شرۆڤه‌كه‌لتوور

ئازادی ڕۆژنامه‌وانی

ڕۆژی جیهانیی ئازادی ڕۆژنامه‌وانی (٣ـی ئایار)، بۆنه‌یه‌كی جیهانییه‌ بۆ یادخستنه‌وه‌ی گرنگی و پێویستیی ڕێزگرتن له‌ ئازادی ڕۆژنامه‌وانی. یونسكۆ ئه‌م بۆنه‌یه‌ی له‌ ڕۆژمێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ بۆنه‌ و یاده‌ جیهانییه‌كان تۆمار كردووه‌. له‌ ١٩٩١دا، له‌ ویندهۆكی نامبیا ڕۆژنامه‌وانانی ئه‌فریقا له‌ ٢٩ی نیسان تا ٣ی ئایار كۆبوونه‌وه‌ و گه‌یشتن به‌ داڕشته‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی مێژوویی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئامانجی سه‌ره‌كی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، بیرخستنه‌وه‌ی پێویستیی پارێزگاریكردن و ڕێزگرتنی ئازادی ڕۆژنامه‌وانی بوو له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌كانه‌وه‌. له‌ پێناو پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنی ژینگه‌یه‌كی ئارام بۆ كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری.

ئه‌مساڵ له‌ كاتێكدا ڕۆژنامه‌وانان ئه‌و یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ دۆخی ڕۆژنامه‌وانان، به‌ هۆی شه‌ڕی بێ ئامانی غه‌ززه‌وه‌ له‌ خراپترین دۆخدایه‌ و تا ئێستا زیاتر له‌ ١٤٥ ڕۆژنامه‌وان له‌ ئاكامی به‌ ئامانجگرتنی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی سوپای ئیسرائیل كوژراون و ده‌یانی دیكه‌ زامدار بوون. بێ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵوێستێكی جددی له‌و باره‌یه‌وه‌ بنوێنێت و لێكۆڵینه‌وه‌ی پێویست له‌ باره‌ی ئه‌و تاوانانه‌وه‌ بكرێت.

له‌ ناوخۆی هه‌رێمیشدا، واقیع پیشانده‌ره‌، كه‌ زۆربوونی ژماره‌كان به‌ڵگه‌ نییه‌ له‌سه‌ر هه‌بوونی ئازادی كاری ڕۆژنامه‌وانی و به‌شێك له‌و ژمارانه‌، جگه‌ له‌ دروستكردنی ژاوه‌ژاو و پیسكردنی ژینگه‌ی میدیایی و بێزراندنی پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانی، ئه‌ركێكی دیكه‌یان پێ نه‌سپێردراوه‌.

نابێت زۆری ژماره‌كان وه‌ك مارشی ئازادی لێ بكرێت و به‌رده‌وام به‌ر گوێ بدرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت، ژماره‌ی ساخته‌ن و ڕۆژانه‌ سه‌رقاڵی چه‌واشه‌كردن و به‌لاڕێدابردن و دزێوكردنی پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانین و به‌شێكیشیان بوونه‌ته‌ مه‌ڵۆزمی كۆمه‌ڵگه‌ و تا دێت زیاتر كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ده‌ست موهاته‌رات و چه‌واشه‌كاری و گوتاری ڕق و كینه‌یان ماندووتر ده‌كه‌ن.

لێره‌ ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كاری میدیایی تا دێت زیاتر ته‌نگ به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین هه‌ڵده‌چنن. ڕووخساری تاوانه‌كان و شێوازی سه‌ركوتكارییه‌كان له‌ كوشتن و گرتنه‌وه‌ گۆڕاون بۆ هه‌وڵی بێ په‌روا بۆ له‌قاڵبدانی ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌ ڕێگه‌ی مۆدێرنانه‌وه‌.

نه‌ك ته‌نیا ئه‌وه‌، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا گرووپێك له‌و نه‌وه‌یه‌ی ده‌ستوپه‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ ته‌كنیكی نوێی میدیایی نه‌رمكردووه‌ و له‌ كایه‌ی میدیای ئه‌لیكترۆنی و سۆشیالمیدیا هه‌ڵتۆقیون و له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌كی كه‌سیی یان میزاجیی، یا به‌ سپۆنسه‌ر و ده‌ست له‌ پشتدانی ده‌ره‌كی خزاونه‌ته‌ بازنه‌ی ئه‌و په‌راوێزه‌ی سه‌ره‌قه‌ڵه‌م به‌ قه‌ڵه‌مبه‌ده‌سته‌كانی ده‌سپێرێت.

ئه‌و گرووپه‌ بۆ هه‌ر سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك شانامه‌یه‌ك ده‌هۆننه‌وه‌ و كاریان له‌ په‌راوێزی په‌راوێزه‌كانه‌وه‌یه‌.

ئه‌وان خه‌ریكن كاری ورد ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فه‌زای سۆشیالمیدیا یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك ده‌نگ بێت و هه‌رچی بۆنی ڕه‌خنه‌ و كاریگه‌ری لێبێت، خامۆشی بكه‌ن.

ئه‌و نه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌بووایه‌ زۆر بیركراوه‌تر بن و خۆیان به‌ زاده‌ی ئه‌و فه‌زایه‌ بزانن، كه‌ لێی گه‌شه‌یان كرد، كه‌چی خراپتر له‌ نه‌وه‌كانی پێشوو، كه‌ له‌ چه‌ك زیاتریان نه‌ده‌ناسی و باشتر ئارامیان ده‌گرت به‌رانبه‌ر به‌ ڕه‌خنه‌، كه‌چی ئه‌مان به‌ هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك قه‌ڵس ده‌بن و پێگه‌ی بێ ڕه‌گوڕیشاڵیان به‌كارده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئه‌كاونت و په‌یجانه‌ سانسۆر بكه‌ن، كه‌ له‌ پێناو هۆشیاری گشتیی كار ده‌كه‌ن، یا ده‌نگێكی جیاوازترن له‌و ده‌نگه‌ سپۆنسه‌ركراوانه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ ئاوازێكی زیقن ده‌خوێنن.‌ له‌وه‌شدا سه‌ره‌ده‌ریان له‌ ته‌كنیك و به‌كارهێنانی سامانی گشتیی، هاوكاریانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چه‌كی “ڕیپۆرت، كۆپی ڕایت، جیاكاری و توندوتیژی” ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خۆیان خه‌فه‌ بكه‌ن.

ڕۆژگار ده‌ریخستووه‌، كوچك له‌ ئاگر گه‌رمتر، هه‌موو ئه‌وانه‌ن، بۆ خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ و جێكردنه‌وه‌ی وجوودی له‌رزۆكیان و شاردنه‌وه‌ی ڕابردوویان له به‌ر چاوی پاره‌ده‌ره‌كانیان، كاری ده‌رئاسا له‌ مامه‌حه‌مه‌یی و خۆبه‌كه‌مزانی و گوێله‌مستی ده‌كه‌ن و گوێ به‌وه‌ ناده‌ن، به‌ها پیرۆزه‌كانی ئازادی ڕاده‌ربڕین و كاری ڕاگه‌یاندن و مافی تاك له‌ ده‌ربڕینی بۆچوونی به‌هاگه‌لێكن پێویسته‌ ڕێزیان لێبگیرێت و نه‌به‌زێندرێن، كه‌چی ئه‌وان وه‌ك داهۆڵ و دێوجامه‌ بوونه‌ته‌ كه‌واسووری به‌ر له‌شكری ڕاوی ده‌نگی جیاواز و خه‌فه‌كردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌ سۆشیال و هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌ بۆته‌ی “فه‌وزا” و “مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی” و “به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی”  پێناسه‌ ده‌كه‌ن و به‌ لاقرتێیه‌وه‌ گه‌نجانێكی میدیاكار، كه‌ به‌ ده‌وری یه‌كدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ و كاری میدیایی ده‌كه‌ن به‌ “مایك به‌ده‌ست” ناوده‌به‌ن.

ئەرسەلان ڕەحمان

نووسەر و ڕۆژنامەوان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...