شرۆڤه‌

چ لە ئیسڕائیل ڕوودەدات!

تێگەیشتنێکی سەرەتایی

 

  • لەبری بەرایی:

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست واناسێنراوە، کە سەرزەمینی ئاین و بیروباوەڕەکانە. ئەم فرەچەشنیی و کێڵگەی بیروباوەڕە بۆتە ماتۆڕی بەگەڕخستنی ململانێ و جەنگ. لەدوای دیزانکردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، سنور، ئیتنیک، ئاین و مەزهەب دەبن بە چوار تەوەری بنەڕەتی بۆ بەردەوامبوون، دامەزراندنەوە و تازەکردنەوەی ئەو جەنگە. وەک چۆن كڵاوس ویتز پێی وایە: “جەنگ درێژەدانە بە سیاسەت بەڕێگەی تر”، دەکرێت ئێمەش ئەم جەنگە بە سیاسەتێکی تازە وێنا بکەین بە ئامراز و شێوەی تر.

 

  • جەنگی ئەکتەرەکان:

ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماس-باڵی سەربازی هێرش دەکاتەسەر چەند پانتاییەکی ئیسڕائیلی. هێرشەکە لەدوای جەنگی ٦ ڕۆژەی عەرەب-ئیسڕائیل ساتەوەختێکی تازە و بێ پێشێنەیە. لەڕووی تەکتیکی جەنگ، جیۆپۆلەتیک، گرووپی بەئامانجگیراو، دەرگای چوونەژوورەوە، مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە و زۆر ڕەهەندی تر. لەڕاستیدا جەنگ لەسەردەمی ئێستادا بەزۆر شێوە گۆڕانی بەسەرداهاتووە؛ حەماس وەک ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتی Non-State Actor لە سێ گۆشەوە “ئاو، وشكانی و ئاسمانی” هێرش دەکاتە نێو پانتایی ئیسڕائیلی وەک ئەکتەرێکی دەوڵەتی State Actor کە پێدەچوو لە خەودا مابێتەوە و چاوەڕوانی ئاکتێکی وای نەکردبێت. هەرچەند لە ئەدەبیاتی جەنگدا دەبێت هەمیشە ئامادەبیت. سەرباز دەبێت زەوی بکات بە دۆشەک و ئاسمانیش بە بەتانی، بۆ ئەوەی ئاگایی و ئامادەبوون لەدەست نەدات. ئەمڕۆ ئیسڕائیل ئەو ئاگاییەی لەدەستدا، بەڵام ئەو لەدەستدانە سەرەتا و زەنگە بۆ بێداربوونەوە و کاردانەوە! وەک چۆن دوای ١١ی سێپتێمبەر زۆر شت گۆڕا لە دنیادا.

 

  • ئیسڕائیل لەناوەوە، ئیسڕائیل لە دەرەوە

هێرشەکەی ئەمڕۆ وایکرد ئیسڕائیل وەک دەزگا، سەرباز و جیۆپۆلەتیک لەناوەوە بمێنێتەوە، لە ماڵ “پێچەوانەی زنجیرە درامای فەوزا Fauda کە هەمیشە ئیسڕائیل لەنێو ماڵی دوژمندا ئامادەیە*”. لەڕاستیدا ئەم مانەوەیە پاڵنەری بنەڕەتییە بۆ هاتنەدەرەوەی بەخێرایی، بەتایبەت کاتێک ئەم جەنگە ڕەهەندیکی یەکجار قوڵ و ئاڵۆزی هەرێمی هەیە و دووبارە جەمسەرەکان لەشێوەی ناوەند-پەراوێز دەچنە نێو خولێکی تری جەنگان و ڕووبەڕووبوونەوە. حەماس ئەمجارە لە قوڵایی ستڕاتیژی دنیای ئیسڕائیلی ئامادەبوو، جوڵەی کرد و ڕێسای جەنگەکانی پێشووی دەستکاریکرد، بەڵام نابێت ئەوەمان بیربچێت، کە ئیسڕائیل ئەمجارە دەتوانێت لە قوڵایی ستڕاتیژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەبێت و کارا بێت <لێدان لە سوریا و ئێران و بەشێکی لوبنان> و داخستنی دەرگای جیۆپۆلەتیک و جیۆسیاسی بەسەریاندا.

 

  • ئاسایش و هێزی ناوچەیی

پێشتر وادەبینرا کە ئاسایش و سەرچاوەکانی ئاسایش بە تەنیا دەوڵەت و هێزی ڕەقن! ڕوانگەی ڕیاڵیزمەکان بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتنە بۆ ئاسایش باڵادەست و هەمیشە براوەیە. بەڵام ڕوانگەی نوێ بەتایبەت قوتابخانەی کۆپنهاگن بۆ ئاسایش، کۆمەڵگە و هێزی نەرم دەکات بەسەرچاوەی ئاسایش و لەناویشیدا سیاسەتی ناسنامە و ئاسایشی کۆمەڵگەیی. ئیسڕائیل لەڕوانگەی دەوڵەتەوە لە ئاسایش دەڕوانێت و بەڕێوەی دەبات. بەتایبەت لەپرسی بەها و ناسنامەدا. دیارە وڵاتانی تری ناوچەکەش هەمان تێگەیشتنیان بۆ ئاسایش هەیە بەتایبەت تورکیا و ئێران و سوریا و تەنانەت عێراقیش.

پێدەچێت ئەم دۆخە ئاسایشییە بەربەستی گەورەبێت بۆ ئیسڕائیل بۆ گەیشتن بە دۆخی ئاشتی یان هاوسەنگی هێز لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا. بۆشاییەکانی ئەمڕۆی نێو دامەزراوەی سەربازی نموونەی ئەو ئاڕگیۆمێنتەن. ڕەهەندێکی تری ڕووداوەکە، دامەزراندن و بوون بەهێزێکی ناوچەییە لە ڕێگەی ئیسڕائیلەوە، بەڵام بە دوو شێوەی جیاواز. دیارە <سعودیە و ئێران> لە هەوڵدان، یەکەمیان لە ڕێگەی سازان و خۆگونجاندن، ئەویتریش بە ڕووبەڕووبوونەوە و بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیا و پانتایی و جیۆپۆلەتیکی ئەوانیتر.

 

  • دووماهی:

ئیسڕائیل و فەلەستین <حەماس و فەتح و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی> زیاتر لە نیو سەدەیە لە جەنگدان. جەنگی کلاسیک، جەنگ لە ئاسمان، جەنگی کۆڵان بە کۆڵان و فۆڕمەکانی تر. ئەمجارە حەماس چۆتەنێو بۆشایی و کەلێنەکانی جەستەی ئیسڕائیلەوە، بەڵام زۆر سەختە بتوانێت بمێنێتەوە و درێژە بەم شێوە تازەیەی هێرشبردن و مانەوەیە بدات، بەتایبەت حەماس هێزێکە هێشتا وەک پەراوێز دەردەکەوێت و ناوەندەکەشی توانای جەنگی لەناو پانتایی ئیسڕائیلی لاواز و زۆر سنوردارە. ئیسڕائیل بێتەدەرەوە و بچێتە قۆناغی هێرشکردنەوە، گۆڕانی خێرا دێتەکایەوە. گۆڕان لە سیستەم، هاوسەنگی هێز، بەهاکان، مەیدانی جەنگ، فرەوانخوازی و مانەوە، هەژموون و جیۆپۆلەتیک و دابەشکردنەوەی ڕۆڵەکان وەک چۆن دوای ١١ی سێپتێمبەر هاتنەدەرەوەی ئەمەریکا دەستکاری چەند ڕژێم و ڕێسایەکی کرد لە ناوچەکەدا.  پێدەچێت بگەڕێینەوە بۆ چیڕۆکی <لەچاوەڕوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستێکی تازەداین> بەتایبەت کاتێک دەگوترێت: لەجەنگداین و براوەین! جەنگ وەک سیاسەت بەڵام بەڕێگەی تر.

 

*فەوزا، زنجیرە درامایەکی هەواڵگری ئیسڕائیلییە و لەچوار وەرز پێکدێت. باس لە ململانێی نێوان مۆساد و حەماس دەکات، کە هەمیشە ئیسڕائیل تێیدا براوە و زاڵە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...