شرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

هەمواری یاسای باری کەسێتی؛ کۆتایی ئافرەت وەک مرۆڤ

لە مەزهەبی جەعفەریدا ئافرەت بریتییە لەو بوونەوەرەی کە بۆ ئەوەیە پیاو لەزەتی لێببینێت. بۆ ئەوەی پیاو لەم بوونەوەرە لەزەت ببینێت ئەوا پێویستی بە ئەوەیە کە چەند ساڵێک چاوەڕێ بکات هەتا ئەم بوونەوەرە کە پێی دەڵێن ئافرەت پێبگات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پێگەیشتنی ئافرەت، سات و بڕیارێک نییە کە ئافرەتەکە خۆی بیدات، بەڵکوو پیاو یان چەند پیاوێک لە سەر بنەمای فەسلەجی و جەستە و گۆڕانکارییەکانی جەستەی ئافرەتەکە بڕیاری لێدەدەن. ئەم پڕۆسەیە شایستەی لە سەر وەستانە.

 

یەکەم، ئافرەت بە هیچ شێوەیەک بوونەوەرێک نییە کە خاوەن بڕیار و کەسایەتی و ئەیجینسی خۆی بێت. بەڵکوو وەک میوەیەک، بەرهەمێک، جەستەیەکی بێ عەقڵ ئەوانیتر بڕیاردەدەن کە ئایا کاتی ئەوە هاتووە پیاو لەزەتی لێببینێت یان نا؟

 

دوو، ئایا ئافرەت خاوەن باری دەروونی و ئازار و کەسایەتییە، بێگومان نەخێر. چونکە ئەو جەستەی ئامادەیە بۆ پیاو و نیشانەکانی دەرکەوتوون و تەواو.

 

سێ، ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە دۆخە ئاژەڵییەکەی پێکەوەبوونی ژن و پیاوە.

لەم جۆرە پەیوەندییەدا، ڕازیبوونی ئافرەت بە ئەنجامدانی پێکەوەبوون بە هیچ شێوەیەک لەبەرچاو ناگیرێت، چونکە لە بنەمادا جگە لە سەرچاوەی لەزەت و خزمەت هیچ شتێکی زیاتر نابینرێت.

 

کێشەی ئەم دیدە لە گەڵ دیدی مۆدێرندا ئەوەیە کە لە دیدی مۆدێرندا ئافرەت وەک مرۆڤ دەبینرێت. کاتێک ئافرەت دەبێتە مرۆڤ، پڕۆسەکە تێک دەچێت، چونکە دەبێت پرسی پێبکرێت، ڕازی بێت و بڕیار بدات. بۆ ئەمەش  کاتێک کەسێک وەک مرۆڤ دەبینرێت دەبێت توانای بڕیاردان و ئاگایی و تێگەیشتنی قۆناغی منداڵی تێپەڕاندبێت، نەک تەنها باری جەستەیی.

 

لێرەدا جەدەلی جەستە و مێشک دروست دەبێت، لە یۆنانی کۆنەوە، بە تایبەتی لە قوتابخانەکانی وەک مۆنیزم و دووالیزمدا پرسی جەستە و مێشک پرسێکی سەرەکی بووە. بە دەر لەم دیدە فەلسەفییە، کە پیاو بە خاوەن هەموو بڕیار و ڕەوایی و لەزەتێک دەبینێت، لە هەمانکاتدا هەمواری یاساکە ڕەهەندی تری مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە.

 

سەرەتای ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ چلەکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک پەرلەمانی سەردەمی مەلەکی ڕەشنووسی یاسای باری کەسییان داڕشت. بەڵام هەر ئەو کاتە مەرجەعیەتی شیعە دژی بوو. ڕەشنووسەکە نەبوو بە یاسا هەتا ساڵی ١٩٥٩ لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا. هەرچەندە چەند کودەتایەک لە عێراقدا ڕوویدا، بەڵام یاساکە بە دەستکارییەوە، مایەوە.

 

مەرجعیەتی نەجەف هەمیشە دژی بوو. بۆیە کاتێک ڕژێم دەگۆڕێت لە عێراق، ئەنجوومەنی حوکم دروست دەبێت، دەستوبرد لە سەرەی عەبدولعەزیز حەکیمدا هەوڵی هەڵوەشانەوەی یاساکە دەدرێت و پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ پۆل برێمەر دەیهێنێتەوە.

 

لەو ساتەوە چەند جارێکی تر هەوڵی هەڵوەشانەوەی دراوە. بەڵام ئێستا جیاوازە. بۆ یەکەمجارە مەرجەعیەتی سیستانی لە نەجەف لە پشت ئەم هەموارەوەیە.

 

لە دەقی هەمواری یاساکەدا بە ڕوونی دیارە، نەک تەنها بە پێنووسی سور لە سەری نووسراوە، بەڵکو بە فەرمی و ڕاستەوخۆ ئاماژەدەدات بە مەرجەعیەتی نەجەف و هەروەها مەرجەعی خاوەن زۆرینە. ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە شیعە زۆرینەی دەسەڵاتدارن لە پەرلەمان و هەروەها پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان هەیە بە وەکالەت.

 

هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەمی یاساکە تێپەڕیوە، بەڵام بەبێ ڕەزامەندی سوننە و کورد بە ئاسانی نابێت بە یاسا. ئێستا کورد و سوننە لاوازن و سازشکەرن. بە تایبەتی ئێستا ئەگەر بە وردی تەماشای داڕشتنی ئەجێندانی پەرلەمان بکەیت دەبینیت لە سەر بنەمای پشتم بخورێنە، پشتت دەخورێنم، یان شتێکم بدەرێ شتێکت دەدەمێ دادەڕێژرێت.

 

بۆیە هەوڵدەدرێت یاسای لێبووردنی سوننە گیراوەکان لە سەر بنەمای ئەوە تێپەڕێنرێت کە لە بەرانبەردا سوننە دەنگ بدەن بە هەمواری یاسای باری کەسێتی. گرووپی سوننە ئێستا پەرت و هەرزانکڕاون.

 

تێپەڕاندنی ئەم یاسایە تەنها دژایەتی و موڵکایەتی ئافرەت نییە، بەڵکو کۆتاییە بە مەدەنی و سەردەمی و مرۆڤانەبوونی دادگا. لە هەمانکاتدا کردارێکی ڕاستەوخۆیە لە دەستوەردانی مەرجەع لە کاروباری دەوڵەتدا.

 

لە ئیسلامدا سوننە چونکە وەک شیعە ڕێکخراو و خاوەن ناوەند و کەسایەتی تایبەت نییە، پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتدا پەیوەندییەکی جەمسەرگیریی نییە. بەڵام شیعە وەک کاتۆلیک لە ئاینی مەسیحیدا لە هەوڵی ئەوەدایە یان خاوەنی دەوڵەت بێت یان ئەو بوارانەی بەلایەوە گرنگە لە ژێر دەستیدا بێت، لە سەرووی هەموویانەوە خێزان.

 

سەرکوتکردنی ئافرەت لە پشتیەوە ترسێک خۆی حەشارداوە، ئەویش ترسی کەلتووری ڕۆشنگەری و مۆدێرنەیە. ئەمەش وەها دەکات کە ئافرەت و جەستەی ببێت بە مەیدانی ململانێی نێوان هێزە کۆنەپارێزەکان و هێزە مەدەنییەکان.

 

ئێستا لە عێراق و کوردستانیش ئافرەت لە ململانێیەکی سەختدایە بۆ ئەوەی مرۆڤ بێت. ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە، کە کۆمەڵگای عێراقی کۆمەڵگایەکی زیندووە. هەوڵی تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ بەرهەڵستکاریی نییە. لە ئەنجامی فشارەکاندا سوودانی و ئەوانیتر دەیانەوێت بەندەکانی یاساکە سووکتر بکەن. بەڵام ناتوانن ڕێگریی لێبکەن، لە بەر بوونی مەرجەعیەت لە پشتی و هەروەها تەبابوونی دیدی خۆیان لەوبارەیەوە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button