
مەسعود بارزانی پەیامێکی فەرمی بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد.
بارزانی لە پەیامەکەیدا کە لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا ئاڕاستەی ڕای گشتی کراوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا، خۆشبەختانە دواجار توانرا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، و لێرەشەوە سوپاسی پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە کرد کە خاوەن هەڵوێست بوون و بە ڕاپەڕاندنی ئەرکی یاسایی و نیشتیمانی خۆیان، نەیانهێشت ئەم دامەزراوە دەستوورییەی هەرێم پەک بخرێت و کارایان کردووەتەوە.
لە درێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنها هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، و ئەم هەنگاوە بە هیچ شێوەیەک دژی هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت.
هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی فەرمی پەرلەمان، بارزانی داوای لە سەرجەم ئەو لایەنانە کرد کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون و بایکۆتیان کردووە، بێنە پێشەوە و ئەوانیش بەشداریی تێدا بکەن، بۆ ئەوەی پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی داهاتوودا هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن لە هەرێمی کوردستاندا.



