هه‌واڵ
ئاراستەکان

محەمەدی حاجی مەحموود هۆشداری لە دۆخی ناوچەکە دەدات

محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕەخنەی توندی لە پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان گرت و ڕایگەیاند کە پێویستە ئەم دامەزراوەیە بە زووترین کات کارا بکرێتەوە. ئەم گوتانەی ناوبراو لە چوارچێوەی گوتارێکدا هات کە ئەمڕۆ شەممە، ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە چوارەمین دیداری گوڵەخانەدا پێشکەشی کرد.

 

محەممەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەی دوو ساڵ و چەند ڕۆژێکە پەرلەمانی کوردستان پەکیکەوتووە، لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا دەتوانرا دەیان یاسا لە بەرژەوەندیی خەڵک دەربکرێن، یاساکانی بەغدا کە دژی هەرێمن هەڵبوەشێنرێنەوە و چەندین یاسای تریش هەموار بکرێنەوە. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پێویستییەکی حەتمییە.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست هۆشداری دایە لایەنەکان و گوتی: “لە ناوچەکەدا هەموو لایەک خۆی بۆ شەڕ ئامادە کردووە و کەس بەلای ئاشتیدا ناچێت”. ناوبراو داوای لە حکومەتی هەرێم و سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد پێکەوە کار بکەن و بە ژیرییەوە وڵات لە ململانێ نەخوازراوەکان بپارێزن، چونکە بە گوتەی ئەو، پێویستە کورد خۆی لە هەر شەڕێک بەدوور بگرێت کە پێوەندیی بە دۆزی ئەوەوە نییە.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، محەمەد حاجی مەحموود داوای یەکگرتوویی و یەکبۆچوونی نەتەوەیی کرد و گەشبینیی خۆی نیشان دا کە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان لایەنەکاندا نییە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەو هیوایەی هەمووان پێکەوە بەرەو ئاوەدانکردنەوەی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو بنێن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button