شرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی

ژن وەک قوربانیی جەنگ

وار ڕەیپ War rape کە دەبێتە ئەتککردن لە سەروەختی جەنگدا، تاوانێکە هێزی چەکداری نیزامی، یان میلیشیا، سەروەختی شەڕ، دژی ژنانی بەرەی نەیار پێی هەڵدەسن. لە جەنگدا بە زەبری چەک، ژن بە کۆیلەی سێکسی دەکرێت. گەلێک جار ئەتککردنی ژنانی دوژمن، دەبێتە یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگ، ئاخر لەشکری پەلاماردەر دەیەوێت، لەو ڕێیەوە کە شکاندنی شکۆی نەیارە، شەڕی دەروونیی بکات و ورەی لەشکری دوژمن بڕووخێنێت. کە ژنان لە ترسی جەنگ هەڵدێن و لە ئۆردووگای پەنابەراندا کۆ دەکرێنەوە، لەوێش دووچاری ئەتککردن دەبنەوە. کە ژنانی ئۆردووگا بۆ چیلکەوچەوێڵ خڕکردنەوە، بڕێک دوور دەکەونەوە، پەلامار دەدرێن، پەلاماردان لە کاتی وادا، دیاردەیەکی بەربڵاوە و (فایەروود ڕەیپ Firewood rape)ی پێ دەڵێن.

 

ئەتککردن لە جەنگدا دۆخێکی دەگمەن نییە، دیاردەیەکی پلان بۆ داڕێژراوە، زادەی ڕقە و بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە و سووکایەتی پێ کردن جێبەجێ دەکرێت. لە هەر جێیەک جەنگاوەر هانا بۆ ئەتککردن ببات، لەوێ (کۆکوژی)یش ڕوو دەدات. ئەتککردنی سەروەختی جەنگ، تاوانێکی هێندە گەورەیە، حیسابی تاوانی کۆکوژیی بۆ دەکرێت و هەمان سزای هەیە. بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، ئەوی تاوانی هاندان بۆ زەوتکردنی ژنانی لەسەر ساغ ببێتەوە، دەبێت پاشماوەی ژیانی لە زینداندا بەسەر ببات.

یەکێکی دیکە لەو کێشانەی سەروەختی جەنگ بەرەو ڕووی ژن دەبنەوە، دابینکردنی بژێوییە بۆ خێزان، هەرچەندە لە ترسی پەلاماردان، بواری ئەوەی بۆ ناڕەخسێت، وەک دەخوازێت بۆ ئیشکردن بچێتە دەرەوە. توندوتیژیی سێکسی بە کۆتاییهاتنی جەنگ دوایی نایەت، ئاخر پیاو کە لە جەنگ دەگەڕێتەوە و دەبینێت ژنەکەی، (پیاوانە) هەڵسوکەوت دەکات، هەست بە مەترسی لەسەر پایەی نێرانەی خۆی دەکات و بە نواندنی زەبروزەنگی سێکسی، ژنەکەی کەوی دەکاتەوە و دیسانەوە هەمان ئەو ڕۆڵەی پێ دەسپێرێتەوە کە کولتووری نێرسالار بۆی دیاری کردووە. سۆزان براون میلەر دەڵێت: (پیاوان بۆیە پێڕەوی کولتووری ژنزەوتکردن دەکەن، چونکە بۆ سەپاندنی هەژموونی نێرسالاری، سوودی لێ دەبینن و بەهۆیەوە ژنان لە دۆخی ترسدا قەتیس دەکەن.)

لە شەڕی ناوخۆدا، ئیدی لە هەر کوێ ڕوو بدات، زیانمەندی یەکەم ژنە. لە جەنگدا ژنان و کیژان، بە پلان و هۆشیارانە پەلامار دەدرێن، نەک بە ڕێکەوت، نەک وەک هەڵسوکەوتی ئەم یان ئەو جەنگاوەر. عەسکەر یان میلیشیا، وەک سزا ژنان ئەتک دەکەن و مەبەستیان لێی تۆقاندنی دوژمنە و سووکایەتیکردنە پێی. ١٩٩٤ لە ڕواندا کە هووتووەکان پەلاماری تووتسییەکان دا، لە ماوەی سەد ڕۆژێکدا، (٦ی ئەپریل تا ناوەڕاستی تەممووز) نزیکەی نیو میلیۆن ژنیان لێ ئەتک کردن و هەشت سەد هەزار کەسێکیشیان لێ کوشتن. ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ سەدان هەزار ژن لە کۆنگۆ ئەتک کران، بەپێی ڕاپۆرتێکی یووئێن، ئەوسا لەوێ هەر سەعاتە و چل پەنجا ژنێک زەوت دەکران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی UNHCR زۆرینەی ئەو ژنە سوودانییانەی لە ئۆردووگاکانی باکووری (چاد)دا پەلامار درابوون، بێدەنگییان لێ کردبوو، ئاخر ئەگەر سکاڵایشیان کردبا، بێجگە لەوەی بێسوود دەبوو، سووکیش سەرنج دەدران. لە جەنگدا ژن وێڕای ئەوەی پەراوێز دەخرێت و کەس گوێی بۆ ڕانادێرێت، هەندێکجار ناچاریش دەبێت بۆ خۆژیاندن، هانا بۆ سێکسفرۆشی ببات.

هەرچەندە ژن بەگشتی ئاشتیخوازە و لە بواری خەبات لەپێناوی ئاشتیدا چالاکە، کەچی وەک چۆن پیاو جەنگ هەڵدەگیرسێنێت، هەر پیاویش بڕیار لەسەر ئاشتی دەدات، ژن نە ڕۆڵی لە هەڵگیرساندنی جەنگدا هەیە، نە لە کۆتایی پێ هێنانیدا. ئاخۆ دەتوانین لەگەڵ سڕکردنی تواناکانی نیوەی کۆمەڵدا، باس لە دیموکراسی و یەکسانی و دادپەروەری بکەین؟ یەکێک لەو وڵاتانەی تێیدا ژن دووچاری سەختترین جۆری توندوتیژی سێکسی دەبێتەوە، کۆنگۆی (دیموکراتی)یە، ژن لەوێ زۆر جار کە دەستدرێژیی سێکسیی دەکرێتە سەر، ئیدی ناگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی، ئاخر ئۆباڵی دەستدرێژییەکە دەخرێتە ئەستۆی ژنەکە. دەستدرێژیی سێکسی چەکێکی ترسناکە، چونکە هەم ئینسان وەک تاک تێکدەشکێنێت و هەم کۆمەڵیش وێران دەکات.

لە گەلێک لە جەنگەکاندا ژنان لە منداڵان و پیاوانی دیل، جودا کراونەتەوە و لە ئۆردووگای تایبەت بە ئەتککردندا ڕاگیراون و (ژنانی چێژبەخش)یان پێ گوتراوە. بەهۆی جەنگەوە بازرگانیکردن بە ئینسانەوە، بۆ مەبەستی سێکسی، پەرە دەستێنێت و بەکۆیلەکردنی ژنان لە دوای جەنگیش، دەبێتە دیاردەیەکی بەربڵاو. زەوتکردنی ژنان هۆکارێکە بۆ درێژەکێشانی شەڕ و بڵندبوونەوەی ژمارەی پەنابەر. ئەگەر زەوتکردنی ژن لە کاتی جەنگدا وەك دیاردەیەکی ئاسایی سەرنج بدرێت، ئەوە دەبێتە هۆی خۆشکردنی ڕێ، تا دوایی جەنگیش ئەو دیاردەیە درێژەی هەبێت و وەک بەشێک لە کولتووری لێ بێت، واتا با جەنگ وەک خوێنڕشتن دوایی هاتبێت، بەڵام وەک نواندنی توندوتیژیی سێکسی هەر بەردەوام دەبێت.

لە کۆنگۆ سەروەختی شەڕ، قوربانییەکان ژنانی سەر بە نەیارن، بەڵام لە ئاشتیدا نزیکەی بە هەمان ڕێژە، قوربانییەکان، ژنانی نزیک و خزم و کەسوکارن. توێژینەوەیەک ئەوە پیشان دەدەات، لە ڕوانگەی سەربازانی کۆنگۆوە، (دوو جۆر لە زەوتکردنی ژن هەن، کاتەگۆریی یەکەمیان ئاسایی و سرووشتییە، زادەی پێویستییە سێکسییەکانی پیاوە کە مافی خۆیەتی، ئاگری ئاڵۆشی خامۆش بکاتەوە، بەڵام چەشنی دووەمیان هەر مەبەستێکی دیکەی لە دواوە بێت، نابەجێیە.) ئەم تێڕوانینە بۆ دۆزەخێکمان دەبات کە تێیدا ژنزەوتکردن لە سەروەختی ئاشتیشدا درێژەی هەیە.

سوعاد ساڵح کە مامۆستای فیقهی بەراوردکارییە لە زانکۆی ئەزهەر دەڵێت: (ئەگەر سەروەختی جەنگ، ئەو ژنانەی لە سوپای ئیسرائیلدا سەربازن، بە دیل بگیرێن، بە کۆیلەی سێکسی هەژمار دەکرێن و مافی شەرعیی عەسکەری میسرییە، سێکسیان لەگەڵدا بکات.) لەشکری ئیسلام هەر لە پەیدابوونی ئایینەکەوە تا سەرهەڵدانی داعش، پەلاماری هەر وڵاتێکی دابێت، کچان و ژنانی ئەو وڵاتەی زەوت کردووە، بە کۆیلەی کردوون و لە بازاڕەکاندا فرۆشتوونی. ١٤ی ئەپریلی ٢٠١٤ بووکوو حەرام ٢٧٦ کچە خوێندکاری قوتابخانەی (چیبووک)ی سەر بە شاری (بۆرۆنوو)ی باکووری خۆرهەڵاتی نیگیریا، کە تەمەنیان لە نێوان شازدە و هەژدەدا دەبێت، دەڕفێنێت، دواتر سەرۆکی ڕێکخراوەکە، ئەبووبەکر شیکاو، لە ڤیدیۆفیلمێکەوە دەڵێت: (بەپێی شەرعی خوا، وەک سەبایا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەم و لە بازاڕدا دەیانفرۆشم.) لەشکری ناموسوڵمان کە ژنێک بە کۆیلەی سێکسی دەکات، دەزانێت کارێکی نائینسانی دەکات، بەڵام جەنگاوەری ئیسلام بە کۆمەکی شەرع، زەوتکردنی ژنانی وڵاتی پەلاماردراو، بە کارێکی ئاسایی و بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت. خه‌لیل عه‌بدولکه‌ریم پێی وایه‌: (هۆکاری سه‌ره‌کیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام، به‌ تاڵانی هێنانه‌وه‌ی سه‌بایا بوو.)

ساڵانی دووەمین جەنگی دنیاگرەوە، زەوتکردنی بە کۆمەڵی ژنان، دەبێت بە دیاردەیەکی بەربڵاو. لە جەنگی باڵکاندا (١٩٩١ – ٢٠٠١) کە سەروەختی هەڵوەشاندنەوەی یۆگۆسلاڤیا ڕووی دا، سەربەکان کە کریستیان بوون، هەزاران ژنی موسوڵمانیان ئەتک کرد. لە جەنگدا بە گشتی ئەوە وەک ئاسایی لێ هاتووە، ئەتککردن ڕوو بدات، ئەوە سەیرە ڕوو نەدات.

بۆچی هێرشبەران بەشێوەیەکی سیستەماتیک ژن زەوت دەکەن؟ بۆ ئەوەی میللەتێک، یان گرووپێک بتۆقێنن، ورەیان داببەزێینن، تا هەڵێن، جێ بە خۆیان نەگرن و لە هیچ کوێ نەحەوێنەوە. زەوتکردنی ژن بەدەم جەنگەوە، کارگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی پشێوی، بۆ تاڵکردنی ژیان لە گەلێک، بۆ سووکایەتیکردن بە ژن و بۆ لە بناغەوە ڕووخاندنی تەلاری کۆمەڵگەیەک.

 

سەرچاوەکان:

(١) خلیل عبدالکریم، العرب و المرأة، ص ١٣٩ دار مصر المحروسة (ساڵی له‌ چاپدانی له‌سه‌ر نییه‌، ١٩٩٧ پێشه‌کیی بۆ نووسراوه‌.) القاهرة.

(٢) روبینا سایغول، العسکرة والجندر.

(٣) الغزو الاسلامي للهند: أعظم ابادة جماعية في التاريخ، ترجمة: مصطفی الفارس.

(٤) فلسفة الحب، مجموعة من المٶلفین، ترجمة: هیثم صعب، دار المدی للثقافة والنشر ٢٠١٠ دمشق.

(٥) هەفتەنامەی الیوم الجدید ١٨ی تەممووزی ٢٠١٦ قاهیرە.

(6) Islamic Invasion Of India: The Greatest Genocide In History

(7) Sexellt våld i krig och konflikt.

(8) Kvinoor i väpnade konflikter.

(9) D. Glynn, Congo war: 48 women raped every hour at height of conflict, 15.02. 2017 The Irish Times.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...