شرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

حکوومەت دەستی لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا هەیە

هیچ بەڵگەیەک نییە ئاگرکەوتنەوەکان لە هەرێمی کوردستان بە دەستی ئەنقەست بن. پێشخستنی تیۆری موئامەرە لەو پرسەدا و بەوەی گوایە “دەستێکی تێکدەر” لە پشت ئەو ڕووداوانەوە هەیە، خزمەت دەکات بە پەردەپۆشکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکان و شاردنەوەی بەرپرسیارێتیی لایەنە پەیوەندارەکان لە ڕووداوەکاندا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هەموو ساڵان بە ژمارەیەکی گەورەوە ئامادەن. بەرگری شارستانی هەولێر، تەنیا لە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو، هەزار و ٧١١ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی تۆمارکردوون.

 

هۆکاری زۆرینەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ تیمەکانی بەدواداچوون لە بەرگری شارستانی بەزوویی ئاشکراکراون، لەناویاندا ٤٠٪ی ڕووداوەکان بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێتەوە. هەروەها خراپی کوالێتی بەنزین و نەبوونی مەرجەکانی توندوتۆڵی هۆکارن لە سووتانی ئۆتۆمبێل، فڕێدانی جگەرە یەکێک لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە بووە لە دەغڵودان، پووش و پەڵاش و ناوچە دارستانییەکاندا، بەپێی بەرگری شارستانی هەولێر، زیاتر لە ٩٠ ئاگرکەوتنەوەی لەو جۆرە، بەهۆی فڕێدانی جگەرەوە بووە. نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لە کۆگاکانی سووتەمەنی، پاڵاوگەکان، کارگە و پڕۆژەکانی دیکە، بەشێک لە هۆکارەکان پێکدەهێنن و ئاسایی بەشێکی دیکەی ڕووداوەکان بۆ بەرگری شارستانی ڕوون نەبوون و بە “هۆکاری نادیار” پێناسە کراون.

 

داتاکان

داتاکانی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ نۆ مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو بەو شێوەیە بوون؛

 

زۆرینەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، سووتانی پووش و پەڵاش بوون ٥٧٣ حاڵەت، سووتانی ماڵ ٢٩٨ حالەت، سووتانی ئۆتۆمبێل ٢٦٦ حالەت، ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە دارستانییەکان ١٤٣ حالەت و هەروەها، ٩١ مارکێت و پێشانگا، ٥٣ حالەتی ئاگرکەوتنەوە لە شوێنەکانی فڕێدانی خاشاک، ٤٥ ئاگرکەوتنەوە لە کێبڵەکانی کارەبا، ٣٨ ئاگرکەوتنەوە لە خەرمان و دەغڵودان، سووتانی ٣٧ مۆلیدەی کارەبایی، ٢٩ حالەتی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی ئاوارەکان، ٢٣ کێڵگەی پەلەوەریی، سووتانی ١٩ باڵەخانە و هۆتێل و چەند ناوەندێکی دیکە لە کارگە، کۆگا، باڵەخانە، نانەواخانە، بەنزینخانە، کۆگای سووتەمەنی، چێشتخانە و کافتریا و …هتد.

 

ئەو ماوەیە، لەگەڵ چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕە گشتییەکاندا، لە کۆگاکانی سووتەمەنی، کۆگاکانی کەلوپەل، فرۆشگە و ڕووبەرەکانی داپۆشراو بە پووش و پەڵاش و دەنگدانەوەی ئەو ڕووداوانە لە میدیاکاندا، لێکدانەوەیەک هەیە و بانگەشەی هەبوونی دەستێکی ئەنقەست لە دروستکردنی ڕووداوەکان دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک پشتڕاستی بکاتەوە.

 

ڕاستییەکە ئەوەیە، کە حکوومەت بەگشتی و حکوومەتە خۆجێییەکان بەتایبەت بەرپرسن لە بەرانبەر کۆنتڕۆڵکردنی هۆکارەکان، لە چارەسەرکردنی گرفتەکان لە هێڵەکانی کارەبا، کوالێتی ئامێرە کارەباییەکان، لە ناچارکردنی شوێنکارەکان بە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و لە دۆخی نەبوونی چاودێرییەکی جددی و بەڵکوو هەبوونی چاوپۆشی بە هەر هۆکارێک، ئەو ڕووداوانە دەبارە و سەدبارە دەبنەوە.

 

بەو شێوەیە، ئەگەر دەستێک لە پشت ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هەبێت، دەستی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، کاتێک ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن، لە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هۆکارانەی ڕووداوی نەخوازراو دروست دەکەن.

 

کاتێک کوالێتی کۆنتڕۆڵەکەت ڕێگە دەدات ئامێرێکی کارەبایی هاوردە بکرێت، کە هەر بە فوویەکی گەرم گڕ دەگرێت، ئێ دەبێت چاوەڕوانی شۆرتی کارەبا و ئاگرکەوتنەوە بکەیت.

 

کاتێک پڕۆژە و کارگە و کارخانەکان ناچار ناکەیت بە دابینکردنی هیچ مەرجێکی سەلامەتی، مانای ئەوەیە دەتەوێ بسووتێن.

 

کاتێک کوالێتی بەنزینەکەت، بەو جۆرە بێت کە هەیە، مانای ئەوەیە دەتەوێ هەمووان لە ئۆتۆمبێلەکانیاندا ببن بە ژەقنەبووت!

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...