییهێنان بە ململانێی ئیسڕائیل و فەڵەستین بوو. بڕیارمدا چیتر هەمان شت نەکەمەوە، دەبێت ڕێگەیەکی دیکە بدۆزمەوە.”

سیلڤەر بوو بە سەرکردەی ڕێکخراوی ئاشتیی ژنان، کە لە هەزاران ژنی عەرەب و جوو پێکهاتووە و بەدوای چارەسەرکردنی کێشەی ئیسڕائیل و فەڵەستیندا دەگەڕێن.

سیلڤەر، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرد، لە فەڵەستین، هاوشێوەی ئیسڕائیل، خەڵکانی زۆر هەن، کە تامەزرۆی ئاشتیین و دەیگوت “ئەو بانگەشەیە توڕەم دەکات، کە دەڵێ: ئێمە هیچ هاوبەشێکمان لە دیوەکەی تردا نییە! من زۆرێک لە فەڵەستینییەکان دەناسم کە تامەزرۆبوونیان بۆ ئاشتی، لە ئێمە کەمتر نییە.”

چالاکییەکانی سیلڤەر لە سەرکردایەتیکردنی ڕێپێوان و گردبوونەوەکان تێپەڕیوە. هاوڕێکانی دەڵێن جگە لە گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل بۆ چارەسەری شێرپەنجە، گەشتێکی بۆ سنوورەکانیش کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئەو کرێکارە عەرەبانەی کە لە کیبووتسەکەیدا کاریان دەکرد، مووچە وەردەگرن لەو ماوانەی کە ڕێگرییان لێکرابوو بچنە ناو ئیسڕائیلەوە.

جۆن لیندۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هاوپەیمانی بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تۆڕێکە زیاتر لە ١٦٠ ڕێکخراوی ئیسرائیلی-فەڵەستینی تێدایە و خەریکی بنیادنانی ئاشتییە، گوتی، ئەوانەی کار بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی دەکەن لە ئیسڕائیل، سیلڤەر وەک “مۆدێلێک لە فەزاکەماندا” دەبینن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەگەر لە باکووری تەلئەبیب بژیت، ئاسانە چەپ بیت و لایەنگری ئاشتی بیت. بەڵام ئەو لە سنووری غەززە دەژی، لە سەختترین شوێن بۆ ئیسڕائیلییەکان، کە ناتوانیت لە واقیعی ململانێکان ڕزگارت بێت”.

سێ ڕۆژ پێش هێرشی حەماس، سیلڤەر سەرکردایەتی گردبوونەوەیەکی کرد لە قودس کە هەزاران ژن – جوو و عەرەب، سێکۆلار و ئایینی – شان بە شان ڕێپێوانیان کرد. هەروەها کەسایەتییە باڵاکانی ئیسڕائیل، فینلەندا و ئێرلەندا بەشدارییان کردووە.

بڕاون، ئەو هاوڕێیەی کۆتا نامەی سیلڤەری پێگەیشت گوتی دواجار کە یەکیانبینی، سیلڤەر پێی گوتبوو بێت بۆ کیبووتسەکەی، کە زۆر ئارامە. گوتیشی، “خۆشحاڵم چوارشەمی ڕابردوو لە باوەشم گرت، هیواداریشم ئەوە کۆتا باوەشمان نەبێت.”

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...