
لە سێ دەیەی حەفتا و هەشتا و نەوەدەکاندا، هەرێمی کوردستان لانیکەم چوار قەیرانی ئابووری بەشێوەیەکی زنجیرەیی تێپەڕ کردووە. هەریەک لە قەیرانەکان لە ئەنجامی گەمارۆیەکی ئابوورییەوە دروست بوون کە ڕژێمەکانی عێراقی بەسەر خەڵکی کوردستانیاندا سەپاندووە.
هەر دوو قەیرانی سەرەتای نەوەدەکان و قەیرانەکەی ئێستا کە لە ٢٠١٤ەوە بەتایبەت زەق دەبێتەوە، لەڕووی کارتێکەرییەوە لەسەر بنکەی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی خەڵک، جیاوازن لە قەیرانەکانی دەیەی حەفتا و هەشتا. جیاوازییەکەیش پێوەستە بە دامەزراندنی یەکەمین پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشە ئازادکراوەکانی باشووری کوردستاندا.
لەو دوو قەیرانەی دواییدا، خەڵک ڕووبەڕوون لەگەڵ دەسەڵاتێکی خۆماڵی و جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی ئەزموون دەکەن. ئەوەش زەمینەسازی دەکات بۆ ئەو تێگەیشتنەی کە دەسەڵاتە خۆماڵییەکە بەرپرس بزانێت لە بەرانبەر قەیرانەکاندا. بە پێچەوانەی قەیرانەکانی دەیەی حەفتا و هەشتا کە هێشتا خۆبەڕێوەبەری لەئارادا نەبوو.
سەرەڕای ئەوەی لەو ساڵانەدا، دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەری کارتۆنی بەناوی ئەنجوومەنی یاسادانان و جێبەجێکردن (تەشریعی و تەنفیزی) هەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی لە ئاست بنکەی کۆمەڵایەتی وەک دەسەڵاتێکی خاوەن شەرعیەت سەیر نەکراوە و بە نوێنەرایەتیی سیاسی وەرنەگیراوە، لەبەرئەوە ڕووی خەڵک لەناوخۆ نەبووە و نیگەرانییەکانی ڕاستەوخۆ بە عێراقەوە گرێداوە.
لە قەیرانەکەی ئێستا، دوای زیاتر لە سی ساڵ لە پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنەی بە بەرپرس دەزانرێت دەسەڵاتی سیاسی کوردستانە. ئەوە لە سەرێکەوە دەکرێ وەک نیشاندەرێکی گرنگ لێکدانەوەی بۆ بکرێ؛ خەڵک دەسەڵاتەکە بە هیی خۆی دەزانێ و چاوەڕوانی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانی لێ دەکات.
بەڵام ئەو دۆخە، لایەنێکی تەواو نەرێیی هەیە. ئەوەی لە ٢٠١٤ بەدواوە ڕوودەدات، بەبێ هیچ چەندوچوونێک ئەلقەیەکە لە هەمان زنجیرەی گەمارۆکان کە لە دەیەی حەفتاوە درێژ دەبنەوە، بەڵام نیگەرانییەک لە گەمارۆسازەکە نییە و سەرنجەکە لەسەر دەسەڵاتە خۆماڵییەکەیە.
حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان، بە کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی، متمانەی هاووڵاتییانی لەدەستداوە. هۆکارە ناوخۆییەکان وەک دزی و گەندەڵی، ناسەروەری یاسا، خۆسەپێنی و لاوازی دامەزراوە شەرعییەکانی دروستکردنی بڕیار لە بەرانبەر هێزی حزب و تاکەکەسدا و … هتد. هۆکارە دەرەکییەکەیش خۆی لە پیلانی داگیرکەر دەبینێتەوە لە بەرپاکردنی ئەو گوتارەی کە ئیش بۆ ملکەچپێکردن و خۆبەدەستەوەدان لەناو گەلی بندەستدا دەکات. ئەو گوتارە جۆرێک ئیش دەکات، کە بەرپرسیارێتی نەهامەتییەکان بخاتەوە ئەستۆی گەلی کوردستان خۆی و لەوەشدا تا ئاستێکی گەورە سەرکەوتوو بووە.
نابێ هیچ کات لە بیرمان بچێت فەوزا و گەندەڵی و بەربەڕەڵڵایی لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان هۆکاری یارمەتیدەرە لە جێکەوتبوونی گوتارە دەرەکییەکە.
خاڵێکی گرنگ کە دەبێ جەختی لەسەر بکەینەوە، ئەوەیە کە قەیرانی متمانە زۆر مەترسیدارتر و کوشندەترە لە قەیرانی ئابووری، خەڵک بەرگەی هەر نەهامەتی و برسێتییەک دەگرێ کاتێک متمانەی هەیە نوێنەرایەتییەکەی لەسەر ڕێگەیەکی ڕاست دەڕوات، درۆی لەگەڵ ناکات، فریوی نادات و چەواشەی ناکات، پاک و ڕاستگۆیە لەگەڵی و بە پێچەوانەیشەوە خەڵک کاتێک متمانە لە دەست دەدەن، باشترین دۆخی ئابوورییش دادی هیچ شتێک نادات، بەتایبەت ئەوەی لە پێوەندی خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی دەگوزەرێ.
سەرەتای دەرکەوتن و زەقبوونەوەی قەیرانی متمانە لە هەرێمی کوردستاندا بۆ دەیەی زێڕینی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە دەگەڕێتەوە کە ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠١٣) بوو! لەگەڵ زەقبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکە لە دوای ٢٠١٤ەوە، قەیرانی متمانەیش زیاتر و زیاتر گەشە دەکات. ئەو گەشەیە هاوکاتیش بوو لەگەڵ لێکترازانی سیاسی و ئەو فەوزا و بێسەروبەرییەی لە سیستمی سیاسی و ئیداری کوردستاندا بەرپاکرابوو.
قەیرانی متمانە، زۆر گرێدراوە بەو گوتارەی بەرەو بنکەی کۆمەڵایەتی و ڕای گشتی ئاڕاستە و وەبەرهێنانی لەسەر دەکرێ. هەر لەوەتەی پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمەوە، شتێک کە حکوومەت و دەسەڵاتە سیاسییەکە نەیبووە، گوتار بووە. حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی دەبێ “دەزگەی زمان”ی هەبێ، حکوومەت مەخلووقێکی قسەکەرە نەک بەستەزمان!
سەرنج بدە لە هەرێمی کوردستاندا، حزب و تاکەکەسی خاوەن دەسەڵات بە مندار و توارەکانییانەوە میدیا و دەزگەی زمانیان هەیە، بەڵام دەوڵەت/حکوومەت نییەتی! هەموو ئەو گوتارەی لەو ناوەندانەوە پێشکەش دەکرێ، تەنیا ئەرکی تایبەتی هەیە، نەک گشتی، ئەوەیش کە ئێمە پێداگیری لەسەر دەکەین بریتییە لە ئەرک و بەرژەوەندی گشتی.
ئەگەر حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لەوە تێنەگات کە پێش قەیرانی ئابووری، دووچاری قەیرانی متمانە بووە، وەک ئەوەی تا ئێستا نایەوێ تێی بگات، گەڕانەوەی مووچە و بودجە و تەنانەت گەڕانەوە بۆ دەیەی زێڕینی ئابووری ٢٠٠٣-٢٠١٣ کە ئەستەمە، دادی خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی نادات و ناتوانێ مەترسییە جددییەکە لەسەر هەرێمی کوردستان بە خەڵک و دەسەڵاتەوە تێپەڕێنێ.
هەروەها، ئەگەر حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە بایەخی دەزگەی زمان تێنەگات، وەک ئەوەی تا ئێستا تێی ناگات، لەبەردەم ڕۆژانێکی پڕ لە هەراوزەناتر دەبین.