هه‌واڵ

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی ئەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان نەهێشتنی قەوارەی هەرێمە و داوایش لە حکوومەتی عێراق دەکات هەنگاوی کرداری بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسی گرووپە لەیاسادەرچووەکان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ هەینی ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ” ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بە گرنگی دەزانێت حکوومەتی عێراق هەنگاوی کرداری بنێت “بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت”.

زیاتر دەڵێ: ” داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەکەین، کە ڕێکاری جددی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانیمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت”.

مەسرور بارزانی هەر لە پەیامەکەیدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، “بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماع و بێویژدانیی خۆیان”.

 

دەقی پەیامەکە:

 

ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت.

خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکوو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا، تەنیا شکست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن و خائینان دەمێنێتەوە.

سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەکەین، کە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات.

گرنگە هەنگاوی کرداری لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت.

داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەکەین، کە ڕێکاری جددی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانیمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

داوا لە خەڵکی کوردستانیش دەکەم، بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفرۆش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماع و بێویژدانیی خۆیان.

داواکارم خوای گەورە، هێزی زیاترمان پێ ببەخشێت، تاکوو بەردەوام بین لە درێژەدان بە ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەرکەوتن.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2024/1/26

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button