سیاسیشرۆڤه‌

هەڵوەشاندنەوەی USAID

سەرۆکی ئەمریکا و هاوکارە نافەرمیەکەی کە لە هەمان کاتدا کاریگەرییەکی زۆری هەیە، ملیاردێر “ئیلۆن ماسک” دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوان کردووە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە حکومیانەی کە سروشتێکی ڕێکخراوەی نێودەوڵەتیان بۆ هاریکاری و گەشەپێدان و پەرەپێدان هەیە و لە زۆر شوێنی جیهان کار دەکەن کە گرنگترینیان: هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) !

 

ئەم دەزگایە کە یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی کاریگەری جیهانی ئەمریکا، لە مێژە وەک قۆڵی هێزی نەرم لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کاری کردووە.دەزگایUSAID کە لەلایەن سەرۆک جۆن ئێف کێنێدیەوە دامەزراوە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە جەنگی سارددا، بەرپەرچدانەوەی کاریگەری سۆڤیەتی داوە بە پێشکەشکردنی یارمەتی ئابووری و بەرنامەکانی گەشەپێدان لە جیهانی سێیەمدا. لە ماوەی دەیان ساڵدا، دەستی خۆی فراوانتر کردووە بۆ هاوکاری مرۆیی، بەرەوپێشبردنی “دیموکراسی” لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، پێشکەش کردنی بەرنامەکانی حوکمڕانی و هەندێك لە خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان. بەڵام سەرەڕای ئامانجە خۆبەخشە ڕاگەیەندراوەکانی، USAID  وەک ئامرازێکی کاریگەری سیاسیش کاریکردووە، کە هەژموونی ئەمریکا بە نەرمی لە ناوچە سەرەکییەکان مسۆگەر بکات.

 

مەودای ئەم بڕیارە سەرسوڕهێنەرە؛ چونکە بودجەی ساڵانەی USAID   چل ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، زیاتر لە 10 هەزار کەس لە زیاتر لە 60 وڵاتدا کاری تێدا دەکەن. پارە دەگوازێتەوە بۆ زیاتر لە ٤٠٠ بەڵێندەر کە پڕۆژەکانی لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ دەکەن. بەستنی لەناکاوی بودجەی وڵاتەکەی و کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکانی نەک هەر بووەتە هۆی دەرکردنی بەکۆمەڵ بەڵکو شەپۆڵێك لە شۆکی جیۆپۆلەتیکی دروستکردووە و کۆمەڵگە وابەستەکراوەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان کە USAIDپڕۆژەی لەوێ هەبووە لە نادڵنیاییدا بەجێهێشتووە. تێچووی مرۆیی هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە کارمەندانی دەزگاکان تێدەپەڕێت- هەزاران هاوبەشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و سودمەند ئێستا لە دۆخێکی نادیاردا ماونەتەوە، پڕۆژەکانیان بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگیراون.

ئیلۆن ماسک” سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتێکی بێئەندازەی هەیە، بەڵام نە بەرپرسێکی هەڵبژێردراو و نە نوێنەرێکی فەرمی حکومەتە کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکرابێت. دەسەڵاتی کۆنترۆڵنەکراوی ئەو جەخت لەسەر گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە فۆرمی حوکمڕانیدا دەکاتەوە- گۆڕانکارییەک کە ملیاردێرەکان هیچ لێپرسینەوەیەکی ڕای گشتیان لەسەر نییەو بەبێ سزا کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی دەوڵەت هەیە.

 

کاتێک “ئیلۆن ماسک” هەوڵیدا بچێتە ناو ئۆفیسی USAID لە واشنتۆن، پاسەوانەکان ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی کرد، ئەمەش بە شێوەیەکی کاتیی باڵادەستی دامەزراوەکەی لە ڕووی مەعنەویەوە بەهێزتر کرد کە “ئیلۆن ماسک” هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدا. بەڵام ئەم سەرپێچیکردنە تەمەنی کورت بوو؛ پاسەوانەکان دواتر بە خێرایی لە سەرکارەکانیان دەرکران!

 

لە ڕووی فەلسەفییەوە ئەم ساتەوەختە دەنگدانەوەی چەمکی “ئیرادەی دەسەڵات”ی فریدریش نیچەمان بیردەخاتەوە کە تیشك دەخاتە سەر پاڵنەرێکی بێوچانی تاک بۆ زاڵبوون و داڕشتن و پێناسەکردنەوەی پێکهاتەکان بەپێی دیدگای خۆی کاتێ دەسەڵاتی بۆ دەڕەخسێ. “ئیلۆن ماسک”   بە بەرجەستەکردنی ئەم هێزە، لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکات، بۆ زنجیرکردنی ڕێڕەوی حوکمڕانی و کاروباری جیهانی. تەماحی کۆنترۆڵنەکراوی ئەو ئاوێنەی دڵەڕاوکێی سەردەمێکە کە سەرمایە جێگەی پرۆسەی ئازادی و کۆمەڵگەی بێ سەرپەرشتیار دەگرێتەوە و حوکمڕانی تادێت لەلایەن سەرمایەدارە توندڕەوەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

 

ڕەنگە هەڵوەشاندنەوەی USAID وەک بڕیارێکی ئابووری لە چوارچێوەیەکدا دابنرێت، بەڵام کاریگەرییەکانی قووڵترن. هێمای پرسیارە فەلسەفییە فراوانەکەی سەردەمی ئێمەیە: ئایا دەبێ حوکمڕانی لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، هەرچەندە کەموکوڕی هەبێت، یان بدرێتە دەست سەرمایەدارە تەماحە کۆنترۆڵنەکراوەکان؟ لە کاتێکدا جیهان سەیری ئەم کودەتایە دەکات کە دیزاینی ملیاردێرەکانە دژی دامودەزگا گشتیەکانی دەوڵەت، ئێمە تەنیا لێرە ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە؛ بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا “دیموکراسی ڕۆژئاوایی” ئێستا دامەزراوەیەکی بەسەرچوو ئێکسپایەرە؟ دامەزراوەیەک کە وردە وردە جێگاکەی بە پاشا توندڕەوەکانی سەرمایەو تەکنەلۆژیا پڕدەکرێتەوە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button