هه‌واڵ

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

زێدپرێس

 

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌م ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ڕاگه‌یاندراوێکی له‌باره‌ی مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌ک بڵاوکردەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، پاش تەواوبوونی ماوەی تۆمارکردنی چەک، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمارنەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، ماوەی دوو مانگیان لەبەردەستە، بۆ داواکردنی مۆڵەت تا لە سزا ببوردرێن.

وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژە بەوەش دەکات، دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێمۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ دەستبەسەرکردنی هەر پارچە چەکێکی بێمۆڵەت، هەڵگرەکەی بەگوێرەی ماددەی ١٥ لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە ڕێی کردنەوەی ٩٠ بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، بنکەکانی پۆلیس زیاتر لە ١٧ هەزار چەکی هاووڵاتیانیان تۆمار کردووە و پسپولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە ٢٢ی تەموزی ٢٠٢٣، یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمارنەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی ١٢، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێمۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.

لە دەقی بڕگەی یەکەم لە ماددەی ١٢ی یاسای چەک هاتووە:

“هەر کەسێک لە ماوەی (٦٠) شەست ڕۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت، و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات”

لە ئێستادا هاووڵاتیان، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەکیان نیە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ دەستداری یان بۆ هەڵگرتنی چەک بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.

لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری یان مۆڵەتی چەک هەڵگرتن، تا وەڵامی داواکارییەکەی دەگرێتەوە، چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاغی لەگەڵ ناکرێت.

بۆ زانیاری هاووڵاتیان، بە گوێرەی ماددەی (٤) بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، هاووڵاتیان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەت داواکاری پێشکەش بکەن:

یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو هاووڵاتیە داوا دەکات کە مۆڵەت وەرگرێت چەکێکی ئاگرینی هەبێت لە ماڵەوە (کلاشینکۆف یان دەمانچە یان هەردووکی) و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.

دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.

داوا لە هاووڵاتیانی ئازیز دەکەین کە سوود لەو ٦٠ رۆژە وەربگرن و ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە، دەتوانن سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی داوای مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەک بکەن.

هەروەها داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان لە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت بپارێزن، چونکە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێمۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ دەستبەسەرکردنی هەر پارچە چەکێکی بێمۆڵەت، هەڵگرەکەی بەگوێرەی ماددەی ١٥ لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...