
کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم بەیاننامەیەکی توندی لەسەر کێشە یاساییەکانی لەگەڵ دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەکەی بە پێشێلکردنی یاسا و سەرپێچیکردنی بڕیارەکانی دادگا تۆمەتبار کرد.
بەپێی بەیاننامە فەرمییەکەی کۆمپانیاکە، لە کاتێکدا ئەوان ڕێڕەوە یاساییەکانیان گرتووەتەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خۆیان و بەشداربووانیان، دادگای عێراق بڕیارێکی بەجێبەجێکردنی خێرا (النفاد المعجل) دەرکردووە کە تێیدا بڕیارەکەی سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پێکهاتن پووچەڵ کردووەتەوە، کە پێشتر بە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراق داڕێژرابوو.
کۆڕەک تلیکۆم لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری دادگا بە دروستیی گرێبەستی پێکهاتنەکە، سەرۆکی دەستەکە سوورە لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند و نایاسایی وەک داخستنی بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە، کە ئەمەش بەپێی یاسای کۆمپانیاکانی عێراق نایاساییە.
لەو ڕوانگەیەشەوە، کۆمپانیاکە فەرامۆشکردن و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگا لەلایەن سەرۆکی دەستەکەوە سەرکۆنە دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە مافی تەواوی خۆیانە داوای قەرەبوو بکەنەوە بەرانبەر بەو زیانە ماددی و مەعنەوییانەی لێیان کەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا، کۆڕەک ئاماژە بە بەڵگەیەکی سەرنجڕاکێش دەکات، بەوەی سەرۆکی دەستەکە لە ڕێکەوتی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ نامەیەکی بۆ ناردوون بۆ پاساودانی ڕێوشوێنەکانی، لە کاتێکدا نامەکە مۆر و واژۆی ڕێککەوتی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ی پێوە بووە، ئەمەش بەپێی بەیاننامەکە “دەسەلمێنێت کە بڕیارەکان پێشوەختە و بە مەبەست دراون”.
کۆمپانیاکە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا پرسیار ئاراستەی ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دەڵێت: “ئایا لایەنێک یان بەڕێوەبەرێکی گشتی دەتوانێت بڕیارەکانی لە سەرووی حوکمی دادگاکانی عێراقەوە دابنێت؟”



