شرۆڤه‌كه‌لتوور

چەردەیەک لە مێژووی ڕۆژووگرتن

ڕۆژووگرتن یەکێکە لەو ئەرک یان تەقوسە ئایینییانە کە زۆرینەی ئایینەکانی ئەم سەردەمە تێیدا هاوبەشن. هەندێک لە ڕۆژووگرانی ئەم سەردەمە سەر بە ئایینە ئاسمانییەکان و ئەوانی تریش نائاسمانی، لەوانەش کریستیان و ئیسلام و یەهودی، ئێزیدی، بودایی، هیندۆسی، سابیئە، جاین و تائۆیزم.

 

بەڵام ڕیشەی ڕۆژووگرتن دەگەڕێتەوە بۆ چ سەردەمێک؟

هەندێک لە توێژەران پێیان وایە ڕۆژوو دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دە هەزار ساڵ لەمەوبەر. ئەو سەردەمەی کە هێشتا کشتوکاڵ گەشەی نەسەندبوو و مرۆڤ بەگشتی لەسەر ڕاوکردن دەژیا.

بەگوێرەی ئەم تێزە، هەندێک جار مرۆڤی ڕاوچی بەر لە ڕاوکردن بەڕۆژوو دەبوون، ئەمەش وەک جۆرێک خۆڕاهێنان بووە لەگەڵ ژینگەی دژواری ئەوسا، کە هەموو جارێک ڕاو و شکار هێندەی خواردن بۆ مرۆڤەکان دابین نەکردووە، ناچار بوون، بە ڕۆژووگرتن خۆیان لەگەڵ برسێتی ڕابهێنن. هەندێکی تریش پێیان وایە ئەمە چاولێکەری مرۆڤ بووە بۆ ئەو ئاژەڵە کێوییانەی کە لە دەوروبەری مرۆڤ ژیاون، لەوانەش ورچ، کە ساڵانە ماوەیەک خۆی لە خواردن دوور دەخاتەوە.

 

ڕۆژووی ئایینی کەی سەریهەڵداوە؟

زۆرێک لە توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن، کە ڕۆژوو وەک ڕیچواڵ (تەقوس)ێکی ئایینی ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییە کۆنەکانی هیندی و چینی و یۆنانی و میسری و ڕۆمانی. واتە بۆ پێش سەرهەڵدان و گەشەسەندنی ئایینە ئاسمانییەکان (ئیبراهیمییەکان).

مرۆڤی ئەو شارستانییە کۆنانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، بە ئامانجی جۆراوجۆر ڕۆژوویان گرتووە. لەوانەش ڕازیکردنی خواکانییان بووە. هەر کام لەم کۆمەڵگایانە باوەڕییان بە کۆمەڵێک خوداوەند هەبووە، هەندێکییان خوداوەندی شەڕ و ئەوانی تریش ڕسق و ڕۆزی.

 

ڕۆژووگرتنی ئایینی زیاتر لە ١٠٠٠ ساڵ پێش سەرهەڵدانی ئایینە ئاسمانییەکان هەبووە.

 

نموونەیەکی زیندووی ڕۆژووگرتنی ئایینە نا ئاسمانییەکان هیی میسرییە کۆنەکانە. میسرییە کۆنەکان، ڕۆژوویان بۆ خوداوەند ئیزیس دەگرت. لە ئەفسانە و میتۆلۆژیای میسرییەکاندا ئیزیس توانای زیندووکردنەوەی مرۆڤی لەم دنیا و لەو دنیادا هەیە و ڕۆژووگرتنەکەش بۆ ئەو مەبەستە بووە.

پەرستشی خوداوەند ئیزیس سنوورەکانی میسر تەی دەکات و دەگاتە ناو یۆنانی و ڕۆمانەکان.

کۆنترین باسی خوداوەند ئیزیس لە شانشینی کۆنی میسرییەکان (نزیکەی ٢٦٨٦ – نزیکەی ٢١٨١ پێش زایین) تۆمارکراوە. ئەم سەردەمە بە سێیەم قۆناغ لە شەش قۆناغی حوکمڕانی فیرعەونەکان دادەندرێت. هەڵبەت، پەرستشی ئیزیس و ڕۆژووگرتن بۆی پێش قۆناغی سێیەمی حوکمڕانی فیرعەونەکان دێت.

مەزەندە دەکرێت سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئایینی جوو، کە کۆنترین ئایینی ئیبراهیمییە، بگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر. بەو پێیە بێت، ڕۆژووگرتنی ئایینی لانی کەم ١٠٠٠ ساڵ پێش دەرکەوتنی ئایینە ئیبراهیمییەکان بووە.

 

ڕۆژووگرتنی ئایینی لای هیندۆس و بوداییەکان

ڕۆژووگرتن لە هەر کام لە ئایینی هیندۆسی و بوداییدا بە بڵاوی پراکتیزە دەکرێت. لە هیندۆسیدا وەک هۆکارێکی پاکیزەیی ڕۆح و لە بوداییشدا وەک هۆکارێکی دیسپلین و ڕاهێنانی ناخ و ڕۆح. هەندێک لە هیندۆسەکان لە ڕۆژێکی دیاریکراوی هەموو هەفتەیەکدا، هەندێکییان لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراوی مانگێکدا و هەندێکی تریش لە چل ڕۆژی پێش جەژنی چاتورماس بەڕۆژوو دەبن.

 

چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوون

بەگوێرەی تەورات، ماوەی چل ڕۆژ موسا لەگەڵ خوادا گفتوگۆی کردووە و لەماوەی ئەو چل ڕۆژەدا بەرۆژوو بووە.

سیدهارتا گاوتما پێویستی بە ٤٩ ڕۆژ هەبوو، تا ناخی ڕۆشن ببێتەوە و بگاتە هەقیقەت. هەڵبەت، ئەو وەکوو موسا لەدیداری خوادا نەبوو، بەڵام هاوشێوەی موسا بووە دامەزرێنەری ئایینێک، کە ئایینی بوداییە.

نە چل ڕۆژووگرتنەکەی موسا بووە بەرنامەی ڕۆژووگرتنی جووەکان و نە ٤٩ ڕۆژەکەی گاوتماش هیی هیندۆسەکان. بەڵام، ژمارەی ڕۆژووەکانیان لەساڵێکدا زۆر لەیەک دەچن. هەر کام لە جووەکان و بوداییەکان ساڵانە شەش ڕۆژ بەرۆژوو دەبن.

ڕۆژووگرتن بۆ چل ڕۆژ، لای بەشێک لە پەیڕەوانی دوو ئایین پەیڕەو دەکرێت که هیندۆسی  و کریستیانن.

 

سی ڕۆژ بەڕۆژوو بوون

هەریەک لە پەیڕەوانی ئایینی سابیئی و ئیسلام ساڵی مانگێک بەڕۆژوو دەبن. ڕۆژووی ئایینی سابیئی وەک یەکێک لە ئایینە کەوناراکانی میزۆپۆتامیای خواروو جێگای سەرنجە. سابیئەکان نۆ ڕۆژ بۆ مانگ بەڕۆژوو دەبن و نۆ ڕۆژیش بۆ خوداوەندی پیرۆز (ئەستێرەی موشتەری) و نۆ ڕۆژیش بۆ خوداوەندی چاکەکار (ڕۆژ) بەرۆژوو دەبن. ڕۆژوو لە ئیسلام و سابیئیدا هەر لە ژمارەی ڕۆژووەکان لە ساڵێکدا لەیەک ناچن، بەڵکو لە پەیڕەوکردنی جوڵانەوەی مانگ لەلایەک وەک بنەمایەک بۆ کاتی ڕۆژووگرتن لە ساڵێکدا، هەروەها هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر، بۆ دیاریکردنی کاتی بە ڕۆژوو بوون لە ڕۆژێکدا. جگە لەوە، لە نۆ ڕۆژەی  ڕۆژووگرتن بۆ خۆر، هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک لە پێش هەڵاتنی خۆر تا دوای ئاوابوونی خۆر ناخۆن.

 

ڕۆژووگرتن بەپێی خواردن و خواردنەوە

لە زۆرینەی ئایینە دنیاییەکاندا ڕۆژووگرتن تەنیا خۆبواردنە لە هەندێک خواردن و خواردنەوە، واتە ڕۆژووگرتنێکی بەشەکی (جزئییە) نەک تەواو. ئایینی کرستیانی، تاکە ئایینێکی ئاسمانییە کە ئەم شێوازە ڕۆژووگرتنە پەیڕەو دەکات.

پێچەوانەی کریستیانەتی و ئایینە نائاسمانییەکانی تر، لەهەریەک لە ئیسلام و یەهوودیدا ڕۆژووگر دەبێت هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک نەخواتەوە. سابیئییەکانیش لە نۆ ڕۆژەی بەڕۆژووبوون بۆ خوداوەندی خۆر بەهەمان شێوە، هیچ ناخۆن و ناخۆنەوە.

 

هیندییە سوورەکان و ڕۆژووگرتن

سەرنجراکێشترین پرسی پەیوەست بە ڕۆژووگرتن، ڕۆژووی هیندییە سوورەکانە. ئەوان کە تا پێش دۆزینەوەی کیشوەرەکانی ئەمریکای باکوور و باشوور لە کۆتایی سەدەی پازدەهەم، لەتەواوی دنیا دابڕابوون، چاوەڕوان نەدەکرا بە ڕۆژووگرتن ئاشنا بن. بەڵام، مێژوو و واقیعی حاڵ وا ناڵێت. هیندییە سوورەکانیش، هاوشێوەی دانیشتوانی سێ کیشوەرەکەی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا، بەشێواز و فۆڕمی جۆراوجۆر بەڕۆژوو بوون. ڕۆژووگرتنی ئەوانیش بۆ مەبەستی جۆراوجۆری ئایینی و ڕۆحی و ئابووری بووە.

 

زەردەشتی ئایینی بێ ڕۆژوو

هەرچەند زەردەشتییەکان لە مانگی ڕێبەنداندا گۆشتییان نەدەخوارد، بەڵام ڕەنگە زەردەشتی تاکە ئایینێک بێت، کە داوا لە پەیڕەوانی دەکات کە ڕۆژوو نەگرن. بەگوێرەی ئەو ئایینە، برسێتی و تینوێتی دەبێتە هۆی لاوازبوونی جەستە و ناکارابوون و تەمبەڵبوونی مرۆڤ و کەمبوونی بەرهەم و چالاکی کۆمەڵگا.

 

ڕۆژووی زانستی (تەندروستی)[/box

ڕەنگە لەم سەردەمەدا ڕۆژووی زانستی/تەندروستی بڵاووترین جۆری ڕۆژوو بێت. دوو لە باوترین جۆرەکانی ڕۆژووە لە فۆڕمی مەدەتریان دایەت (ڕێجیمی دەریای سپی ناوەراست) و ئینتەرمیتەنت دایەت (ڕێچیمی پچڕپچڕ، بەیناوبەین)ن.

پێچەوانەی ڕای باو، ڕیشەی ئەم جۆرە ڕۆژووە ناگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیستەم. بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زایین. ئەوسا پزیشکی یۆنانی هیپۆکراتیس پێشنیازی ڕێجێمکردن، واتە خۆبەدوورگرتنی بەبەرنامە لە خواردن یان خواردنەوەی بۆ هەندێک لە نەخۆشەکانی کردووە. ئەو وای بیردەکردەوە کە ڕۆژووگرتنی زانستی بەشێکی سروشتی گرنگی پڕۆسەی چاکبوونەوە بێت. فەیلەسوفە یۆنانییەکانی تر لە بابەتی ئەفلاتوون و سوقرات و هەروەها پلوتارک بایەخییان بە ڕۆژووی پزیشکی داوە.

٢٥٠٠ ساڵ دواتر و لەسەدەی ٢١دا، دکتۆرەکان و پسپۆڕانی بواری خۆراک و تەندروستی پشتڕاستی کاریگەری ڕۆژووی زانستی/پزیشکی دەکەن، لەوانەش ڕێجیمی پچڕپچڕ. لەم ڕۆژوودا، کەسی بەڕۆژوو لانی کەم ماوەی ١٦ سەعات خۆی لە هەموو جۆرە خواردنێک دەبوێرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ڕێژەیەکی زۆری ئاو دەخواتەوە. لەهەشت کاتژمێرەکەی تریشدا، دوو ژەم خواردنی گونجاو دەخوات.

 

بە ئومێدی ڕۆژووی ئاسان و تەندروست لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ سەرجەم ڕۆژووانانی کوردستان .

ئارام ڕەفعەت

نووسەر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...