شرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

ئۆلۆمپیاگەری لە نێوان تاکگەریی و نەتەوەگەرییدا

بەکر عەلی

 

لەم ساڵدا دوو میهرەجانی وەرزشی جیهانی ئەنجام درا، پاڵەوانی تۆپی پێی ئەوروپی لە ئەڵمانیا و ئێستایش یارییە ئۆلۆمپییەکان لە پاریس بەڕێوە دەچێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

خودی ئەم یارییە ئۆلۆمپییانە کە سەر بە شارستانی گریکییە، بەڵام بۆ جاری دووەم لەلایەن پییەر دی کاوبەرتین لە کۆنگرەی سۆربۆن ساڵی ١٨٩٤ لە پاریس دووبارە زیندووکراوەتەوە. بلیمەتی کاوبەرتیین لەوەدا بوو، کە دەیزانی هیچ شتێک هێندەی وەرزش ناتوانێت گەلانی جیهان کۆ بکاتەوە، بەڵام هیچ شتێک وەک وەرزش ئەوەی پێ ناکرێت، توانا تاکەکەسی و گرووپییەکان بەرەو زیاتر هان بدات، بۆیە دروشمەکەی بریتی بوو لە بەهێزتر، دوورتر و خێراتر.

 

لەم دوو میهرەجانەوە و بێگومان لەوانی زووتریشەوە، دەرک بەوە دەکەین، کە ئەو وەرزشکارەی بەشداری دەکات، بە لەشی خۆی، بەتێکۆشان و خەباتی خۆی، بە دۆڕان و بردنەوەی خۆی بەشداری دەکات، بۆیە دواکەس بەرپرسیاری ئەنجامەکان بێت هەر خودی ئەو تاکەکەسەیە، نەک ئەو نەتەوەیەی لێوەی هاتووە. کەچی سەیر لەوەدایە هیچ کەسێک لەدەرەوەی نەتەوەیەک و وڵاتێکی ناسراوەوە ناتوانێت و بۆی نییە بەشداری ئەو پێشبڕکێیانە بکات.

 

لێرەدا دووانایەتی وەرزش بەرجەستە دەبێت، جارێک وەک بوارێک بۆ سەلماندنی توانا و هێز و خێرایی تاکەکەس، جارێکیش وەک نوێنەرایەتیکردنی گەلێک لەلایەن هەڵکەوتووترین وەرزشکاری خۆیانەوە.

 

دیارە عەقڵی دروست نابێت هەستیاری بەناوهێنانی نەتەوە یان گەلان و هۆز و خێڵ و ڕەگەزە مرۆیی و کەلتوورییەکان هەبێت. ئەوەی لەم میهرەجانانەدا گرنگە، سەلماندنی ئەو تیۆرییەیە، کە هەموو تاکێک سەر بەگەلێکە. گەلانیش دەتوانن پێکەوە گرێ بدرێنەوە. وەرزشیش بوارێکی گرنگ و شانۆیەکی گرنگی نمایشکردنی تواناکانیانە. هەر بۆیە دی کاوبەرتین هێمای پێنج بازنەی لەناویەکدای دانا بۆ ئۆلۆمپیا، وەک هەر پێنج کیشوەرەکەی جیهان.

 

هیچ تاکە کەسێک شک نابەین لەو میهرەجانانەوە، براوە بوو بێت یان دۆڕاو، بانگەشەی ئەوەی کرد بێت کە ئەو نوێنەرایەتی خودی خۆی دەکات، نەک وڵاتەکەی. چونکە ئەگەر ئەوەی کرد، مانای وایە ئەو گیانێکی خۆپەرستانەی هەیە و بەتەواوەتی خۆی لە هەموو هەواداران و خۆشەویستان و هاندەرانی ژینگەکەی خۆی  دابڕاندووە. ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە هیچ پەیوەندییەکی بە فەلسەفەی تاکگەرییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خۆپەرستییەوە هەیە و بەس. بەدیوەکەی تریشدا، وەرزشکار تەنیا نوێنەرێکی وەرزشوانیی وڵات و فەرهەنگەکەیەتی و نابێت هیچ پەیوەندییەکی بە ئایدیۆلۆژیای سیاسی وڵاتەکەیەوە هەبێت.

 

دیارە وەرزش بریتییە لە هونەری مەشقکردن و ڕاهێنان لە بوارێکدا بۆ خۆگەیاندن بە ئامانجێکی دوورتر، بەرزتر و خێراتر. ئەم ئامانجەش لە بوارێکدا ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا مرۆڤ تەنیا نییە، بەڵکو چەندین بەشداری تری تێدایە کە هەمان ئامانجی تۆیان هەیە، هەر بۆیە هەر یەکە لای خۆیەوە خەباتی زیاتر دەکات تا ئەو بگات بە ئامانجەکە. واتە لەم پێشبڕکێیەدا مۆتۆڕێک بزوێنەری تواناکانمانە، مۆتۆڕی ململانێ. بۆیە ئەگەر ژیان هیی ئابووری پێشبڕکێ بێت، ئەوا  وەرزشی پێشبڕکێ بریتییە لە خودی بزوێنەری ژیان. لێرەوە جەمسەرەکان، خودەکان دەکەونە نێو ویستی تێپەڕاندنی ئەوی تر، لە وەرزشدا ویست بۆ شتی زیاتر، دیارترین پاڵنەرە. بۆ ئەمەش وەرزشوان دەبێت مەشقێکی زۆر بکات تا ڕیکۆردێکی نوێ تۆمار دەکات.

 

دوێنێ مەلەوانی ئەڵمانی لوکاس مێرتین لە پێشبڕکێی چوار سەد مەتریدا تۆمارێکی نوێێ  کرد کە بە بەراورد لەگەڵ تۆماری ئۆلۆمپیای پێشوو چەند چرکەیەکی کەم خێراتر بوو، واتە وەرزشوانێک چەند ساڵێک مەشق دەکات، تەنیا بۆ چەند چرکەیەک خێراتر.  ئاوا وەرزش بە تەنیا مۆتیڤی دروستکردنی ماسولکە و بازوو نییە، بەڵکو دەشبێتە تیراپییەکی پێداگۆگی بۆ ڕاهێنان و پەروەردەکردنی مرۆڤ لەسەر هەم بردنەوە و هەم دۆڕان و هەم دداننان بە توانای چاکتری ئەوی تردا.

 

مرۆ لە هیچ شوێنێک هەست بە مەیلی مرۆڤەکان بۆ وڵات و نیشتمانی خۆی ناکات، هێندەی لەناو یاریگا و ئارێناکاندا ئەوە دەبینێت. بەڕادەیەک یاریگاکان، زۆرتر لە مەیدانەکانی ناو بازاڕ دەتوانن گیانی نیشتمانپەروەری دنە بدەن.

 

بۆیە کاتێک نەک هەر تەماشای یاریکەر و وەرزشوانەکان دەکەین، بەڵکو لەو کاتەدا بڕواننە تەماشاوانەکان ئەوسا دەرک بە مۆتیڤی نەتەوەیی دەکەن لەناو گۆڕەپانێکدا کە جیهانی تێدایە.

 

لەڕووی جوگرافییەوە جیهان بریتییە لە ئەتڵەس، ئەتڵەسێک نەخشەی کیشوەرەکان و وڵاتەکانی تێدایە. ئەگەر جیهانیش بریتی بێت لە شانۆیەک، شکسپیر گوتەنی، ئەوا هەرکەس دەخوازێت نمایشی تواناکانی خودی خۆی بکات. بۆیە تۆلێرانس لەوێدا دەردەکەوێت، کە ئێمە لێگەڕێین و سۆلێداریتی پیشان بدەین، کاتێک ئەوی تر دەخوازێت وەک خۆی دەربکەوێت. هیچ پرینسیپێکی مۆڕاڵی و ئاکاری نییە، داوا لەمرۆڤەکان بکەن دەستبەرداری دنیای خۆتان بن، بەڵام نابێت هیچ بنەمایەکیش هەبێت داوامان لێ بکات ددان نەنێین بە ئەوانی تردا کاتێک لە ئێمە بەتواناتر بوون.

 

لێرەوەیە لەناو یاریگاکاندا، هەموو گیانی سەردەم دەردەکەوێت، کە گیانێکە هەموو کەس ئینتیمای بۆ وڵاتی خۆی پیشان دەدات، هەموو وەرزشکارێک، بەتاک یان بەتیپ، دەخوازێت بەنوێنەرایەتی لەناو جیهاندا بوونی گەلەکەیان نمایش بکەن.

 

مێژووی سەرهەڵدانی یاریگا، ئارێنا، گۆڕەپانەکان ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کەوا، زۆرانبازی و ململانێ هاندەری سەرەکی ژیانێکی سەرکەوتووە. لەدەرەوەی ململانێکان، شتێک نامێنێتەوە بۆ جووڵەی ویستی مرۆڤەکان بۆ خەباتکردن بۆ ئامانجێکی دوورتر. ئەمەش دیدگای کاوبەرتین بووە، کە جۆرێک گیانبازی بخاتە نێو ڕۆحانیەتەوە. بەڵام دنیای مۆدێرن تا دێت ئەو گیانبازییە بەرەو ئابووری دەبات.

 

پەیوەندییەکی مێژوویی دوور هەیە لە نێوان وەرزش و ڕۆحانیەتدا، زاهیدەکان، دەروێشەکان، موغانەکان و پیرەکان، زێوانەکان، ئەوانە بەردەوام لە جۆرە مەشقێکی ڕۆحیدا بوون، ئەوان مەشقی ئەوەیان کردووە، بەڕۆژوو بن، خۆیان دوور بگرن لە مەلەزاتی دنیا،  سادە و خاکی دەربکەون، لە خەڵوەت و تێڕامانی ڕۆحیدا بن، هەموو ئەمانە تەکنیکی ڕۆحییانەن بۆ مەشقی وەرزشی.

 

بە شوێنکەوتوووەکانی مەسیحیان دەگوت، وەرزشوانی مەسیحی، ئاتلێتی کریستی، بۆیە هەموویان لە شوێنێکدا گرددەبوونەوە و سەرقاڵی مەشقی زوهدگەری بوون، بەو شوێنەیان دەگوت ئاسکێتەری، کە لەمەوە وشەی ئاسکێت، کە بە مانای مەشق و زوهد دێت، داڕێژراوە، تەنانەت وشەی عەسکەری لە زمانی عەرەبیدا، هەر لەم وشەیەوە هاتووە کە بریتییە لە مەشقی سەربازی. لێرەوەیە وەرزش بوارێکی زۆر گرنگە بۆ ناسینی مرۆڤ. چونکە وەرزش هەم پەروەردەکردنی ڕۆحی و هەم پەروەردەکردنی جەستەیی لەخۆ دەگرێت.

 

ماویەتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...