ئابووریهه‌واڵ

حکومەتی هەرێم: ساڵی ٢٠٢٥دا بە بڕی ١٨٢ ملیار دینار باری دارایی هاووڵاتییان لە کەرتی تەندروستیدا سووک کراوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ستراتیژی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی گشتی، لە ساڵی ٢٠٢٥دا پڕۆژەیەکی بەرفراوانی دارایی و خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییان کردووە، کە تێیدا تەنیا لە ڕێگەی نەشتەرگەرییە گشتی و فریاکەوتنەکانەوە، باری دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان بە بڕی ١٨٢ ملیار و ٣٣ ملیۆن دینار کەم کردووەتەوە.

 

بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڵاوکراونەتەوە، حکومەتی هەرێم ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی ١٦٧ دۆلار وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکات، ئەمەش نەخۆشخانە حکومییەکانی کردووەتە چەترێکی پارێزەری دارایی بۆ خێزانەکان.

 

گرنگترین ئەو خزمەتگوزاری و پاڵپشتییە داراییانەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا پێشکەش کراون بریتین لە:

چارەسەری نەخۆشییە قورسەکان: تێچووی چارەسەری نەخۆشییە قورسەکانی وەک شێرپەنجە، کە بۆ هەر نەخۆشێک لە نێوان ١٨٠,٠٠٠ بۆ ٢٠٠,٠٠٠ دۆلاردایە، بەتەواوی لەسەر ئەستۆی حکومەت بووە.

نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شێرپەنجەی مەمک: زیاتر لە نیو ملیۆن پشکنینی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و نزیکەی ٥٠ هەزار پشکنینی شێرپەنجەی مەمک بە بێبەرامبەر ئەنجامدراون.

شووشتنی گورچیلە: لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییە خۆڕاییەکاندا، ١٣٨ هەزار پرۆسەی شووشتنی گورچیلە بۆ هاووڵاتییان بەڕێوەچووە.

بەگوێرەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەم پێشکەوتنانە نیشاندەری بەردەوامیی پاڵپشتییە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ کەرتی تەندروستی بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button