هه‌واڵ

لە وەزیری دارایی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم

زێدپرێس

 

وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق، دەڵێ، ئەگەر شاندی هەرێم بچنە بەغدا و نووسراوەکان دروست بن، کێشەی ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە چارەسەر دەبێت و وەزیرێکی کوردیش لە عێراق، دەڵێ، کێشەی ناردنی پارەکە تەکنیکییە و ٧٠٠ ملیارەکە دەنێردرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کێشەی هەرە سەرەکی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ئەمجارە ئەوەیە کە دوو سیستەمی جیاواز هەیە لە هەژمارکردن، “لەوانەیە هەردوولا هەوڵی ئەوە بدەن هەردوو سیستەم لەگەڵ یەک بگونجێنن” ڕێکانی وای گوت.

ئاماژەیدا، “ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق قسەم کردووە، بەڵێنمان وەرگرتووە و گوتوویانە، ئەگەر سبەی شاندی هەرێم بێتە بەغدا و نوسراوەکان دروست بن، ئەوە کێشەکە تەواو دەبێت”.

ڕێكانی، زیاتر گوتی “کەشەکە ئەرێنییە لەلای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حکوومەتیش، کێشەکە تەکنییکییە، بەدڵنییایەوە ٧٠٠ ملیارەکەش دێت”.

ئەو لێدوانە، لەکاتێکدا دێت، کە هەر دوێنێ شەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەم، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، باسی لەوە کرد، کە لایەنی عێراقی، بە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان و قسەوباسی کۆبوونەوەکان، پابەندبوونە بە ناردنی ٧٠٠ ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کە دەبوو هەفتەی ڕابردوو بخرابووایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمەوە.

گوتەبێژەکە، زیاتر گوتی “هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامیبدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێدەنگ بین”.

گوتەبێژەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم هەفتەیە، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچنەوە بەغدا و دەیانەوێت بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لەوبارەیەوە بدرێت، ئەوە لەکاتێکدا کە بڕیارە ڕۆژی سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، قسەکردن و یەکلاکردنەوەی پرسی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بێت بۆ هەرێمی کوردستان.

پێشتر، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بوو، کە تا کۆتایی ئەمساڵ، مانگانە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بەشێوەی قەرز و لەڕێگەی چەند بانکێکەوە بە هەرێمی کوردستان بدرێت، بەمەبەستی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش زیاتر لە جارێک دووپاتی کردووەتەوە، کە تا کۆتایی ساڵ ناردنی پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و لە کۆتایی ساڵدا پاکتاوی دارایی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا دەکرێت، بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە هەرێم چەندی وەرگرتووە و شایستە داراییەکانی خۆیشی چەندن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...