لە بارەی بنەچە و ڕەچەڵەک و دروستبوونی کورد و بەدەرکەوتنیانەوە، پێش هەزاران ساڵ لە ڕۆژئاوای قەفقاس و زنجیرە چیای زاگرۆس و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و دەریای سپی ناوەڕاست و ڕووباری فورات تا کەنارەکانی کەنداوی فارس، تیۆر و ئاڕاستەی بیرکردنەوە و ڕاوبۆچوونی جیاواز هەن، هەندێکیان ناو و زاراوەی کورد و هەندێکیان زمان و هەندێکیان خەسڵەت و تایبەتمەندییە بایۆلۆژی و هەندێکیان ڕووداوە مێژووییەکانیان کردووەتە بنەما بۆ دۆزینەوەی بنەچەی کورد و سەرەتاکانی دروستبوونی.
پوختەی تیۆر و بۆچوونەکان، کورد بە گەلێکی ئێرانی لە بنەڕەتدا هندوئەوروپی و بە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە دراوەتە قەڵەم، کە تا ڕادەیەک تا ئێستاش توانیویەتی تێیدا بمێنێتەوە.
لە تابلۆ گڵینەکانی سۆمەرییەکاندا کە مێژوویان بۆ نزیکەی (٧٠٠٠) ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ناوی کورد بە گۆتی، جۆتی، جودی و کاردا هاتووە
کورد یەکێکە لە ئەتنۆس (گرووپە مرۆیی)یە زۆر دێرینەکانی ناو میژووی مرۆڤایەتی، وەکو ئەتنۆسێکی تایبەت و خاوەن خەسڵەت و نیشانەی کەلتووری جیاواز لە کۆنترین سەرچاوە مێژووییەکاندا ناوی هاتووە، لە تابلۆ گڵینەکانی سۆمەرییەکاندا کە مێژوویان بۆ نزیکەی (٧٠٠٠) ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ناوی کورد بە گۆتی، جۆتی، جودی و کاردا هاتووە، باسی وڵاتێک دەکەن بە ناوی کارداکا، زۆربەی میژوونووسەکان لەو باوەڕەدان کاردا مەبەستی کورد و کارداکا بە مانای وڵاتی کوردان دێت.
لای ئاشورییەکانیش کە میژووەکەیان بۆ نزیکەی (٤٥٠٠) ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ناوی کورد، بە گۆتی و کوتی و کورتی، کارتی، کاردۆ هاتووە، و لە سەرچاوە یۆنانی و ڕۆمانییەکانیشدا کە مێژوویان بۆ زیاتر لە (٣٠٠٠) هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ناوی کورد بە (کاردوسوی، کاردخۆی، کاردۆک، کەردۆکی، کاردۆخی) هاتووە، هەموو ئەم ناوانە گوزارشتن لە ئەتنۆسێک یان گرووپێکی مرۆیی جیاواز لە ناوچەکەدا، کە ئێستا کوردن و لە هەمان ئەو شوێنەن کە لەو سەردەمەدا ئاماژەیان پێکراوە.
زۆر گرنگە کورد خۆی بۆ ئەسڵێکی هاوبەش بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە، سەرەڕای گرنگی ئەم بابەتە، تا ئێستا هەستی یەک سەرچاوەیی و یەک بنەچەی نەژادی لە لای کورد دروست نەبووە.
زانای ئەنترۆپۆلۆژی بەریتانی (ئیدمۆند لیتش ١٩١٠-١٩٨٩) یەکێک لە قوتابییەکانی مالینۆڤسکی و مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا لە ١٩٦٦-١٩٧٩، نووسەری ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کوردەکانی ڕەواندز لە ساڵی ١٩٤٠ (Social And Economic Organization of the Rowanduz Kurds)، بابەتی نەژادی و ڕەچەڵەک و بنچینەی گرووپەکان بە هۆکارێکی ئەرێنی دەداتە قەڵەم. پێی وایە کاتێک گرووپێکی مرۆیی بنەچەی ئیتنیکی خۆیان دەبەنەوە سەر یەک خێزان یان یەک بنەماڵە و تیرە و خێڵێک و ئیتر، تەواوی ئەندامانی ئەو گرووپە هەست بە یەکێتی ڕۆحی و ڕابردووی هاوبەش دەکەن، ئەو خەیاڵ و جیهانبینی و وێناکردنەیان لا دروست دەبێت، کە ئەم گرووپە لە ڕابردوودا یەک خێزان بوون و کوڕ و مناڵی یەک بەرەبابن، بۆیە ئێستا برازا و ئامۆزا و بن عامی یەکترن و پێویستە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ یەک بن، بەتایبەتی لە کاتی شەڕ و ناکۆکی و ڕوودانی کارەساتێکی نەخوازراودا لەگەڵ تیرە و تایەفە و خێڵ و بنەماڵەیەکی دیکە کە پێیان وایە ئەوان جیاوازن.
لە ڕێگای خزم و کەس و بەهێزی بنەماڵە و هەبوونی پشتیوانی خێڵەکییەوە پێگەی خێزانەکان دەگۆڕێت و دەسەڵات و نفوز و هەژموونیان وەکو یەک نابێت
بابەتی هەستکردن بە یەکێتی بنەچە و ڕەچەڵەکی هاوبەش یەکێکە لە بابەتە زۆر گرنگەکانی ئەنترۆپۆلۆژیا، لە کۆمەڵگای سەرەتاییدا بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت، بەهۆی دروست نەبوونی دەوڵەت و دامودەزگا شەرعییەکان و بێ هێزی دەزگای دادوەری لەم کۆمەڵگایانەدا، لە ڕێگای خزم و کەس و بەهێزی بنەماڵە و هەبوونی پشتیوانی خێڵەکییەوە پێگەی خێزانەکان دەگۆڕێت و دەسەڵات و نفوز و هەژموونیان وەکو یەک نابێت، لە کاتی ڕوودانی هەر کارەساتێکیشدا ئەو خێزانانەی بنەماڵە و خێڵی گەورەیان لە پشتە، زووتر گرفتەکانیان چارەسەر دەکرێت و مەترسی هەڕەشە و کوشتن و زیان پێگەیاندنیان کەمترە.
ئەوەی جێگای پرسیارە، لە بارەی هەستی یەکێتی بنەچەوە، ئایا چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر نەتەوە و بوونە دەوڵەت و پارێزگاریکردن لە سنوری نیشتمان؟
نەژاد (عرق) یان (Race) وەکو چەمکێکی ئەنترۆپۆلۆژی بۆ پۆلێنکردن و جیاکردنەوەی گرووپە مرۆییەکان بەکاردێت، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی بایۆلۆژی هاوبەش، بەڵام دواتر ئەم تایبەتمەندییە بایۆلۆژییانە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەوە کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، لە ڕووی ئەرێنی و نەرێنییەوە. هێشتا کورد وەکو گرووپێکی مرۆیی جیاواز ئەو هەستەی لا دروست نەبووە، کە لە ڕابردوویەکی زۆر دووردا لە یەک خێزانەوە کەوتوونەتەوە! هیچ جافێک هەست ناکات لەگەڵ زێبارییەک یان هەرکییەک بن عامی یەکتر بن، یان هیچ سورچییەک ئەو هەستەی لا دروست نەبووە لەگەڵ شوان و ساڵەیی و هەمەوەند هەموویان لە خێزانێکەوە دروست بوون و باپیریان یەکە، یان خزمی یەکترن. بۆیە ئەگەر لە ڕابردوودا بە چاوی دوژمنیشەوە سەیری یەکیان نەکردبێت، وەکو دۆست و بن عام و خزم و کەسی یەکیش لە یەکیان نەڕوانیوە، پشت و پەنای یەکتر نەبوونە لە تەنگانەدا، هەمیشە بەربەستێکی کەلتووری لە یەکیانی جیاکردووەتەوە، ئەم بەربەستەش پەیوەندی بە دیوی ناوەوەی تاکەکانەوە هەبووە، واتە چۆنیەتی بیرکردنەوە و وێناکردنی ئەوی دیکە، کاریگەری لەسەر پەیوەندی و کارلێک و مامەڵەکردنیان لەگەڵ یەکتر بە تایبەت لە شۆڕش و داواکردنی مافە نەتەوەییەکاندا، دوژمنانی کورد هەوڵیانداوە ڕەچەڵەک و بنەچەی جیاوازیان بۆ دروست بکەن و ناکۆکی بخەنە نێوانیانەوە.
ئەم هەوڵەی دوژمنانی کورد بۆ گەڕاندنەوەی بنەچەی کورد بۆ چەند سەرچاوەیەکی جیاواز، پاڵپشت بە هەندێک هەوڵی زانستی قوڵ بووە، نووسەر و توێژەر و زانا و ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ لە کارەکانیاندا کوردیان بردۆتەوە سەر چەند سەرچاوەیەک، باسی ئەوەیان نەکردووە کوردیش وەکو تەواوی نەتەوەکانی دیکە، خۆی یەک سەرچاوە و نەژادی هەیە و ئەوانی دیکەی لە ناوخۆدا تواندووەتەوە.
ئهوهی زیاتر گرنگی نووسینهكانی (نیكیتین)مان بۆ دەردەخات، میتۆدی ئەنترۆپۆلۆژی و میکانیزمە ئەنترۆپۆلۆژییەکانە لە توێژینەوەکانیدا
نووسینهكانی نیکیتین له سهر كورد له پێشهنگی ئهو توێژینهوه زانستییانهن بە وردی بابەتی كورد و سیما نهژادییهكان و پرسی كوردیان به گشتی خستووەتە ژێر پرسیار و بەدواداچوونیان بۆ کردووە، ئهوهی زیاتر گرنگی نووسینهكانی (نیكیتین)مان بۆ دەردەخات، میتۆدی ئەنترۆپۆلۆژی و میکانیزمە ئەنترۆپۆلۆژییەکانە لە توێژینەوەکانیدا، وەکو هەر ئەنترۆپۆلۆژیستێکی مەیدانی خۆی بۆ ماوهیهكی زۆر له كوردستاندا ژیاوه و بهتایبهت لهسهردهمێكدا بووه، هێشتا داگیركهرانی كوردستان ههڵمهتی سڕینهوهی سیما نهتهوهییهكانی كوردیان به هاوكاری كهرهسته تهكنۆلۆژییهكانی مۆدێرنه دهست پێ نهكردبوو، كونسوڵی ڕووسی بوو له ئێران له ساڵانی جهنگی یەکەمی جیهانیدا، بارهگای كاركردنی شاری ورمێ بوو، تێكهڵاوی باشی ههبوو لهگهڵ كوردهكانی ڕۆژههڵاتی كوردستاندا، به باشی فێری زمانی كوردی ببوو، به مهیدانیی بهشێكی زۆری كوردستان گهڕابوو، سهردانی ناوچه جیاجیاكانی كردبوو، لهو سهردان و گهڕانانهیدا، بهڵگهنامه و دهستنووس و بابەتی فۆلکلۆر و كهرهستهی میللی زۆر گرنگی كۆكردبووهوە، زیاتر له (٢٥) وتار و توێژینهوهی گرنگی له سهر پرسی كورد ههیه، ههموو ئهو نووسینانهی له ڕۆژنامه و گۆڤاره ئینگلیزی و فهڕهنسی و ئیتاڵییهكاندا بڵاوكردووهتهوه، كتێبە بهناوبانگهكهی نیكتین بە ناونیشانی (کوردەکان) له ساڵی ١٩٤٣ و به زمانی فهڕهنسی نووسیویهتی، بهڵام زۆربهی سهرنج و تێبینی و بهڵگه و زانیارییهكانی كۆكراوهی ساڵانی سهردهمی كاركردنی بوو له ورمێ، واته پێش ١٩١٧ و پێش جەنگی یەکەمی جیهانی، کە هێشتا کۆمەڵگای کوردی بە شێوە سەرەتایی و سروشتییەکەی خۆی دەژیا و کاریگەری تەکنۆلۆژیا و ژیانی ڕۆژئاوایی لەسەر نەبوو، دەتوانین بڵێین لەو قۆناغەدا بە مانای وشە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی سەرەتایی بووە، هێشتا بە دەگمەن نووسراوێکی کوردی هەبووە، ئەگەرچی بۆ یهكهمجار كتێبهكه به یارمهتی سهنتهری نیشتمانی فهڕهنسی بۆ توێژینهوه زانستییهكان له ساڵی ١٩٥٦ له پاریس بڵاوكرایهوه، بەڵام وەکو ئاماژەمان پێکرد زانیارییەکانی لە پێش جەنگی یەکەمی جیهانیدا کۆکرابوونەوە، تا ئێستا ئەم کتێبە به زمانهكانی كوردی و عهرهبی و توركی و ڕووسی چاپ كراوه و بڵاوكراوهتهوه.
پرسی سهرهكی ئهم كتێبه، بریتییه له وەڵامدانهوهی ئهو پرسیارهی ئایا كوردهكان كێن و خهسڵهت و تایبهتمهندییه مرۆیی و زمانییهكانیان چییه؟ واتە وەسفی کەلتووریی کورد، بە پشتبەستن بە سیما دیارەکانی کوردەواری، نەک قوڵبوونەوە بۆ ڕەگ و ڕەچەڵەک و ڕیشە میژووییەکانی دروستبوونی کورد. بە ڕای من ئەوە ئەرکی نیکیتن نەبووە لەو توێژینەوەیەدا، چونکە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە پێویستی بە ئامراز و میکانیزمی دیکە هەیە، کە نیکیتن وەکو ئەتنۆگرافیست، پسپۆڕی ئەو بوارە نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا نیكیتین له بارهی بنهچهی نهژادی كوردهوه ڕای خۆی دەردەبڕێت، كه ئهم گهله له یهك خوێن و بنهچه و ڕەچەڵەک نین، بهڵكوو له چهندین تێكهڵه و یهكگرتنی هۆز و خێڵی كۆچهری جیاواز پێكهاتوون، وەکو ئەوەی گەلی ڕووس یان فەڕەنسی لە یەک خوێن و بنەچە و ڕەچەڵەک بن!
ئو. ل. ڤێلچێڤیسکی پێی وایە لە دروستبوونی کوردەکاندا کۆمەڵیک گرووپی جیاواز بەشدارییان کردووە، وەکو حوورییەکان یان سوباری (شوباری)، لولوبییەکان، کووتی، کاسییەکان
هەر لەم بارەوە ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسێکی دیکەی ڕووسی بە ناوی ئو. ل. ڤێلچێڤیسکی پێی وایە لە دروستبوونی کوردەکاندا کۆمەڵێک گرووپی جیاواز بەشدارییان کردووە، وەکو حوورییەکان یان سوباری (شوباری)، لولوبییەکان، کووتی، کاسییەکان و ئەوە ساغ ناکاتەوە کێیان بنەچەی کوردن و گرووپەکانی دیکەی تواندووەتەوە! ئێ خۆ دەبێ یەکێکیان کورد بووبن؟!
گەڕیدەی ڕووسی (م. لیخۆتین) پێی وایە سەرچاوەکانی دروستبوونی نەژادی کورد جۆراوجۆر و هەمەڕەنگن و کورد لە ئەنجامی توانەوەی چەندین گرووپی مرۆیی جیاواز دروست بووە و ئێستایش بەسەر خێڵ و تیرە و هۆز و تایەفەی جیاوازدا دابەش بوون و بە چەندین شێوەزاری جیاواز دەدوێن، بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازییانەش یەک نەتەوە و یەک گەلن، هەرچەندێک بەسەر وردە جیاوازیشدا دابەش بووبن.
هەر لە ناو ڕووسەکاندا، مینۆڕسکی بە شێوەیەکی باشتر یەکێتییەک بۆ سەرچاوەی نەژادی کورد دروست دەکات، بنەچە و ڕەچەڵەکی کورد دەباتەوە سەر میدییەکان، پێی وایە سەرەتا میدییەکان لە ئاترۆپاتین، واتە ئازەربایجانی ئەمڕۆ نیشتەجیبوون و دواتر بەرەو باشووری گۆلی وان کۆچیان کردووە، بە تێکەڵبوونی مادەکان کە لە دەوروبەری دەریاچەی قەزوێنەوە هاتوون لەگەڵ دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە و لەگەڵ ئاشورییەکان، دوای ڕووخانی ئیمپراتۆری ئاشوری لە ساڵی ٦١٢ی پێش لە دایکبوون، لە ناوچەکەدا هەموو ئەمانە تێکەڵ بە یەک بوون، پێکەوە گەلی کوردیان دروست کردووە. بەتایبەتی دوو هۆزی خزم (کورتی) و (ماردی) پەرەیان بە خزمایەتییەکەیان داوە، کوردەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو تێکەڵاوییەن، ئەویش ئەوە ساغ ناکاتەوە ئایا جیاوازی کورتییەکان و ماردییەکان چی بوون و کام تایبەتمەندی زاڵ بوو، کامیان لە بۆتەی ئەوی دیکەدا توانەوە، ئەو ڕەگەزەی خۆی سەپاند کامیان بوو؟ هەتا بە بنەچەی کوردی لە قەڵەم بدەین.
بە پێچەوانەوە، مینۆڕسکی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە لە هەموو جەماوەری دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە، تەنیا خێڵێکی دیاریکراو بەشداری لە ئیتنۆگنێزی کورددا نەکردووە، بەڵکو بەشێکی زۆری خێڵ و میللەتانی بچووکی جیاواز، کە ماوەیەکی زۆر دوورودرێژ- بە هەر هۆیەک بووبێت- لە ناو کۆنفیدراسیۆنی خێڵە ئێرانییەکاندا بۆ ناوچەکە هاتبوون و مابوونەوە، لە پڕۆسەی دروستبوونی کورددا ڕۆڵیان بینیوە. ئێ ئاخر خۆ توانەوەی هەموو ئەمانە پێکهاتەیەکی جیاوازیان دروست نەکردووە، کە پێشتر هیچ نەبووبێت؟! بە دڵنیاییەوە گرووپە زاڵەکە یان بە دەسەڵاتەکە زمان و شێوەزار و داب و نەریت و بیروباوەری خۆی سەپاندووە، بە لایەنی کەمەوە ناوی کوردی سەپاندووە، کە هەموویان بە خۆیان بڵێن کورد، ئێ ئەو گرووپە کامەیە؟ هەتا بە بنەچەی کوردی لە قەڵەم بدەین؟
بە گشتی کوردەکان یەکێکن لە کۆنترین نەژادە مرۆییەکانی باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەمە زۆر گرنگە کورد خۆی ڕەواج و پەرەی پێ بدات
باشترین توێژەر کە میکانیزمی زانستی بەکارهێناوە و پسپۆڕی ناسینەوەی بنەچە بووە، هنری فێڵدە، ئەنجامی توێژینەوەکەی تا چەند ڕاستە یان ڕاست نییە، ئەوە بابەتێکی دیکەیە، لە بارەی ڕەچەڵەک و بنەچەی کوردەوە، لە پێشەکی توێژینەوەکەیدا (ئەنترۆپۆلۆژیای عێراق، بەرگی دووەم، کوردستان لە ساڵی ١٩٥٢) دەڵێت، یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی ئەم توێژینەوەیە پێوانەکردنی خەسڵەت و تایبەتمەندییە جەستییەکانی کوردەکان بوو لە باکوری عێراق، بۆیە چوار نموونە لە چوار شوێنی جیاوازی کوردستان وەرگیراوە (زاخۆ، ئاکرێ، ڕەواندوز و سلێمانی)، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ئایا کوردەکان لە ڕووی تایبەتمەندی جەستەییەوە هەماهەنگ و لە یەکچوون و لەیەک نەژادەوە دروستبوون؟ یان لە سەرچاوە و نەژادی جیاوازەوە پەیدابوون؟ لە کۆتایی توێژینەوەکەدا بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە کوردەکان هەموویان دەچنەوە سەر یەک بنەماڵە، ئەوانیش ئەلبییەکانن، سەر بە گرووپی ئارییەکان، لەگەڵ ئەوەی کوردەکانی باکور نزیک دەریاچەی وان کاریگەری ئەرمەنییەکانیان لەسەرە، بەڵام کوردەکانی باشور کەوتوونەتە ژێر کاریگەری تیرە و بنەماڵە مرۆییەکانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، بە گشتی کوردەکان یەکێکن لە کۆنترین نەژادە مرۆییەکانی باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەمە زۆر گرنگە کورد خۆی ڕەواج و پەرەی پێ بدات، بیرۆکەی یەک نەژادی و یەک سەرچاوەیی لە زەینی نەوەکانیدا دروست بکات، پاساوی زانستی بۆ جیاوازییەکانی ئەمڕۆی بێنێتەوە. نەک بە پێچەوانەوە جەخت بکاتە سەر فرە نەژادی و جیاوازی بنەچەی کورد.
هەروەها مێژوونووسێکی وهكو (سترابۆ) پێی وایە كوردهكان دهگهڕێنهوه سهر (سرتییهكان) كه گرووپێكی مرۆیی تایبهت بوون و له ههمان شوێنی ئێستای كوردهكاندا (میدیای بچووك) نیشتهجێبوون، ئەگەرچی لە یەک شوێن نیشتەجێبوون نابێتە بەڵگەی چوونەوە سەر یەک بنەچە، بۆ نموونە هەزار ساڵ لەمەوبەر یەک تورک لە ئەنادۆڵ و تورکیای ئێستا و قوبرس نەبوو، هەموو کورد و یۆنانی و ئەرمەنی و ڕۆمانی بوون، کە هاتنە ئەنادۆڵ تێکەڵ بەم نەتەوانە بوون، لە ڕێگای سەپاندنی دەسەڵات و کەلتوورەوە، ئێستا هەموو ئەوانی دیکە بوون بە تورک، لە کاتێکدا بنەچەی تورک هیچ پەیوەندی بەو نەتەوانەوە نییە، بەڵام بۆچوونەکەی سترابۆ بە قازانجی یەکێتی نەتەوەیی کوردە و دەبوو کورد لە سیستەمی پەروەردەیی و خوێندن و ڕاگەیاندنەکانیدا زیاتر بایەخی بە سترابۆ بدایە.
یان هەندێکی دیکە لە مێژوونووس و گەڕیدە و ئەنترۆپۆلۆژیستەکان، کوردەکان دەگێڕنەوە بۆ کاردۆخییەکان، كه سهركرده و مێژوونووسی گریكی (كهسنیفۆن) له كتێبهكهیدا (ئهناباسیس) له (٤٠١)ی پێش زایندا باسیانی كردووه، وەکو گرووپێکی مرۆیی جیاواز لەم ناوچەیەدا هەبوون، کە ئێستا پێی دەگوترێت کوردستان، ئەمانە فارس نەبوون و زمانی فارسییان نەزانیوە، بۆیە یۆنانییەکان و ئەوانەی فارسییان زانیوە بۆ قسەکردن لەگەڵیاندا، پشتیان بە وەرگێڕ بەستووە. واتە کەسێک زمانی فارسی و زمانی کاردۆخی زانیبێت. ئەم بۆچوونەش باسی یەک سەرچاوەی نەژادی کورد دەکات.
میژوونووسی ئیتاڵی مارکۆ پۆلۆ لە ساڵی ١٢٧١ هاتووەتە مووسڵ، کاتێک باسی ئەم شارە دەکات، دەڵێت (لە چیاکانی ئێرەدا کاردەکان دەژین)
گەڕیدە و میژوونووسی ئیتاڵی مارکۆ پۆلۆ کە لە نێوان ساڵانی (١٢٥٤-١٣٢٤) ژیاوە، لە سەدەی سیازدەدا هاتووەتە کوردستان، باسی هەموو ئەو شارانەی کردووە، کە پێیدا تێپەڕیوە. لە ساڵی ١٢٧١ هاتووەتە مووسڵ، کاتێک باسی ئەم شارە دەکات، دەڵێت (لە چیاکانی ئێرەدا کاردەکان دەژین)، لێرەدا (کارد) هەمان کاردۆخی سەردەمی کەسنیفۆنە، بەڵام بە شێوەی تاک، چونکە (ۆخ) لە زمانی یۆنانیدا نیشانەی کۆیە، کارد و کاردۆخ وەکو ئەوەیە بڵێین (کورد و کوردەکان)، بۆیە ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە کە دوای زیاتر لە ١٧٠٠ ساڵ لە نووسینەکەی کەسنیفۆن، هیشتا بەو گرووپە مرۆییە گوتراوە (کارد) و لە هەمان شوێنی خۆیان ماون، دەکرێت بنەچەی کورد بگەڕێنینەوە بۆ کاردۆخییەکان، بڵێین ئێمە نەوەی کاردۆخییەکانین، کورد لە کاردۆخییەکانە، کە ئاشورییەکانیش پێیان گوتووە کاردۆ یان گوتی.
له ئهنجامی ههموو ئهو گریمانه و بۆچوونه جیاواز و توێژینهوانهی لهسهر بنهچهی نهژادی كورد كراوه، دوو تیۆری سهرهكی پهیدا بووه، ههردوو تیۆرهكهش پێویستیان به توێژینهوه و سهلماندنی زیاتره، ئهوانهش بریتین له:
تیۆری یهكهم:
كورد له بنچینهدا گهلێكی ئێرانییه و لە سهدهی حهوتهمی پێش زاینهوه له باشوری دهریاچهی ورمێ بهرهو بۆتان و گهرمهسێر شۆڕ بووهتهوه. دانیشتوانی ئەم ناوچانەی لە ناوخۆیاندا تواندووەتەوە و ئەم گرووپە مرۆییەی ئیستای لێ پێکهاتووە، کە بە کورد ناسراوە. ئەوەی جێگای پرسیارە لەم تیۆرەدا ئایا کوردەکان لە ماوەی دوو هەزار ساڵی ڕابردوودا چۆن گرووپەکانی دیکەیان تواندووەتەوە؟ گرووپێکی مرۆیی وەکو کورد نە دەوڵەتی هەبووە، نە خوێندن بە زمانی ئەو بووە، نە کەناڵی ڕاگەیاندنی هەبووە، نە لەشکر و سوپا بە زمانی کوردی مەشق و ڕاهێنانیان کردووە، نە ئاینێک بە زمانی کوردی بووە تا خواپەرستی بە زمانی کوردی بکەن؟! لەم ناوچە شاخاوییە لە یەک دابڕاوەدا کە بە زەحمەت هاتوچۆی نێوان گوندەکانی کردووە، بە تایبەت لە زستاندا بەفر ڕێگاکانی گرتووە، ئەوەتا ناوی یەکێک لە مانگەکانی ساڵی کوردی بە ناوی ڕێبەندانە، ئیتر چۆن کورد گرووپەکانی دیکەی تواندووەتەوە؟
جگە لەمانەش، بە بۆچونی من ئهم تیۆره پێویستی بە کۆمەڵێک ڕاستکردنەوە هەیە، ئێرانی یان ئاری چەمکێکی نەژادییە، گوزارشت لە گرووپێکی مرۆیی دیاریکراو دەکات، کە خاوەنی کەلتووری تایبەت بە خۆیانن وەکو زمان و دابونەریت و جل و بەرگ و شێوازی ژیان و سیستەمی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنیان، وشەی سانسکریتی (ئاریا) ئاماژەیە بەوانەی بە زمانی ڤیدی سانسکریتی (Vedic Sanskrit) قسەیان دەکرد و هەڵگری کەلتووری ڤیدیایی بوون و ئاین و ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیانیش بەو زمانە بوو، وەکو لە هەڵکۆڵینی چیای بێستوندا بەدەردەکەوێت، لە نزیکەی (٢٥٠٠) ساڵ لەمەوبەر پادشای ئەخمینی داریۆشی گەورە و کوڕەکەی، خۆیان بە ئاریایی و ئاهورامەزداش بە خوای ئارییەکانیان ناساندووە، زمانی ئاڤێستاش لە زمانی کوردییەوە نزیکترینیانە بە بەراورد بە هەموو زمانە ئێرانی و هندۆئەوروپییەکان.
کەواتە گومان لەوە نییە لە ڕووی بنەچە و ڕەچەڵەکەوە، کورد یەکێکە لە گەلانی ئاریایی و هندۆئەوروپی، وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکە، لە ئەنجامی دوورکەوتنەوە و دابڕان و بوونی بەربەستە سروشتییەکان و ڕووداوە مێژووییەکان و تێکەڵبوونی بە نەژاد و کەلتووری جیاواز بۆ ماوەی هەزاران ساڵ کورد ئەم شکل و شێوە و فۆڕمە کەلتوورییە جیاوازەی وەرگرتووە.
نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش سەدەی حەوتەم گوتییهكان یان کاردۆییەکان وەکو لە سەرچاوە ئاشورییەکاندا هاتووە، لهم ناوچهیهدا ژیاون
ئەم تیۆرە ئاماژە بە سەدەی حەوتەم دەکات، بهڵام نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش سەدەی حەوتەم گوتییهكان یان کاردۆییەکان وەکو لە سەرچاوە ئاشورییەکاندا هاتووە، لهم ناوچهیهدا ژیاون و هەمان کاردۆخییەکانن و بە بنەچە و ڕەچەڵەکی کورد دەدرێنە قەڵەم، بەبێ ئهوهی تهنیا پاشماوهیهكی ئاركیۆلۆژی دۆزرابێتهوه بوونی نهتهوهیەکیتر بسهلمێنێت لهم ناوچهیهدا.
گوتییەکان لە مێژووی ٢٢٠٠ ساڵ پێش لە دایکبوون، لە کوردستان ژیاون و گەلێکی هندۆئەوروپی بوون، زۆر لە مێژوونووسان و ئارکیۆلۆژیستەکان ناوی کورد دەگەڕێننەوە بۆ گوتییەکان، پێیان وایە وشەی (کورد) لە (کورتی) گوتییەکانەوە هاتووە، کە لە هەندێک سەرچاوەدا پێیان گوتراوە کورتی یان کاردۆ، ئێستاش وشەی گودەرز کە بە گەورە و سەرکردەکانی گوتییەکان گوتراوە، هەندێک لە کەڵهوڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بە نەوەی گودەرز دەزانن، هەروەها گۆرانیش خۆیان دەبەنەوە سەر گودەرزی کوڕی گیو. وەکو گریمانەیەکیش من پێم وایە پەیوەندی نێوان ناوی گوتی و ناوی شاری کوت لە ناوەڕاستی عێراق تەنیا لێکچوونی ناو نییە! بەڵکو پەیوەندییەک لە نێوان کوت و کورتی و گوتی و کورددا هەیە، هەرچەند ئەمە پێویستی بە توێژینەوەی مێژوویی و ئارکیۆلۆژی هەیە، پێویستی بە پشکنین هەیە لە عەلی شەرقی و عەلی غەربی و تا گەرمەت عەلی نزیکی بەسڕە.
واتە لە ڕووی مێژووییەوە دانانی سەدەی حەوتەم بە سەرەتای هاتنی کورد بۆ ئەم ناوچەیە هەڵەیە، چونکە بەشێکی دیکە لە سەرچاوە مێژووییە جێی باوەڕەکان ئاماژە بە هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەکەن، کە کورد لەم ناوچەیەدا ژیاوە.
ڕاستکردنەوەی دووەم، پرسی سنوری ئێران و گەلانی ئێرانییە. ئایا سنوری ئەو خاکە کوێیە؟ ئەو چەمکەی بۆ خاکی ئارییەکان بەکاردێت، مەبەست لەم سنورەی ئێستای دەوڵەتی ئێرانی نییە، بەڵکو ئاریان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و قەوقاسەوە تا کەنارەکانی کەنداوی فارس و دەریای سپی ناوەڕاست و تەواوی ئەو نەخشەیەی ئێستا بە کوردستانی دەزانین، لە مێژووی کۆندا بە خاکی ئارییەکان ناسراوە. ئیتر ئەگەر کورد گەلێکی ئێرانی بێت بۆچی لە سەدەی حەوتەمەوە هاتووەتە سەر ئەم خاکەی ئێستا بە کوردستان ناسراوە؟!
تیۆری دووهم:
پێی وایه كورد گهلێكی ڕهسهنن و ئێرانی نین، نهوهی كڵدی و جۆرجی و ئهرمهنییهكانن و دواتر كهوتوونهته ژێر كاریگهری زمانی ئێرانییهوه و زمانهكهیان گۆڕاوه. ئهم تیۆرهش ڕاست نییه، له ناوچهیهكی فرەوان وهكو ئهوهی كوردی بهسهردا دابهش بووه، سهخت و شاخاوی و دابڕاو، چهند ههزار ساڵی دهوێت تا زمانێك شوێنی زمانێكی تر بگرێتهوه، به تایبهت له قۆناغێكی مێژووییدا كه جگه له خێزان و بنهماڵه و دهوروبهر هیچ كهناڵێكی تر نهبێت بۆ پێگهیاندنی كۆمهڵایهتی و فێركردن؟! گریمان له سهردهمێكدا یهك دوو خێڵی كورد جۆرجی بوون، چۆن خێڵێكی جۆرجی زمانی گۆڕاوه به كوردی و بێ ئهوهی هیچ پهیوهندییهك له ئارادا مابێت؟ وهكو دهزانین تا نزیكهی كۆتایی سهدهی نۆزدهش بهشێكی ههره زۆری كورد كۆچهری بوون؟ لە کاتێکدا مێژووی ئەو سەرچاوانەی ئاماژە بە بوونی کورد دەکەن لەم ناوچەیەدا، بۆ نزیکەی حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بە ناوی کاردا و کاردۆخ و کاردۆ و گوتی و کورتیەوە. وەکو پیشتر بە کورتی ئاماژەمان پێدا.
هەندێک لەسەرچاوەکان، له چوارچێوهی قسهكردن لهسهر بنهچهی نهژادی كورد، باسی ئهفسانهیهك دهكهن و ههندێك له ڕۆژههڵاتناس و مێژوونووسان به زۆری زۆردارهكی دهیدهنه پاڵ بیرمهند و توێژهرانی كورد خۆیان، ئهم ڕۆژههڵاتناسانه دوای خستنهڕووی تیۆر و بیروبۆچوونهكانی خۆیان، به سهرسوڕمانهوه دهنووسن (بهڵام ئهوهی شایانی باسه، كوردهكان خۆیان بنهچهیان بۆ ئهفسانهیهك دهگێڕنهوه و دهڵێن له سهردهمی كۆندا پاشایهكی خوێنمژ ههبووه به ناوی زوحاك، دوو مار لهسهر شانی بووه، دهبوو ههموو ڕۆژێك دوو لاو سهرببڕن و مێشكیان بهو مارانه بدهن بۆ كهمكردنهوهی ئازارهكانی شا، تا خهڵكهكه لهگهڵ جهلادی پاشادا به نهێنی ڕێكهوتوون و ڕۆژانه لاوێك و ئاژهڵێكیان سهربڕیوه و لاوهكهی تریان به دزیهوه ڕهوانهی كێوهكان كردووه، پاش چهند ساڵێك ئهو لاوه ههڵاتووانه ژمارهیان زۆر بووه و به سهركردایهتی كاوهی ئاسنگهر شۆڕشێكیان كردووه و زوحاكیان كوشتووه، كوردهكان له نهوهی ئهو لاوه یاخی و ههڵاتووانهن).
هەژار وەرگێڕی شەرەفنامە لە بارەی ئەم لاوە یاخیانەوە زۆر بە وردی و زمانێکی ئەدەبییانە نوسیوویەتی (جا چونکە بۆ بارەوبار و کاروباران، لە باژێران دوورەپەرێز بوون و ڕوویان نەدەکردە شاران و کەمتر چاویان بە بیانی و نەناس و لاپرەسەنان دەکەوت، شێوە زمانێکی تایبەتی و سەربەخۆیان داهێنا و لە ناو دار و دەوەن و تەلان و بەندەن و ڕەوەز و چڕکەن و خڕو بودر و ڕژد و چڕ و لێڕەوار و ئەشکەوت و شکێر و بەرپەسار و نزارانەدا، بوون بە خاوەنی ئاوەدانی و خێوی ماڵ و دەستیاندا کشتوکاڵ و زۆربەی زۆریشیان بە ڕەنێوهێنان و بەرهەمی ئاژەڵ و وڵسات و پاتاڵەوە خەریک دەبوون و بە شوێن پووش و پاوان و لەوەڕوبژوێندا دەگەڕان و بەو هۆیە لە هۆز تەریک دەبوون و ڕوویان دەکردە چێنکە و نواڵ و چیمەنان و گەشتیان دەکەوتە پێدەشتان و لەو دیمەن گۆڕانە، دەگۆڕان و دەشتیان دەکردە نشیمەن و دەشیانکردە نیشتمان و بە یەکجارەکی کەلەلا دەبوون.
هێندێک کەس گوتوویانە لەبەر ئازایەتی و نەبەردی و مەردی – کە ئاکاری هەمیشە و لە مێژینەیانە –ناوی کوردیان بەسەردا بڕاوە.
لە ڕاستیدا دەبوو بە هیچ شێوەیەک باسی ئەم چیرۆکە هەڵبەستراوە نەکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر دەگوترێتەوە، بە پێویستمزانی ڕای خۆم لەسەر دەربڕم و بە درۆیەکی شاخداری بدەمە قەڵەم. ئەمە هیچ بنچینەیەکی زانستی نییە و نەتەوەیەکی دێرینی وەکو کورد لە هەندێک لاوی یاخیەوە دروست بووبێت!! ئەوە گریمان هەر ڕۆژێک گەنجێک ڕزگاری بوو، پەیوەندیان بە یەکترەوە کرد لە چیاکان، ئایا چەند ساڵ ئەم پادشایە بەو نەخۆشیەوە ناڵاندوویەتی و نەمردووە؟ ئایا تەمەنی چەند بوو کە نەخۆش کەوت؟ تا تەمەنی چەند ژیا؟ گریمان بۆ ماوەی پێنج ساڵ نەخۆش بوو، ڕۆژانە دوو گەنجیان بۆی سەربڕیوە، ئایا لە ساڵی چەندەم ئەوەیان بە خەیاڵدا هات گەنجێک سەرببڕن و لە جیاتی گەنجەکەی دیکە مەڕێک؟ گریمان لە ساڵی دووەم، واتە سێ ساڵ گەنجێک و مەڕێکیان سەربڕیوە و هەزار گەنج ڕزگاریان بوو لە سەربڕین و لەو کێوانە خۆیان شاردەوە، واتە یەکەم گەنج ماوەی سێ ساڵ خۆی شاردۆتەوە، دووا گەنج یەک ڕۆژ، لەم ماوەیەدا چۆن فێری ئەم زمانە بوون؟ دواتر لەگەڵ کێ هاوسەرگیرییان کرد؟ ئەو کچانەی بوونە خێزانیان چۆن فێری ئەم زمانە بوون؟ دواتر گریمان ئەوە فێربوون، بە هەزار خێزان چۆن بە کوردستاندا بڵاوبوونەوە لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و قەفقاس و هەمەدان؟! ئەم درۆیە بۆ سەرلێشێواندنی کورد بونیاد نراوە، هەتا خۆی نەناسێت و لە ڕابردووی میژوویی خۆی تێ نەگات.
هەندێکی دیکە لە توێژینهوه ئهتنۆلۆژییهكان له بارهی بنهچهی كوردهوه باس له كوردی ڕۆژههڵاتی و كوردی ڕۆژئاوایی دهكهن
بۆ دابەشکردن و لەت لەتکردنی کورد، هەندێکی دیکە لە توێژینهوه ئهتنۆلۆژییهكان له بارهی بنهچهی كوردهوه باس له كوردی ڕۆژههڵاتی و كوردی ڕۆژئاوایی دهكهن، پێیان وایه ڕۆژههڵاتییهكان له فارسهكانهوه نزیكن، گهنمڕهنگ، شێوهی كهلهسهریان له جۆری (brachycephale)، بهڵام كوردانی ڕۆژئاوا ڕهنگ سپی، چاوشین، شێوهی كهلهسهریان جیاوازە و لە جۆری (dolichephale) له ڕۆژههڵاتییهكان ناچن.
بە بۆچوونی من ئهم تێزهش هیچ بنهمایهكی زانستی نییه، مهبهست لهتكردنی كورد و دروستكردنی جۆرێك له دووبهرهكی و دابڕانه، ئهگهر له ڕووی مێژووییهوه بگهڕێینهوه بۆ سهردهمی دهوڵهتی ماد و سنوری جوگرافی شوێنی نیشتهجێبوونی كاردۆخییهكان و به درێژایی مێژووی شهڕی ڕۆم و عهجهم و دواتر هاتنی عهرهبه موسڵمانهكان و تا هاتنی توركه مهغۆلهكانیش، كورد له نزیك كهنارهكانی كهنداوی فارس (عهرهبی) تا نزیك دهریاچهی قهزوێن و دهریای ڕهش و كهنارهكانی دهریای سپی ناوهڕاست و به ڕۆخی ڕووباری فوراتدا دهگهڕایهوه كهنداوی فارس، بێگومان له ئهنجامی تێكهڵاوی و پهلامار و هاتنی به كۆمهڵی گرووپه مرۆییه جیاوازهكان و له ڕێگای ژنخوازی و تێكهڵاویهوه، نهژادی پاك نهماوه، جگه لهوهی له ئهنجامی كاریگهرییه ژینگهییهكانیش بۆ ماوهی ههزاران ساڵ كوردیش وهكو ههموو گهلانی دنیا ڕێژهی له یهكچوونهكانی كهمتر دهبێتهوه، ئهگهر خێزانێک بهسهر دوو ڕووبهردا دابهش بن، كوڕێكیان له (وان) و كوڕێكیان له (ئیلام) بژیت، پاش پهنجا ساڵ، نهك سهدان ساڵ، دهتوانین جیاوازی له ڕهنگی نهوهی دووهمیاندا بهدی بكهین، لە ئەنجامی جیاوازی ژینگەی سروشتی نێوان ئیلام و گۆمی وان ڕەنگی ڕوخسار و پێست و باری جەستەییان لە ماوەی پەنجا ساڵدا کەمێک گۆڕانیان بەسەردا دێت، ئینجا لە ماوەی هەزاران ساڵدا بێگومان جیاوازییەکە زیاتر دەبێت، ئەگەری هەیە نەوەی کوڕی یەکەم کچێکی فارس یان عەرەب بخوازێت، نەوەی کوڕی دووەم کچێکی تورک یان ئەرمەنی بخوازێت، دواتر ئەم دوو ئامۆزایە ژن بە ژن بکەن بۆ ئەوەی لە یەکتر دوور نەکەونەوە، بە دڵنیاییەوە کوڕ و کچەکانیان کەمێک لە یەکتر جیاواز دەبن.
بۆیە کوردیش لە ماوەی هەزاران ساڵدا وەکو نەژادێکی پاک و کوردی پوختە نەماوەتەوە، کاردۆخییەکان وەکو بنەچەی نەژادی کورد تێکەڵ بە گرووپەکانی دیکە بوون، لە پڕۆسەیەکی مێژوویی دوورودرێژدا هەموو ئەو گرووپانە زمانی کوردیان وەرگرتووە، کە بە گوتەی (سۆن) بە هۆی ڕوونی و سادەیی و ئاسانی زمانی کوردیەوە توانیویەتی شوێنی زمانی هەموو ئەو گرووپە مرۆییانە بگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا هەبوون و لە بنەڕەتیشدا کورد نەبوون، دەبێت ئەمانە کەمینە و کاردۆخییەکان زۆرینە بوون و دەسەڵاتیان هەبووە، خۆیان سەپاندووە، بە لایەنی کەمەوە، هەمووان بە خۆیان گوتووە کارد یان کاردۆ یان کورت و بووە بە کورد.
دەستت خۆش دکتۆری کوردبین، من پێم باشە کۆمەڵێک لێکۆڵەری ئەنترۆپۆلۆژی و مێژووناس کورد هەستن بە کنە و پشکنینکردنی هەموو ئەو زانیاری و داتایانەی لەسەر کورد نوسراون و گێڕدراونەتەوە بۆ ئەوەی بگەن بە سەرچاوەی ڕەسەنی ڕەچەڵەکی کورد و ناساندن و پیشاندانی ئەو بابەت و لێکۆڵینەوانەی بەردەستن، کە ئایا تا چەندیان سەرچاوە و قسەی باوەڕپێکراون یاخود نەیارانی کورد بە هۆی نەبوونی ئامرازەکانی گەیاندن و هاتووچۆ و داخراوی خێڵە کوردییەکانەوە، بە کەیفی خۆیان کەوتونە گیانی مێژووی کورد و شێواندویانن بۆ بەرژەوەندی نەژادەکانی خۆیان، و سڕینەوەی نەژادێکی ڕەسەن و سەردەرچووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە کاردۆخەکان بوونە.