هه‌واڵ

شارەوانیی سلێمانی: زیادەڕۆییەکانی گوندی ئەڵمانی هەڵگیران

شارەوانیی سلێمانی بەشێک لە پەرژینی گوندی ئەڵمانی هەڵدەگرێت کە بەشێوەی زیادەڕۆ دروستکراوە و میدیای نەوەی نوێیش یەکێتی بە داگیرکردنی زەوی هاووڵاتییان تۆمەتبار دەکات.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤، سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی، بەشێک لە پەرژینێکی ناو گوندی ئەڵمانی بە شۆفڵ لابرد و ڕایگەیاند، پەرژینەکە بەشێوەی زیادەڕۆیی دروستکراوە و بووەتە بەربەست لەبەردەم هاووڵاتییان کە زەوییەکانیان بەکاربهێنن.

عوسمان عارف لێپرسراوی بەشی لابردنی زیادەڕەوی لە شارەوازی سلێمانی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، “بەفەرمانی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ ئەو پەرژینەمان لابرد کە لەناو گوندی ئەڵمانی زیادەڕەوی کرابووە سەر موڵکی هاووڵاتییان و پێشتریش جارێکی دیکە ئەو زیادەڕەوییە لابراوە و لەلایەن کۆمپانیای نالیاوە پەرژینەکە دروستکراوەتەوە”.

زیاتر گوتی: “لابردنی ئەو زیادەڕۆییە کە لەناو گوندی ئەڵمانییە، لەسەر سکاڵای خاوەن مووڵکەکان دێت کە لەلایەن کۆمپانیای نالیاوە رێگەیان پێنادرێت بچنە سەر موڵکەکانیان و بیکەنە یەکەی نیشتەجێبوون، بۆ ئەوەش شارەوانیی سلێمانی زیادەڕەوییەکەی لابرد و ڕێگەیەک بۆ خاوەن موڵکەکان دەکاتەوە کە بتوانن موڵکەکانیان بۆ ئەو مەبەستەی دەیانەوێت بەکاربهێنن”.

بەگوێرەی میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ماوەی ١٥ ساڵە ئەو خاوەن موڵکانە لەلایەن کۆمپانیای نالیاوە ڕێگییان لێدەکراوە و بە نایاسایی دیواری ڕاگریان دروستکردووە، بۆ ئەوەی خاوەن موڵکەکان نەتوانن بچنە سەر موڵکەکانیان و بیکەن بە یەکەی نیشتەجێبوون.

لەلایەکی دیکەوە میدیای نەوەی نوێ، هەر لەگەڵ لابردنی پەرژینەکەی ناو گوندی ئەڵمانی، بڵاویکردەوە، کە هێزێکی چەکداری یەکێتی بەهاوکاری شارەوانی سلێمانی، هاتوونەتە سەر گوندی ئەڵمانی و دەیانەوێ زەوی کۆمەڵێک هاووڵاتی لەناو گوندی ئەڵمانی داگیر بکەن و بیخەنە سەر ناوی ئیدارەی گشتی یەکێتییەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...