شرۆڤه‌كه‌لتوور

ئەڤین لای ئۆشۆ

لە هەر جێیەک خۆشەویستیی ڕاستەقیبە هەبێت، لەوێ وابەستەیی نییە. کە وابەستەیی هەبوو، ئیدی موڵکایەتی دێتە گۆڕێ, ئیدی تۆ ئەو بە موڵکی خۆت دەزانیت، ئیدی ئەو بە کاڵا تێدەگەیت، ئەوەیش ئەوپەڕی سووک سەرنجدانی ئەوە. کە تۆ ئەو بە موڵکی خۆت بزانیت و ئەویش تۆ بە موڵکی خۆی بزانێت، لەوێوە کۆیلایەتی دەست پێ دەکات، ئاخر ئیدی هەردووکتان کۆیلەی یەکتری دەبن. کێشە ئەو کاتە پەیدا دەبێت، تۆ دەخوازیت ئازاد بیت، بەڵام ئەو کۆیلەی تۆ بێت، خۆت ئازاد بیت، ئەو موڵکی تۆ بێت، خۆت ئینسان بیت، ئەو کاڵا بێت، بەڵام دەبوو وەک چۆن ئازادیت بۆ خۆت دەوێت، بۆ ئەویشت ویستبا، کەستان کۆیلەی ئەوی دیکەتان نەبوونایە، وەک دوو کەسی سەربەخۆ و هۆشیار و ئازاد پێکەوە ژیابان. ژن و پیاو دەتوانن، تەواو تێکەڵ بە یەکتری ببن، بەبێ ئەوەی کەسیان موڵکی ئەوی دیکە بێت، بەبێ ئەوەی وابەستەیی و کۆیلایەتی لە ئارادا بێت.
وابەستەیی بۆیە قێزەونە، چونکە تۆ وەک تاکێک، کەسایەتیی خۆت لە دەست دەدەیت، کە خۆیشت لە دەست دا، ئیدی هەموو شتێکی دیکەت لە کیس دەچێت. ئەگەر دڵشاد بیت بەوەی، کەسێک وابەستەی تۆیە و پێویستی پێتە، ئەوەیش بەرەو بزربوونت دەبات. کە هەوڵ دەدەیت، خۆت ئازاد بیت و ئەو وابەستەی تۆ بێت، ئەویش خەریکی هەمان گەمەیە لەگەڵ تۆدا، بۆیە هاوژینیی ئێوە، لە یەکدی فریودانەوە نزیکترە، وەک لە خۆشەویستییەوە. کە پێت ناخۆشە موڵکی کەس بیت، کەسیش مەکە بە موڵکی خۆت! کەس مەکە بە کۆیلەی خۆت، ئەگەرنا خۆیشت دەبیت بە کۆیلە. ئەگەر خاوەنی کۆیلە بیت، مەحاڵە خۆیشت ئازاد بێت، ئازاد کەسێکە نە کۆیلەی هەبێت، نە کۆیلەی کەس بێت، ئاخر وەک چۆن تۆ خەریکی بە کۆیلەکردنی ئەویت، ئەویش خەریکی بە کۆیلەکردنی تۆ دەبێت.
سەروەر کەسێک نییە، خاوەنی کۆیلە بێت، کەسێک سەروەرە نە کۆیلەی هەبێت و نە کۆیلەی کەس بێت. ئەگەر عاشقی ئازادی بیت، تەنیا خودی خۆتت بەسە، دەتوانیت کەسێکیش بکەیت بە هاوژینت، بەڵام نەک بەو مەبەستەی بەد سوودی لێ ببینیت، بەڵکوو خۆشەویستیی پێ ببەخشێت و بیکەیت بە هاوبەشی خۆشییەکانت. ئەگەر کرۆکی خۆت بناسیت، خۆشەویستی نابێتە وابەستەیی، دەبێتە قوربانیدان بۆ هاوژینەکەت و بۆ هەمووان. ئەگەر پێت وابێت هەموو خۆشەویستییەک بە وابەستەیی دوایی دێت، ئەوە هێشتا خۆت نەناسیوە و خاوەنی خودی خۆت نیت. سەرەتا خۆت هەبە، ئەوسا بەدوای هاوژیندا بگەڕێ، کە خۆت ناسی، کە خاوەنی خودی خۆت بوویت، ئەوەی لەگەڵ کەسێکدا کۆت دەکاتەوە، خۆشەویستی دەبێت، نەک وابەستەیی.
دژایەتیکردنی وابەستەیی بەوە نابێت، لە کار و لە ماڵ و لە منداڵ هەڵێیت، ئاخر دواتر لە جێیەکی دیکە، وابەستەی شتی دیکە دەبیت، وەک کەسێک کە پشت دەکاتە دونیا، بەڵام وابەستەی تەنیایی دەبێت، ئەوسا لەبری ماڵ، وابەستەی خەڵوەت دەبێت.
وابەستەیی جۆری زۆرە و بە ئاسانی لە دەستی قوتار نابین، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەین، بۆچی وابەستەیی هەیە. کە خۆمان نەناسین، کە خۆمان بزر بین، هەمیشە وابەستەیی حازرە. ئەوە خۆ نەناسینە بەرەو وابەستەییمان دەبات، ئەگەر هەست بە دڵنیایی نەکەین، بە ئومێدی گەیشتن بە ئاسوودەیی، لە هەوارێکدا بارگە دەخەین و وابەستەی ئەوێ دەبین. ئەگەر قووڵ بە ناخی خۆماندا ڕۆبچین، باش خۆمان بناسین و لە بوونی خۆمان تێبگەین، ئەوسا لە بازنەی وابەستەییدا گیر ناخۆین، ئەوسا پشت بە خۆمان دەبەستین، نەک بە کەسی دیکە.
ئەوە شتێکی ئاسایییە و ناوبەناو ڕوو دەدات، یەکێکتان حەزی لە سێکس نابێت، لە دۆخێکی وادا ئەوی دیکەتان وا هەست دەکات، چونکە سێکس لە نێوانتاندا نەماوە، کەواتە چیرۆکی نێوانتان ڕوو لە کۆتایییە. کێشەکە ئەوەیە، تا تۆ زیاتر داوای سێکس بکەیت، ئەو زیاتر لێت بێزار دەبێت، ئاخر هەر جارێک لەژێر گوشاری تۆدا سێکست لەگەڵدا بکات، خەم دایدەگرێت و ویژدانی ئازاری دەدات. کە هاوژینیتان ڕوو لە ساردوسڕی دەکات، هۆکاری دیکەی هەیە، لەبەر ئەوە نییە، وەک جاران بە گەرموگوڕی سێکس ناکەن، پێویستە ئەوە بزانین سێکسکردن زادەی خۆشەویستی نییە، ئاخر خۆشەویستی لە سێکس باڵاترە و دەشێت بەبێ سێکسیش گوڵی خۆشەویستی بگەشێتەوە.
پێم ناڵێت خۆشم دەوێیت. ئاخر ترساندووتە، هەر ئەو گوتی خۆشم دەوێیت، تۆ دەستبەجێ داوای سێکسی لێ دەکەیت، چونکە لە تۆ وایە، خۆشەویستی هاوواتای سێکسە، چونکە هەر جارێک لە ئامێزت بگرێت، ماچێکت بکات، دەست بکاتە ملت، یان تەنانەت دەستی بەرت بکەوێت، تۆ بۆ سێکسکردن ئامادەیت. تۆ بەبێ ئەوەی دەرکی پێ بکەیت، وات کردووە خۆیت لێ بەدوور بگرێت.
مشتومڕ لەبارەی خۆشەویستییەوە لەگەڵ کەسدا مەکە! ئاخر ئەگەر ئەو هەستی بە خۆشەویستی نەکردبێت، تۆ ناتوانیت بیخەیە دڵییەوە. ئەو تۆی خۆش دەوێت، ئەگەرنا بەجێی دەهێشتیت، تۆیش ئەوت خۆش دەوێت، بەڵام خراپ لە سێکس حاڵی بوویت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button