سیاسیشرۆڤه‌

چین و هێرشەکەی هەولێر

لە سەرەتادا، دەبێت بە ڕاشکاوانە بڵێین کە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نییە. بەڵام لە پاشخان و دەرئەنجام و پەیوەندی ناڕاستەوخۆدا دۆخێکی ئاڵۆز لە ئارادایە. وەک دەڵێن شەیتان لە وردەکارییەکاندایە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

چین لە هەموو وڵاتان زیاتر چەقی فۆکەسی ئیدارەی بایدن بوو. لەم پێناوەدا ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوای ئەوەدا دەگەڕا کە چۆن کێشە دروست نەبێت و ناچاری نەکات کە تەرکیزی لە چین کەم بکاتەوە. لە دەرئەنجامی ئەمەدا دۆخێک هاتە ئاراوە کە ئێران و ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆیی ڕێککەوتنێکیان لە نێوانیاندا سازاند. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ئەمریکا فشار لە سەر ئێران کەم دەکاتەوە، ڕێگە دەدات نەوت بفرۆشێت و دەستی بە دۆلار بگات و هەروەها مامەڵە لەگەڵ حکوومەتەکەی دۆستی ئێراندا دەکات لە بەغدا. وەڵامی میلیشیا عێراقییە سەر بە ئێرانییەکان ئەوەبوو کە جۆرێک لە ئاگڕبڕی ڕانەگەیاندراویان لە نێوانیاندا لەگەڵ ئەمریکادا ڕاگەیاند. دەرئەنجامی ئەمە دۆخێکی سەقامگیریی ناوازە هاتە ئاراوە. بە جۆرێک جاک سۆلیڤان کاتێک وتارەکەی بۆ گۆڤاری فۆرن ئەفێر نووسی، باسی لە سەقامگیری بێوێنە کرد لە ناوچەکە.

هەندێک دەڵێن، ئەگەر هێرشەکەی غەزە نەبووایە، ئەوا کەس ڕەخنەی لە دیدەکەی سۆلیڤان نەدەگرت. بەڵام کاتێک لەگەڵ دەیڤد شینکەری قسەم کرد ئەو ڕای جیاواز بوو. دیڤید لە ئیدارەی پێشووی ترامپدا بەرپرسێکی باڵابوو، بە دیدی ئەو، پێش غەزەش ناوچەکە بەو جۆرە سەقامگیر نەبوو، کە سۆلیڤان باسی لێوە دەکات. دیارە دەبێت لە دیدی کۆمارییەکان بەرانبەر دیموکراتەکان، کەمێک بە ڕەخنە بین، چونکە پەیوەندییان لە پەیوەندی یەکێتی و پارتی خراپترە..

بەڵام ئەوەی ڕاستە، ئەوەیە کە ئێران لە هەڵکشانی چین و تەرکیزی ئەمریکا لە سەر چین و خواستی ئەمریکا بۆ هاتنەئارای ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی کپ، زۆر سوودمەندبوو.

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی سوودمەندی ئێران، تەنیا ئەوەنەبوو کە بە دوای سوودی دارایی و ئابووریدا بێت، بەڵکو هەوڵیدا لە ڕوانگەی ترەوە سوود لە دۆخەک ببینێت. لەم ڕووەوە ئێران لە عێراقدا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، بەهێزتربوون و ئەم دەرفەتەیان بۆ ئەوە قۆزتەوە کە چۆن عێراق وەها لێبکەن کە دۆستەکانی ئێران بە تایبەتی گرووپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بتوانن نەیارەکانیان لاواز بکەن و بەبێ ڕکەبەر بە سەر دۆخی سیاسی و ئابووری و دارایی عێراقدا زاڵ بن.

ئیتارییەکان باش یارییەکەیان دەکرد. بەجۆرێک کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو بەو کەسەی کە ببێت بە جێگای ڕەزامەندی لە لایەن ئیدارەی بایدنەوە و بۆ کۆشکی سپی داوەت بکرێت. تیۆرییەک هەیە سەبارەت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە دەڵێت: کاتێک کە سەرۆک وەزیران لە ئێرانەوە نزیکە، ئەوا سازش بۆ ئەمریکا دەکات و کاتێک لە ئەمریکاوە نزیکە، ئەوا سازش بۆ ئێران دەکات. بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی ئەم تیۆرییە بیر لە هەریەکە لە سوودانی نزیک بە ئێران و کازمی نزیک بە ئەمریکا بکەرەوە. سوودانی هەوڵی پەیوەندی باشی دەدا لەگەڵ ئەمریکادا، کازمی هەوڵی پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێران دەدا. بەڵام جیاوازی لە جۆری فەلسەفەی سیاسی ئێران و ئەمریکایە. لای ئەمریکا کار و بەڕێوەچوونی گرنگە، نەک شوناسی کەسەکە. بەڵام لای ئێران شوناسی کەسەکە گرنگە. بۆیە کاتێک سوودانی لەگەڵ ئەمریکا دەگونجێت دەبێتە مایەی سەرنجی ئەمریکا، بەڵام کەسێکی وەک کازمی هەرچەند هەوڵی خزمەتکردنی ئێران دا، بەڵام هەرگیز بەباشی هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەکرا.

لەم دۆخەدا پەیوەندی هەرێم، بەغدا و هەرێم ئەمریکا هاتە ئاراوە. کاتێک کە ئەمریکا ئامانجی چین بوو، بە دوای سەقامگیری و هێمنیدا دەگەڕا لە عێراق، حکوومەتی سوودانی ئەوەی بۆ دابینکردبوو، لە هەمانکاتدا حکوومەتی هەولێر لە دۆخەکە نەگەشتبوو، وەها مامەڵەی دەکرد کە هیچ نەگۆڕاوە، ئەوا هەولێر خێرا لە لایەن ئەمریکاوە وەها دەبینرا کە سەرئێشەیە و هاوکار نییە و خواستی زۆرە.

لە هەمانکاتدا کاتێک هەولێر لەم دۆخە تێنەدەگەیشت، ئەوا نەیدەزانی کە دەبێت چۆن بە خۆیدا بچێتەوە لە دۆخە نوێکەدا. هەرێم لەوە تێنەدەگەشت کە کاتێک بەغدایەک هەیە بە دڵی ئەمریکایە و ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت نەبوونی کێشەیە، ئەوا خواستی هەولێر قورستر دەبێت لای ئەمریکییەکان.

ئەمە لە کاتێکدا هەولێر لەبری ئەوەی لە سیاسەتی ئەمریکا بگات و هەوڵی ئەوە بدات کە چۆن ئاسانکاریی بۆ ئەمریکا بکات، زیاتر و زیاتر لە نێوخۆیاندا پەرت دەبوو، لاواز دەبوو، توانای دانوستان و تێگەیشتنی لە دۆخەکە لە دەست دەدا.

یەکێک لەو تیۆرانەی کە هەولێر جاڕی بۆ دەدا، ئەوەبوو کە دۆخەکە بۆ هەمیشە وەها بەردەوام نابێت و شتێک ڕوودەدات. ئەمە تێکەڵەیەک بوو لە ئەزموونی مێژوو و بێدەسەڵاتی. بەڵام ڕووداوی هێرشی حەماس گۆڕانکاریی بە سەر دۆخەکەدا هێنا.

هێرشەکەی حەماس ئەمریکای ناچار بە پێداچوونەوە کرد بۆ هەڵوێستی بەرانبەر دۆخەکە لە ناوچەکە. لە هەمانکاتدا ئاگربەستی ڕانەگەیاندراوی نێوان میلیشیاکان و ئێران و ئەمریکای کۆتایی پێ هێنا. دەرئەنجامی ئەم دۆخە، فشار کەوتنە سەر پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا، بەڵام لە هەمانکاتدا دروستبوونی گرژی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.

لەکاتێکدا نە ئێران، نە ئەمریکا، شەڕیان ناوێت، بەڵام دۆخەکە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵدا نییە. هێزە عێراقییەکان کە حوکمی عێراق دەکەن، کەمینەن و بەبێ پشتیوانی ئێران ئەو کارەیان بۆ ناکرێت، بۆیە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران تەنیا تایفی و عەقائیدی و سەربازی نییە، بەڵکو لە هەمانکاتدا وجودییە. ئەوەی ئێران دەیەوێت ئەوەیە کە ئەوە لە بیر ئیسرائیل بباتەوە کە بیر لە هێرشکردنە سەری بکات بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ، لەم پێناوەدا دەیەوێت لە هەر کوێ دەستی هەیە لە دەرەوەی ئێران شڵەژان دروست بکات. هێرشی ڕۆکێتی سەر هەولێر ئەمە ئامانجە سەرەکییەکەی بوو. ئێران کە نزیکەی سێ هەزار ڕۆکێتی بالیستی هەیە، دەیەوێت ئەو پەیامە بە ئیسرائیل بدات کە ڕۆکێتەکانی دەتوانن بگەنە ئیسرائیل. هێرشەکەی هەولێر ئامانجی هەرە سەرەکی ئەم نمایشە بوو.

کەواتە بە کورتی، هەڵکشانی چین، هەوڵی ئەمریکا بۆ مامەڵە لەگەڵ چین، لەم پێناوەدا هەوڵدان بۆ کپکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ئێران، ئێران و نوخبەی نزیک بە ئێران لە عێراق سوودمەندبوون و کورد زەرەرمەند. کورد کە توانای خوێندنەوەی ئەم دۆخەی نەبوو، زیاتر لاوازبوو.

سەرباری ئەمە دەکرێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە بوونی پەیوەندی نەوتی و بازرگانی زۆری نێوان عێراق و چین وەهای لە نوخبەی حاکمی عێراق کردووە، کە وەها بیربکاتەوە کە دەتوانن خۆیان لە ڕووی سەربازییەوە بپارێزن، ئەوا چینیش دەتوانێت پێداویستییەکانی تریان بۆ دابین بکات، بۆیە پێویستیان بە ئەمریکا نییە. بەو مانایە چین بازاڕ و ساغکردنەوەی نەوت و کاڵا و شمەکەکان دابین دەکات و ئێران پشتیوانی سەربازی، کەواتە پێویستی بە ئەمریکا نییە.

 

لێرەوە کورد کێشەکانی چی بوون؟

یەکەم، کورد توانای ئەوەی نەبوو کە بزانێت چۆن هەڵکشانی چین ناڕاستەوخۆ یان بە ئاستێک ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر پەیوەندی ئەمریکا بە ناوچەکەوە و لە ئەنجامدا پەیوەندی بە کوردەوە.

دووەم، کاتێک کورد توانای ئەم تێگەیشتنەی نەبوو، ئەوا نەیدەزانی و نەیدەتوانی بە شێوازی نوێ بۆ دۆخی نوێ مامەڵە بکات، بەڵکو زیاتر سیاسەتی شەخسی و خێزانی و حزبی زاڵ بوون، کە ئەمریکای نائومێد و بێزار دەکرد.

ئێستا کە دۆخەکە گۆڕاوە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە، کاتی دەبێت. وەک دەڵێین ڕەنگە وەک تۆفانێک وەها بێت، پاش ماوەیەک بنیشێتەوە، بەڵام هەڵکشانی چین وەک گۆڕانی ژینگە وەهایە؛ درێژخایەنە. ئەوەی کورد دەبێت فێربێت کە چۆن خۆی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا کە یانی هەڵکشانی چین بگونجێنێت، نەک لەگەڵ تۆفانێکی کاتیدا.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...