سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور

کۆڕی داهێنانی تیۆری حزبی شیوعی چین

لە سەروبەندی چاوەڕوانی پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنانی تازەدا

داهێنانی تیۆری حزبی شیوعی چین، لەنێویشیدا شێوازە تازەگەرییەكەی چین، كە بە بەردەوامیدان و پەیوەندی بەستن و هەمەلایەنی تایبەتمەندە، وەک بژاردەیەكی ڕێکخراو و ئاڕاستەکراو لەلایەن حزبەوە، لەسەر بنەمای مارکسیزم، نەک وەک فیکرێكی  بەدیهاتوو، مەعریفەیەکی یەكجارەكی، بەڵكو وەكوو پڕۆگرامی زانستی و پڕەنسیپی گشتی، كە بەپراکتیکی شۆڕشگێڕانە دەوڵەمەندکراوە و وەک بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی مێژوو، و تێگەیشتن لە یاساکانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی دوور لە خواست و دیدگای میکانیکی و چەقبەستوویی ئایدیۆلۆژی.

 

زۆرن ئەو وتانەی لە بەرهەمەکانی بیرمەندانی مارکسیستدا هاتوون، کە جەخت لەسەر پشتبەستن بە پڕۆسەی ژیان دەکەنەوە. بۆ نموونە ئەنگڵس بە ڕوونی لە پێشەکیی چاپی شەشەمی مانیفێستی کۆمۆنیستیدا، دوای ٢٣ ساڵ لە ڕاگەیاندنی مانیفێستی کۆمۆنیستی و بەپشتبەستن بە ئەزموونی کۆمۆنەی پاریس ئاماژەی بەوەدا کە “بەشێک لەم مانیفێستە کۆن بووە”، لینینیش ئاماژە بە وتەی لاسال دەکات، کە دەڵێت: “ژیان سەوزە و تیۆرەكە خۆڵەمێشییە”.

بە بۆچوونی من، ڕێبازی ئیپیستمۆلۆژی (مەعریفی)، کە بەدیالێکتیکی مارکسیستییەوە گرێدراوە، بنەمایەکە کە حزبی شیوعی چین پشتی پێبەستووە وەكوو ڕێبەرێک لە دیدگای خۆی و مامەڵەکردن لەگەڵ داهێنانی تیۆری لە کاری حزبی و حوکمڕانیدا و خستنەڕووی چەمکە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی جیهانی و گەشەپێدانی هاوبەشی جیهانی و دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی، کە هاوڕێ شی جینپینگ لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا خستبوویەڕوو.

لەمیانی ئەم بابەتە مەعریفییەدا وای دەبینم، کە داهێنانی تیۆری حزب بە ڕێنمایی دیالێکتیکی مارکسیستی، لەسەر بنەمای ئەمانەی خوارەوە دامەزراوە:

 

1- گرێدانی دیالێکتیکی نێوان داهێنان لە بواری تیۆری و فیکر بە گشتی و بزاوتی مێژوودا.

2- داهێنان و تازەكردنەوەی تیۆری شۆڕشگێڕانە، ئەمەش بەواتای لێکدانەوەی واقیع و گرتنەبەری ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ بابەتەکان و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی لە ڕێگەی گۆڕانکارییەوە.

3- مارکسیزم وەک میتۆدێکی بیرکردنەوه و وەک بنەمایەک بۆ داهێنانی تیۆری، بەواتای ناسینی بابەتەكان و سەیرکردنیان وەک خۆیان بەپێی یاسا بابەتییە سەربەخۆكانیان، لە بزاوت و گەشەکردن و کاریگەری و پەیوەندییە هاوبەشەکانیدا.

4- سەرکەوتن لە داهێنانی تیۆری، بەواتای تەرکیزنەکردنە لەسەر تاکلایەنەبوونی دژیەكی، و بەواتای خستنەڕووی تابلۆی سیاسی نیشتمانی و جیهانییە بەتێكچڕژاوی و ئاڵۆزییەکەیەوە.

5- داهێنانی تیۆری تا ئەو ڕادەیە ڕەوایە، کە توانای دەربڕینی جوڵەی واقیعی هەبێت و ڕەنگدانەوەی ڕاستی بابەتی بێت.

لە میانی ئەم تێگەیشتنە لە داهێنانی تیۆری لە سیاسەتی حزبی شیوعی چیندا، دەتوانرێت بابەتگەلێکی پەیوەست بە چەمکی تازەگەری (مۆدێرنیتە)، مۆدێرنیزاسیۆن، و بزووتنەوەی مۆدێرنیستی (مۆدێرنیزم) بخرێتەڕوو.

ئەگەر تازەگەری ئاماژەیەک بێت بۆ تایبەتمەندییە شارستانییە پێشکەوتووەکان لەسەر ئاستی فیکری، زانستی، تەکنەلۆژی، سیاسی و ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووری، تازەكردنەوە نوێنەرایەتی ئەو پڕۆسانە دەکات، کە لە ڕێگەیانەوە دەگاتە ئەم ئاستە لە گەشەکردن و پێشکەوتن، بەڵام گرنگترین تایبەتمەندیی تازەكردنەوەی چینی، پەیوەستبوونی نێوان ڕێکار و پڕۆسە پێویستەکان و ڕەگداکوتاوی و ڕەهەندی تیۆری و فیکریی پڕۆسەی تازەكردنەوەیە.

لەنێو ئەم تێڕوانینەدا داهێنانی تیۆری حزبی شیوعی چینی و ئەوەی حزبەکە پێشنیازی کردووە سەبارەت بە چەمکی تازەكردنەوەی شێوازی چینی، خاڵە جیاوازەكانی لەسەر کۆمەڵێک چەمکی تیۆری، بەتایبەت دوای هەژدەمین کۆنگرەی نیشتمانی حزب و ئەو سەرکەوتنانەی کە بەدەستهاتوون لە بواری زنجیرەیەک کردەوەی ستراتیژی، پراکتیکی داهێنەرانە، پێشکەوتنی لەڕادەبەدەر و دەستکەوتی زانستی و بەرگەگرتنی تاقیکردنەوەی مەترسییەكان و ئاڵنگارییەكانی بوارەکانی سیاسەت و ئابووری و ئایدۆلۆژیا و سروشت و گۆڕانکاریی مێژوویی لە پڕۆسەی نوێی بنیاتنانی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن بەشێوەیەکی هەمەلایەنە بەدەستبهێنن، لە ڕێگەی دامەزراندنی بیرۆکەی سۆسیالیستی بەتایبەتمەندی چینی لە سەردەمی نوێدا و پابەندبوون پێی و پەرەپێدانی و داڕشتنی کۆمەڵێک چەمک و بیرۆکە و ستراتیژی نوێ سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت لە بواری چینیکردن و مۆدێرنیزاسیۆنی مارکسیزمدا و لە چوارچێوەی پێناسەی دژیەكی کۆمەڵایەتی سەرەکی لە چین، کە دژیەكییە لە نێوان زیادبوونی پێویستی خەڵک بۆ ژیانێکی جوان و گەشەسەندنی ناهاوسەنگ و ناتەواو، و ئاڕاستەكردنی سەرجەم کردارەکان بەرەو خولگەی ئەم دژیەكییە کۆمەڵایەتییە گەورەیە و هەوڵدان بۆ دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدانی فۆڕمەکانی نوێی شارستانییەتە مرۆییەکان.

ڕاپۆرتی کۆنگرەی بیستەمی حزبی شیوعی چین و کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندیی حزب، لەوانەش چوارەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بۆ قووڵکردنەوەی چاکسازی هەمەلایەنەی کۆمیتەی ناوەندی بیستەمی حزبی شیوعی چین لە ساڵی ٢٠٢٤، ئاماژەیان بە ژمارەیەک چەمکە فیکرییەکان كرد، کە دەکەونە چوارچێوەی داهێنانی تیۆری و لەم وتارەدا سەرنج دەخەمە سەر پرسی چۆنیەتی پەیوەندگیری و مامەڵەکردن لەنێوان تازەگەری چینی و دامەزراندنی خێرای شێوازێکی نوێی گەشەپێدان و چڕبوونەوەی هەوڵەکان لەسەر پێشخستنی گەشەپێدانی کوالێتی بەرز.

لە ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەی بیستەمی حزبدا ئاماژە بە كرۆكی تازەگەری شێوازی چینی دراوە، کە تیشک دەخاتە سەر پابەندبوون بەسەرکردایەتی حزبی شیوعی چینی و سۆسیالیزم بەتایبەتمەندی چینی و بەدەستهێنانی گەشەپێدانی کوالێتتی بەرز و پەرەپێدانی دیموکراسی گەل و دەوڵەمەندتركردنی ناوەڕۆکی گشتی ناوخۆیی گەل و گەیشتن بە خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەموو ڕۆڵەكانی گەل و پێشخستنی پێکەوەژیانی هاوسەنگ لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا و بەردەوامیدان بەو هەوڵانەی لەپێناو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خاوەن ئایندەی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی و دروستکردنی فۆڕمێکی نوێی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەدرێن.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەخێراکردنی دامەزراندنی شێوازی نوێی گەشەپێدان كرد لە ڕێگەی گرنگیدان بەبنیاتنانی سیستەمێکی ئابووری بازاڕی سۆسیالیستی ئاست بەرز و بنیاتنانی سیستەمێکی پیشەسازی مۆدێرن و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی گەشەپێدانی گوندەکان بەشێوەیەکی گشتگیر، پێشخستنی گەشەپێدانی ناوچەیی هاوئاهەنگ و پێشخستنی کرانەوەی ئاست بەرز ڕووەو دەرەوە.

شێوازی نوێی گەشەپێدان پێویستی بە جێبەجێکردنی ستراتیژی “پێشخستنی نیشتمان لە ڕێگەی زانست و پەروەردە” و پشتگیریكردنی کەسانی شایستە بۆ بنیاتنانی تازەگەرییەكان و باشترکردنی سیستەمی داهێنانی زانستی و تەکنەلۆژی و خێراکردنی جێبەجێکردنی ستراتیژی گەشەپێدانی داهێنان هەیە.

بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو بابەتە ئاوێتە بکرێت، پێویستە ئاماژە بە چەمکە تیۆرییە نوێیەکان بکرێت، کە لەلایەن هاوڕێ شی چی جینپینگەوە خراونەتەڕوو.

دوای کۆنفرانسی بیستەم، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستەبەرکردنی گەشەپێدانی کوالێتی بەرز و گرنگیدان بەوەی کە ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی دیکەی گرنگە بۆ قووڵكردنەوەی چاکسازی هەمەلایەنە، وەک هاوڕێ چی جینپینگ ئاماژەی پێکردووە، “پەرەپێدانی هێزی بەرهەمهێنی نوێ مەرجی بنەڕەتییە و میحوەرێکی گرنگە، هەروەها بۆ پێشخستنی گەشەپێدانی کوالێتی بەرز، پێویستە بەباشی بەردەوامی بەداهێنان بدرێت بۆ خێراکردنی پەرەپێدانی هێزی بەرهەمهێنی نوێ”.

ئاماژەدان بەو هێزە بەرهەمهێنە نوێیانەی کە دەتوانن هاوسەنگ بن لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ئێستای ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی مۆدێرن، کە بریتین لە داهێنانەکان لە بوارە زانستییە جۆراوجۆرەکان و لە بوارەکانی دیجیتاڵی و لە بواری ژیری دەستکرد و لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان هێزەکانی بەرهەمهێنان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، ئەوە دەگەیەنێت كە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە خاڵی وەرچەرخانێکی نوێدایە، کە پەیوەندی بە چەمکی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە هەیە، کە لە پەیوەندی نێوان هێزەکانی بەرهەمهێنان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە سەرچاوە دەگرێت لەسەر ئاستی جیهانیدا، گومانیشی تێدا نییە، کە چەمکی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی نوێ، کە لە ئاستی جیهانیدا ڕوودەدات، بەهۆی کاریگەریی ئامرازە تازەکانی بەرهەمهێنانەوەیە، کە بریتین لە ژیری دەستکرد و ئۆتۆماتیکیکردنی زۆر پێشکەوتوو، كە كاریگەرییان لەسەر هێزی بەرهەمهێنانی نوێ هەیە، کە جیاوازن لە هێزەكانی بەرهەمهێنانی تەقلیدی، کە بەشدارن لە چالاکییە ئابوورییەکانی ئێستای ژێر سیستەمی سەرمایەداریدا و ڕەنگە بوارێکی نوێ بۆ کەڵەکەبوونی سەرمایە لە لایەک بڕەخسێنێت و كەلێنی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکان فرەوانتر بكات و شکست بەو پڕۆسانەی گەشەپێدان بهێنێت، کە پشت بە وابەستەیی دەبەستێت و لە ئیرادەی سەربەخۆ دووردەكەوێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕەنگدانەوەی لەسەر بەردەوامبوونی ناوەندەكانی سەرمایەداری هاوچەرخ دەبێت، كە بەپێی چەمکی سفری و تاك جەمسەری مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەكەن.

لە دیوەكەی دیكەشیدا ئەو پەیوەندییە نوێیانەی بەرهەمهێنان، کە لە پڕۆسەی بنیاتنانی سۆسیالیزمدا بەتایبەتمەندی چینییەکان لە ئەنجامی پەیوەندییەکەدا سەرهەڵدەدەن، پەیوەندی نوێی نێوان پێداویستییەکانی گەشەپێدانی کوالێتی بەرز و هێزە بەرهەمهێنە نوێیەکان، ماددەی تیۆری نوێ بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سۆسیالیستی باش پێکدەهێنێت، چونكە هێزە بەرهەمهێنە نوێیەکان لە ژێر ڕۆشنایی بنیاتنانی سۆسیالیزمدا بەمانای بەرهەمهێنانی پێشکەوتوو دێت، کە لە شێوازی گەشەکردن و ڕێگاکانی گەشەسەندنی بەرهەمهێنانی ئابووری نەریتی ڕزگاری بووە و ئەم هێزە بەرهەمهێنانە بە تەکنەلۆژیا و کارایی باڵاتر و کوالێتی بەرز تایبەتمەندن و لەگەڵ فەلسەفەی گەشەپێدانی ئەڵتەرناتیڤی گەشەکردن و کەڵەکەبوونی سەرمایەداریدا یەکدەگرێتەوە.

ئێستا وەرچەرخانێکی نوێ لە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا لەسەر ئاستی جیهانی بەدی دەكەین، کە پڕۆسەیەکی بەردەوام و ناكامە و پێشتر مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدا ئاماژەی پێکردبوو، لەوێدا نووسیبووی: هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە تەقلیدییە چەقبەستووەكان و ئەوانەی بە كۆمەڵێك بیروباوەڕ دەوردرابوون و  سەردەمێک ڕێزیان لێدەگیرا و پیرۆز بوون، خەریکە هەڵدەوەشێنەوە و نامێنن، لە کاتێکدا ئەوانەی جێگەیان دەگرنەوە، بەرلەوەی خۆبگرن و پێبگەن، پیر دەبن و بەسەردەچن.

هەموو شتێکی نەریتی و دامەزراو وەک دووکەڵ دەفڕێت و دەڕەوێتەوە و هەموو ئەوانەشی پیرۆز بوون بە سووکایەتی و بێڕێزی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لە کۆتاییدا مرۆڤەکان ناچار دەبن بەچاوی وریاییەوە دوور لە وەهم سەیری بارودۆخی ژیانی خۆیان و پەیوەندییە هاوبەشەکانیان بکەن. بەم شێوەیە هەموو شتێکی ڕەق بۆ دەبێتە شتێکی ئیتەری (اپیری)، یان دەبێت بە هەڵم، بەپێی ئەوەی (مارشال بێرمان) سەبارەت بە مارکسیزم و مۆدێرنیتە ئاماژەی پێکردووە.

بە بڕوای من پەرەپێدانی پەیوەندی بەرهەمهێنانی نوێ بەپێی چەمکی بنیاتنانی سۆسیالیزم بەتایبەتمەندی چینی لە سەردەمی نوێدا، بەگوێرەی ڕێنماییەكانی ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەی بیستەمی حزبی شیوعی چین و ئەو ئاماژانەی تێیدا هاتووە پڕۆسەیەکی گەشەسەندووە، دەبێتە لاپەڕەیەكی نوێی داهێنانی تیۆری حزبی شیوعی چین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆنگرەی بیستەم ئاماژەی پێکردووە، کە دەستنیشانكردنی دژیەكی سەرەکی کۆمەڵایەتی لە چین، دژیەكی نێوان زیادبوونی پێویستی خەڵکە بۆ ژیانێکی جوان و، گەشەسەندنی ناهاوسەنگ و ناتەواو، و ئاڕاستەكردنی سەرجەم كارەكان بەشێوەیەك، کە لە خولگەی ئەم دژیەكییە کۆمەڵایەتییە سەرەکییە بسوڕێنەوە. گرنگیدان بەم بابەتە تیۆرییە، کارایی مارکسیزم و ئەو سەرکەوتنەی حزبی شیوعی چینی پشتڕاست دەكاتەوە، كە لە پڕۆسەی بەچینیکردن و مۆدێرنیزاسیۆنیدا بەدەستیهێنا.

بەڕای من گەشەسەندنی گەورە لە ئامرازە نوێیەکانی بەرهەمهێناندا، کە پێویستی بە هێزی بەرهەمهێنی نوێ هەیە، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، ئەمەش ماددەیەکی نوێیە، کە شایەنی لێکۆڵینەوەی تیۆرییە لەلایەن حزبە شیوعییەكانی جیهان، بۆیە ئێمە ئێستا لە شانۆگەریی (لەچاوەڕوانی گۆدۆ)ی (ساموێل بێکت)دا نین، بەڵكو لە سەروبەندی چاوەڕوانی پەیوەندییە نوێیەکانی بەرهەمهێنانداین.

 

  • ئەم بابەتە لە كۆڕێكی هزری ناوەندی توێژینەوەی سەر بە كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین لە پەكینی پایتەختی چین پێشكەشكراوە.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...