جلوبەرگی تایبەتی میلەتێک، یان ئاین و بیروباوەڕی کۆمەڵگایەک، دابونەریتی خزمایەتی و هاوسەرگیری و کەرەستەکانی ناو چێشتخانەی گەلێک، پرس و ڕاویژ و پاداشت و سزادانی کەسێک لە هەر گرووپێکی مرۆیی‌دا، وەکو کەلەی سەر و ڕەنگی پێست و شێوەی چاو و لووت و قەد و باڵا نییە، لە باوانەوە لە ڕێگای جیناتەوە بۆ نەوەکانیان بگوازرێتەوە، ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندیانە لە ژینگەی کۆمەڵایەتییەوە وەردەگیرێن و تاک فێریان دەبێت.
یەکێک لەو تایبەتمەندییە وەرگیراوانەی بە نیشانەیەکی ڕوونی لێکجیاکردنەوەی گرووپە مرۆییەکان دادەنرێت، پرسی فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردن و ڕیزبەندی دەسەڵات و دەزگای دادوەری و ڕێوشوێنی یاساییە، لە ژیانی هەر کۆمەڵگایەکدا.
گرووپە مرۆییە سەرەتاییەکان چۆن فەرمانڕەواییان کردووە؟ سەرچاوەکانی یاسا چی بووە لایان؟ ئەم شێوازی فەرمانڕەواییە چۆن گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چۆن سەرچاوەکانی یاسا گۆڕاون؟ کۆمەڵگاکانی ئێستا چەند لە گرووپە سەرەتاییەکان جیاوازن؟ چۆن ئاستی گەشەکردنی گرووپە مرۆییەکان لە ڕێگای شێوازی فەرمانڕەواییەوە بزانین؟ بۆ نموونە: چ ڕەگەزێکی فەرمانڕەوایی لەم ڕۆژگارەدا، ڕێک بە شێوازی فەرمانڕەوایی چاخی بەردین دەچێت؟ حکوومەت چییە و کەی لە ناو گرووپە مرۆییە سەرەتاییەکاندا دروست بووە؟ شێوە سەرەتاییەکانی حکوومەت چۆن بووە و دواتر حکوومەتەکان چۆن گەشەیان کردووە؟ ئەمانە پرسیاری زانستی (ئەنترۆپۆلۆژی)یان، و نزیکەی دوو سەد ساڵە ئەنترۆپۆلۆژیستەکان وروژاندوویانە و بە دوای وەڵامدانەوەیاندا گەڕاون، بەراوردی قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگاکانیان، لە ڕێگای پێگەیشتنی دامودەزگا و دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنەوە کردووە.
لەو تایبەتمەندییە وەرگیراوانەی كه بە نیشانەیەکی لێکجیاکردنەوەی گرووپە مرۆییەکان دادەنرێت، پرسی فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردن و ڕیزبەندی دەسەڵات و دەزگای دادوەرییه
لە بەر ڕۆشنایی ئەو پرسیارانەی سەرەوەدا، قسەکردن لەسەر فەرمانڕەوایی یان حوكمهتداری (واته لە گرووپێکی مرۆیی‌دا حكوومه‌ت یان هه‌یئه‌تێك، یان ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هه‌بێت)، به مانا زانستی و فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی، لە ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژیاوە زۆر له‌وه گه‌وره‌تر و ئاڵۆزتر و فره‌ڕه‌هه‌ندتره له‌وه‌ی ئێمە بیری لێ دەکەینەوە.
نووسین و توێژینەوە لە دەسەڵات و وەرگرتنی شەرعیەت لە کلتوری کۆمەڵگاکاندا، لە مێژووی ئەنترۆپۆلۆژیا و لقەکانی و فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا نوێ نییە، بابەتی فەرمانڕەوایی و حكوومه‌ت و جۆره‌كانی ده‌وڵه‌ت و شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵك و كاربه‌ده‌ستان و ماف و ئه‌رك و سنوری توانای فه‌رمانڕه‌واییه‌كان، هه‌میشه یه‌كێك بووه له بابه‌ته سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه‌كانی فەلسەفە و ئەو زانستانە.
هه‌ر له كۆنه‌وه ئه‌فڵاتون له کتێبی كۆمار و ئه‌رستۆ له کتێبی سیاسه‌ت و فارابی له کتێبی سیاسه‌تی مه‌ده‌نی و دواتریش له سه‌ده‌كانی حه‌ڤده و هه‌ژده‌دا تۆماس هۆبز و جۆن لۆك و ژان ژاک ڕۆسۆ توێژینەوەیان له‌سه‌ر ڕیشه سروشتی و سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت كردووه.
له سه‌رده‌می نوێشدا ئه‌دوارد سه‌عید كتێبی (ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و ڕۆشنبیری) و جۆزیف كهشیشیان له چه‌ند به‌رگێكدا کتێبی (ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی بۆماوه‌یی له وڵاتانی عه‌ره‌بی) و ئهلراش بیك (ده‌سه‌ڵات و دژه ده‌سه‌ڵات له چاخی جیهانگیری) و ناسیف نه‌سار کتێبی (لۆژیكی ده‌سه‌ڵات)یان نووسیوه.
بە دڵنیاییەوە جگه له مانه‌ش ده‌یان کتێب و سه‌دان توێژینه‌وه له كۆمه‌ڵگا جیاوازەكاندا له باره‌ی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییه‌وه نووسراون و ئه‌نجامدراون.
ئه‌گه‌ر شیکردنەوە مێژوویی و توێژینه‌وه ئەنترۆپۆلۆژییهكانی خۆمان به هه‌ر گه‌لێكی زیندووی ئه‌م جیهانه به‌راورد بكه‌ین، ئێمه زۆر له دواوه‌ی هه‌موو گه‌لانی جیهانین له‌م بواره‌دا، تا ئیستاش هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناسەکان زۆر باشتر و لە خۆمان وردتر بە بنج و بنەوان و ڕەگ و ڕەچەڵەکی ئێمەدا شۆڕ بوونەتەوە.
تا ئێستا به ده‌گمه‌ن توێژه‌رێك یان ئه‌كادیمستێك یان مامۆستایه‌كی زانكۆ له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌و پرسیاره‌ی لا دروست بووه، ئەرێ ئەوەی تا ئێستا لەسەر کورد نووسراوە ڕاستن؟ تایبەتمەندییەکانی کورد چین؟ کەی دەسەڵاتی کوردی پەیدا بووە؟ حكوومه‌ت چییه؟ حكوومه‌ت چۆن پێكدێت؟ حكوومه‌تی چاك چۆنه؟ ده‌سه‌ڵات چۆن وه‌رده‌گیرێ و چۆن شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێ؟ چۆن ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌كرێ؟ باشترین میكانیزم بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات چییه؟ كێ ده‌توانێت شه‌رعیه‌ت له ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێته‌وه؟ په‌یوه‌ندی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات ده‌بێ چۆن بێت؟ چ دەسەڵاتێک بۆ کۆمەڵگای ئێمە باشە؟ ئەمانە و ده‌یان پرسیاری تر كه پەیوەندیان به ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك و ئاینده و چاره‌نوسیانه‌وه هه‌یه و له لای ئێمه به ئاسانی و به ئاسایی به‌سه‌رماندا تێده‌په‌ڕن.
به ده‌گمه‌ن توێژه‌رێك یان ئه‌كادیمستێك یان مامۆستایه‌كی زانكۆ له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌و پرسیاره‌ی لا دروست بووه، ئەرێ ئەوەی تا ئێستا لەسەر کورد نووسراوە ڕاستن؟
بێگومان هۆكاری دواكه‌وتوویی ئێمه له‌م بواره‌دا زۆرن، چ له ژێر كاریگه‌ری ڕه‌وشی سیاسی كۆمه‌ڵگای كوردی و دابه‌شبوون و ژێرده‌سته‌یی و به‌كارنه‌هێنانی زمانی كوردی و دره‌نگ به‌ده‌ركه‌وتنی خوێندن و ناوه‌ندی توێژینه‌وه و توێژه‌ری بێلایه‌ن و… هتد، چ له ژێر كاریگه‌ری بونیاد و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردن بێت.
هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا دره‌نگ دروستبوونی شار و پێویستییه‌كانی ڕێكخستن له شاردا، جگە لە داگیرکردنی کوردستان و دابەشکردنی و ژیانی کۆمەڵگای کوردی لە ژیر دەسەڵاتی نەتەوەکانی دیکە، کە حکوومەتی دیکتاتوری و حکوومەتداری لە لایەن ئەوانەوە بووە و کورد وەکو داگیرکەر و سەرکوتکەر سەیریانی کردووە و هەڵسەنگاندنی بۆ نەکردووە.
لە ڕابردوودا دوو ڕێگا لە بەردەم توێژەران و نووسەرانی کورددا هەبووە، یان بۆ مانەوە و پاراستنی ژیانی خۆیان تەسلیم بوون و خۆیان بە دەستەوە داوە و لەگەڵ داگیرکەران خۆیان گونجاندووە و ڕەخنەیان نەگرتوە و توێژینەوەیان لەم بوارە هەستیارەدا نەکردووە، یان وەکو پەرچەکردارێکی توندڕەوی و توندوتیژییەکانی داگیرکەران، ئەوانیش یاخی بوون و لە باکگراوندێکی پڕ ڕق و قین و توڕەییەوە دەستیان داوەتە قەڵەم و لایەنگرانە نووسیویانە و نەپڕژاونەتە سەر توێژینەوەی ورد و زانستییانە لەمەڕ دەسەڵات.
هه‌موو ئه‌مانه هۆكارن بۆ به‌ده‌رنه‌كه‌وتنی توێژینه‌وه‌ی زانستی بە گشتی، بە تایبەت تویژینەوەی ئەنترۆپۆلۆژیی مەیدانی و ئه‌نجامنه‌دانی كاری هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌سه‌ڵات و شێوازی بەڕێوه‌بردن له كوردستاندا، کە سەرەڕای داگیرکردنی کوردستان لە لایەن زلهێزە هەرێمییەکانەوە، بەڵام بە درێژایی میژووی کورد جۆرێک لە دەسەڵاتی لۆکا‌ڵی و سنورێکی سەربەخۆی لە بەڕێوەبردندا هەبووە، بەتایبەت لە ماوەی ٣٠ی ساڵی ڕابردوودا، ڕەوشەکە لە باشوری کوردستان گۆڕاوە، جۆرێک لە دانپێدانانی نێودەوڵەتی و قەوارەیەکی پارێزراوی هەیە، بۆیە لە پێناو پاراستنی نەتەوەییدا، ڕەخنەگرتن و هەڵسەنگاندنی فەرمانڕەوایی کوردی بووە بە یەکێک لە بابەتە پێویستەکان.
کاتی ئەوە هاتووە، زانستییانە دەسەڵاتی کوردی بخرێتە ژێر تیشکی توێژینەوەی زانستی بێلایەن و دوور لە ڕق و کینە یان سۆز و خۆشەویستی.
ئەگەر لە ڕابردوودا به بیانووی قۆناغی خەباتی ڕەوا و بەکاریزما سەیرکردنی ڕابەرانی ئەم خەباتە و بە پیرۆز سه‌یركردنی هه‌ندێك سه‌ركرده و دانانی له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ڕه‌خنه و تێبینی، کارێکی باش بووبێت!، ئێستا ئەو قۆناغە تەواو بووە، کاتی بە دواداچوون و لێپرسینەوەیە.
ئەنجامنەدانی هەڵسەنگاندنی زانستییانە بۆ دەسەڵات و فەرمانڕەوایی لە باشوری کوردستان، یەکێکە لەو هۆکارانەی وایكردووه پرسی نەتەوەییمان لە سەر ئاستی دەرەوە نەچێتە پێش، لە سەر ئاستی ناوخۆش بەڕێوەبردنێکی دامەزراو لەسەر مەعریفەی زانستی و شێوازی مه‌ده‌نی و دیموكراسی و یاساییمان نه‌بێت، کە بە لایەنی کەمەوە دەبوو لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بناغەکانی ئەو دەسەڵاتە بونیادبنرایە، نەک بە پێچەوانەوە بۆ فۆڕمێکی دواکەوتوو و خراپتر لە فەرمانڕەوایی میرنشینی سەدەکانی ڕابردوو بگەڕێینەوە.
کورد و سی ساڵ ده‌سه‌ڵات و فه‌ڕمانره‌وایی له هه‌رێمی كوردستان، شایانی دەیان توێژینەوەی هەڵسەنگاندنە، خەسڵەتە ئەنترۆپۆلۆژییەکانی کورد چین؟ بونیادی کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگایە چۆن دروست بووە و سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایی لەو بونیادەدا چۆن پێکهاتووە؟ دوژمن و نەیارەکانی کورد کێن و چۆن کار دەکەن؟ ئاستەنگەکانی ئەم دەسەڵاتەی خۆمان چییە؟ ئەو کارانەی ناتوانێت بیکات چین؟ ئەو کارانەی دەتوانێت بیانکات چین؟ چیی کردووە بۆ نەتەوەسازی و نیشتمانسازی؟ چیی پێویستە بیکات؟ بۆچی ئەو کارانە ناکات، کە لە خزمەتی نەتەوەییدان و دەتوانێت بیانکات؟… هتد.
پێویستە بە میتۆد و ڕێباز و میکانیزمی زانستی و دوور لە ڕق و کینەی ڕابردوو و زۆر بێلایەنانە، وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێتەوە.