سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

دوو كودەتای دیکەی مەترسیدار لە دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە

سیپان شێروانی

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

 

ئەو تەشكیلاتەی دادگای باڵا كە بە هەمواری ژمارە ٢٥ی ساڵی ٢٠٢١ لە ڕێککەوتی ١٨ی ٣ی ٢٠٢١وە هاتە كایەوە، ڕۆژانە كودەتا دوای كودەتا بەسەر دەستور، یاساكان، حكوومەت و پەرلەمانەوە دەكات، بەڵام لەم دواییەدا بەرپێی خۆی خۆشكردووە و بە تەفیسرە سەیر و سەمەرەكانی خەریكە بێهاوتا خۆی دەسەپێنێت بەسەر دەستور و دامەزراوە دەستورییەكاندا.

سەرەڕای هەموو كودەتاكانی، لەم هەفتەیەش دوو كودەتای تری ئەنجامدا كە كەمتر باس و گفتوگۆی لەسەركراوە، ئەوانیش:

 

یەكەم: دەركردنی فەرمانی شەش مانگ دەستگیركردن بۆ هادی سەلامی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بەبێ هەڵگرتنی حەسانە لەسەری لەلایەن دادگایەكی بەغداوە، سەرچاوەیگرتووە لە قەرارێكی دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە كە پێچەوانەی دەستور و حەسانەی پەرلەمانتارییە، بەمەش دادگای باڵا خەریكە دەبێتە مەترسی لەسەر باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری، كە پەرلەمانە، ئەوەش كاریگەری زۆر نەرێنی بەسەر ئەدای پەرلەمانی دەبێت؛ لەلایەك سنورەكانی دیموكراسی تەسك دەكاتەوە لەلایەكی تریش لایەنی چاودێر بەسەر حكوومەت لاواز دەبێت و گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانی دەچێتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە!

دووەم: ئەمڕۆ (٦ی ئازاری ٢٠٢٤) سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئاماژەیەی بەوەدا كە ئەرکی ئێستای دادگای فیدڕاڵی تەنیا جێبەجێکردنی دەستوور نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان و پاراستنی یەکپارچەیی عێراقە، ئەمەش ئەرکێکی قورسە.

بەپێی ماددەی ٩٣ی دەستور ئەركەكانی دادگای باڵا بە ڕوونی دیاریكراوە، نە جێبەجێكردنی بەرژەوەندی باڵاكانی گەل و نیشتمان، نە پاراستنی یەكپارچەیی عێراق بە دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە دادگای باڵاوە نییە، بەڵكو ئەمە پێشێلكردنێكی ئاشكرایی دەستور و دەسەڵاتەكانی حكوومەت و پەرلەمانە، ئەمەش دەرگا بۆ دادگای باڵا واڵا دەكات كە بەیانی بەپێی ویستی خۆی تەداخولی پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانی بكات و ببێتە تەرەفێك لە معادەلەكان و پارسەنگی و ناهاوسەنگی دروست بكات و دەرئەنجامەكەشی بەهۆی مادەی ٩٤ی دەستورەوە كە كۆتایی و پابەندییە زۆر مەترسیدار دەبن.

خەریكە دادگای باڵا، عێراق بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار دەبات كە تێیدا بودجە و نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە، سەرۆكی سووننەی پەرلەمان دەركراوە، هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان كێشەی تێخستووە، بەشێكی گەورەی شیعە لە ژێر كاریگەرییەكانی ئەم دادگایە لەماڵەوەن و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆی شیعە سەرەڕای ئەوەی حەسانەی هەیە، بەهۆی تەفسیرێكی سەیری ئەم دادگایە زیندانی كراوە، هەموو ئەمانە لەلایەك و ئەو دەسەڵاتانەی ئەمڕۆ سەرۆكی دادگای باڵا داویەتی بە دادگاكە، كە جێبەجێكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و یەكپارچەیی عێراقە بە تەنیا لەلایەك، كە ئەمە ڕێگە بە دادگای باڵا دەدات بە ڕۆژی ڕووناک باز بەسەر تەفسیری مادەكانی دەستورەوە بدات و بەبیانووی بەرژوەندی باڵای گەل یانیش یەكپارچەیی عێراق، چیی بوێت و چۆنی بوێت ئاوا دەستوەردان بکات و لە جێی حكوومەت یانیش پەرلەمان بڕیار دەربكات.

بۆیە من لە ڕۆشنایی ئەم بڕیارانەی سەرەوە، پێموایە عێراق پێی ناوەتە قۆناغێكی دیكتاتۆری جیاوازەوە، ئەوەیش دیكتاتۆرییەتی دادگایە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...