سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

چۆن لە دانانی مارک ساڤایا نێردەی ترەمپ بۆ عێراق تێبگەین؟

دانانی مارک ساڤایا مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە. بەڵام تێگەیشتنەکان سنووردارن. هەڵەی گەورە لە تێگەیشتن لە دانانی مارک ساڤایا ئەوەیە کە وەها دەبینرێت کە دەرئەنجامی دۆخی عێراقە.

 

بە گشتی دەتوانین بڵێین کە دوو تێگەیشتن هەیە لە دانانی مارک، یەکەم، دەرئەنجامی دۆخی عێراق؛ دووەم، دەرئەنجامی دۆخی ئەمریکا یان بە تایبەتی ترەمپ خۆی.

 

بە گشتی لە نێو ڕاڤەکەرانی دۆخی عێراقدا دیدی یەکەم زاڵە. بەو مانایە وەهای دەبینین کە دانانی مارک ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی ناوخۆی عێراق و پەیوەندی عێراق و ئەمریکا. لەم ڕوانگەیەوە، تێگەیشتنێک هەیە کە ناردنی نێردەی تایبەت، نیشانەی ئەوەیە کە دۆخی وڵاتەکە قەیراناوییە، وەک ناردنی نێردەی تایبەت بۆ سووریا، لوبنان، ئۆکرانیا و فەڵەستین و ئیسرائیل، ئەگەرنا بۆ باڵوێز نانێردرێت؟

 

بۆ نمونە ئیحسان شەمەریی لە هەژماری تویتەری خۆی نووسیویەتی، سەرەتای کۆتایی. بەم پێیە دانانی مارک سەرەتای مامەڵەی ترەمپە لەگەڵ عێراقدا و ئەمەش دەبێتە مایەی کۆتایی ئەم ڕژێمە سیاسییەی ئێستا.

 

ئەم دیدە بە هەڵە دەزانم.

 

لە ڕاستیدا، دانانی مارک مانای ئەوە نییە، کە پەیوەندی بە عێراقەوە نییە. بەڵام پەیوەندییەکە بەو جۆرەیە کە دەرخەری ئەوەیە کە ترەمپ بایەخێکی ئەوتۆ بە عێراق نادات. یەکەم، مارک وەک تۆم باراک، یان ویتکۆڤ نییە، کە تەمەن و ئەزموون و پەیوەندی قووڵی هەبێت بە تایبەتی لە کەیسی ویتکۆڤدا. بەڵکوو مارک لاوە و سەر بە کەمینەیەکی بچووکی عێراقە و هیچ ئەزموونی سیاسی یان بازرگانی لە دەرەوەی ئەمریکا نییە.

 

تەنانەت ویتکۆڤ، کە خۆی جووە، کارەکەی بە تەنها پێنەکرا بۆیە ناچاربوون جێرارد کوشنەر بهێننەوە، بۆ ئەوەی هاوکاریی بکات. بۆ ئەوەی ئەم لاوازییەی ویتکۆڤ بشارێتەوە، ترەمپ لە کنێسەت یان پەرلەمانی ئیسرائیلی ویتکۆڤی وەها وەسف کرد کە کیسنجەرە بەبێ دزە-پێکرد. ترەمپ وەها بیر لە کیسنجەر دەکاتەوە کە زانیاری زۆری دزە پێدەکرد.

 

تۆم باراک نزیکەی پەنجا ساڵ لە تەمەنی لە ناوچەکە بەسەربردووە. بەڵام مارک وەها نییە. هەرچەندە مارک لە سەردەمی یەکەم هەڵبژاردنی ترەمپەوە نێوەندگیرێک بووە لە نێوان سیاسییە عێراقییەکان و ترەمپدا. وەک سیاسییەکی عێراقی گێڕایەوە، چەند مانگێک لەمەوپێش بیزنیسمانێکی عێراقی لە ئەمریکا تەلەفون بۆ سوودانی دەکات، پێی دەڵێت دەتەوێت قسە لەگەڵ سەرۆک ترەمپدا بکەیت، سوودانیش دەڵێت بەڵێ، بەڵام چاوەڕێی ئەوەی نەکردبوو، دەستوبردبێت. بۆیە کاتێک تەلەفونەکە دەدەن بە ترەمپ لە یەکێک لە یانەکانی گۆلف لە عێراق یانزەی شەو دەبێت لە بەغدا و سوودانی بە دزداشەوە لە ماڵ دەبێت. ترەمپ داوای پشتیوانی لێدەکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. وەها دیارە ئەو بیزنیسمانە عێراقییە مارک بووە.

 

دیارە ترەمپ وەها وەسفی مارک دەکات کە بە ئاگا و شارەزایە لە عێراق. بەڵام لای ترەمپ و بە گشتی فاشیزمی نوێ چەمکی شارەزا مانایەکی تایبەتی هەیە. ئەوان بە گشتی دژ بە شارەزای تەقلیدیین، خەڵکێک کە لە ناوەندە باڵاکانی مەعریفە و ئەزموونەوە دێن. بەڵکوو لای ئەوان هەموو شتێک سادەیە و دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا فێری بیت و ببیت بە شارەزا.

 

لەم ڕوانگەیەوە، دانانی مارک نیشانەی ئەوەیە کە عێراق جێگای بایەخێکی کەمە لای ترەمپ.

 

بۆ ترەمپ ئەم کارانە دەکات

دانانی نێردە، کردەیەکی نوێ نییە. باوە لە سیاسەتی ئەمریکیدا کاتێک کەسێک پشتیوانی دارایی کەمپەینی سەرۆک دەکات لە بەرانبەردا پۆستی باڵوێز یان پۆستێکی هاوشێوەی پێدەدرێت. بەڵام لای ترەمپ جیاوازییەکەی ئەوەیە کە ترەمپ ئامانجی لە دانانی ئەم کەسانە لادان و پەراوێزخستنی وەزارەتی دەرەوە و بیرۆکراسیەتی ئەو وەزارەتەیە.

 

هەموو ئەم نێردانە پێگەی شەخسی ترەمپ گەورە دەکەن و دەزگا و سیستەم لاواز دەکەن.

 

بەڵام دانانی مارک ساڤایا دەبێت وەک دەرئەنجامی سیاسەتی ناوەوەی ئەمریکا بخوێندرێتەوە.

 

لە ویلایەتی میشیگان نزیکەی ٢٠٠ هەزار مەسیحی کلدانی دەژین. دەنگی ئەمانە کاریگەربوو بۆ ئەوەی ترەمپ ئەو ویلایەتە بباتەوە. کەسانی وەک مارک کە لە سەردەمی یەکەمی ترەمپەوە پشتیوانی ترەمپن هەم بە پێدانی پارە و هەم بانگەشە گرنگ بوون.

 

ئەم دەنگانە بە گرنگ دەمێننەوە چونکە ویلایەتەکە جۆلانێ دەکات، بۆیە ترەمپ دەبێت پاداشتی ئەم گرووپە و چالاکوانەکانی بکات. دانانی مارک بە نێردەی خۆی بۆ عێراق، بە تایبەتی ئەگەر کاتیی بێت، چونکە ئەو کاتە پێویستی بە ڕەزامەندی کۆنگریس نییە، ئەوا بۆ کلدانییەکان و بۆ ترەمپیش باشە.

 

ئایا کاریگەری چۆن دەبێت؟

کلدانەکان دوو بەرەن، بەرەی ساکۆ و بەرەی ڕەیان. دیارە مارک لە ساکۆوە نزیکە، چونکە ڕەیان لە حەشدەوە نزیکە. لە ئێستای عێراقدا کەسانی وەک سوودانی هەوڵ دەدەن سوود لە مارک ببینن بۆ گەیشتن بە ترەمپ. بەڵام لە دۆخی ئاڵۆزی عێراقدا مارک کۆمەڵێک لاوازی هەیە، یەکەم، ناوبانگی باش نییە؛ دووەم، ئەزموونی کەمە؛ سێیەم، کۆنستیچوینسێکی فراوانی نییە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button