شرۆڤه‌كه‌لتوور

ئەنفال، خەمی ئەبەدی نەتەوەیەک

“ئه‌نفال” تاوانێکی گه‌وره‌ له‌ چه‌شنی هۆلۆکۆست و هێرۆشیما و ناکازاکی، تاوانێکی دژه‌ مرۆڤ که‌ ده‌بێت له‌ ئاستی جیهاندا و، به‌ فەرمی ئیدانه‌ بکرێت و وه‌ک مافێکی یاسایی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قەرەبووی گه‌لی کورد و که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان بکاتە‌وه و لانیکه‌م زیانه‌ ماددی و مه‌عنه‌وییه‌کانیان بۆ قه‌ره‌بوو بکرێتەوە.

 

ئەنفال، خەمی ئەبەدی نەتەوەی کوردە و لەم یادەوەرییە تاڵەدا، گەلی ئێمە پێویستی بە یەکڕیزی و بونیاتنانەوەی گیانی پێکەوەھەڵکردن و یەک ئیرادەیی و یەکخستنی ھەموو ھەوڵ و تواناکانە بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵم و زۆرداری و کارەسات و مەرگەساتانەی لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا وەک تراژیدیای سەدە بەسەر خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ھات.

لەسەر ئەنفال زۆر دەگوترێت، هەمووی قسە و پەخشان و موزایەدە و فرمێسکی تیمساحە، تا ئێستا جگە لە تاوانباری بڕیاردەر کە “بەعس” بوو، کوردە جێبەجێکارەکانی ئەو جینۆسایدە لە ناوماندا، لە گەڕەکەکانماندا، لە شارەکانماندا موعەزەز موكەڕەم دەژین.

ئەنفال ئەو تەلیسمەیە تەنانەت توێژەر و ئەکادیمییەکانیشمان مەیلی ئەوەیان نییە خۆیان لە قەرەی بدەن، ئەنفال سیحرێکە تەنانەت مامۆستا ئایینییەکانیش بە گوناحی دەزانن نزای بۆ بکەن!

دەبووایە “ئەنفال” حەزرەتی ئیسماعیل ئاسا ئیبراهیمێکی بۆ پەیدا بووایە و عێراقی لەبەردەم ئەو حەزرەتەدا سەر بڕیبایە، دەبووایە ئەنفال یەکەم نزا و دوا نزای هەموو تاکێکی ئەم ئەنفالستانە بووایە، دەبووایە “ئەنفال” یەکەم وانە بێت کە خوێندکارێک لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی فێری دەبێت و دوا وانەش بێت کە لە پەیمانگا و زانکۆکان دەیخوێنێت.

دەبوو ئێمەی کورد ئێستا لەئاستێکی بڵنددا بووینایە، شوناسی ئەنفال لە مەزڵومییەتەوە بگۆڕیبایە بۆ هێزی شوناس، باڵای یادەوەریمان هێندە بڵندبووایە، کەلتوورسازی و مرۆڤسازیمان لە ژینگەپارێزیدا ڕەنگی بدایەتەوە، سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانکۆکان لەئاستێکی بەرزدا بوونایە، سیاسییەکانی عێراق و دنیایان سەرسام بکردایە، چاو و گوێی کەس هاتوهاوار و ڕەفتاری کەسانێکی نەبیستایە و نەدیبایە کە بەسەر ئێسک و ڕووفاتی قوربانییەکاندا بگەنە پلە و پۆست.

دەبوو دەیان لێکۆڵینەوە و دیراسەی لەسەر بکرابا، دەیان کتێبی لەسەر وەرگێڕدرابووایە بۆ سەر زمانە بیانییەکان، ھەتا سەرجەم گەلانی دنیا لەم مەرگەساتە تێبگەشتنایە، ساڵانە کە یادی ئەنفال لە ٤/١٤دا دەکرێتەوە یەک جۆر بەرنامە و دیدار و گفتوگۆی لەسەر تاوانی ئەنفال هەبووە، کە دەبوو دەیان کۆنفرانس و دیبەیتی نێودەوڵەتی لە مۆنۆمێنتی “ئەنفال” ساز بکرایە، بەو جۆرە یاد بکرایەتەوە، ھەرچەند ئەم یادانەی ساڵانە دووبارە دەکرێنەوە، تەقلیدی بوون و ئەوەندەی ماندووکردن و ئازاردانی ڕۆحی بەجێماوەکانی “ئەنفال” و میللەتی کورد بوون، هێندە خزمەتکردن نەبوون بە تاوانەکە خۆی و گەلی کورد بەگشتی.

دەتوانین بڵێین، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش کەمتەرخەم بووە لە ھەنگاونان بە جینۆسایدناساندنی ئەم تاوانە لەسەر ئاستی جیهان، کە دەتوانرا ئەنفالیش وەکوو ھۆلۆکۆست و قەتڵ و عامی ئەرمەنییەکان بکرایە بە ناسنامەی ئەم میللەتە.

نەمری بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، سەربەرزی بۆ نەوە و وارس و کەسوکاری ئەنفالکراوان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...