شرۆڤه‌كه‌لتوور

ژیانی بزن

ژیانی بزن (The Goat Life)، فیلمێکی بەرهەمهێندراوی هیندی- ئەمریکییە، ئەمساڵ لەلایەن دوو کۆمپانیای هیندی- ئەمریکی 2024 بەرهەم هێندراوە. سەرەتا وەکوو ڕۆمان بە زمانی مەلایالام (Malayalam)ی هیندی نووسراوە بەناوی ئەدوجیڤیثام (Aadujeevitham)، لەلایەن ڕۆماننووسی هیندی بەنی دانیال (Benny Daniel) کە ناسراوە بە بنیامین، لەسەر بنەمای ژیانی دوو کرێکاری موسوڵمانی هیندی بەناوی نەجیب مەحموود و حەکیم.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەم فیلمە جێگای نیگەرانییەکی زۆرە بۆ ژیانی کرێکارەکان لە سعوودییە. ئەوەی جێگای تێبینییە، ڕژێمی سعوودییە ناهێڵێت دیمەنەکانی ئەو دراما فیلمە لە سعوودییە بەرهەم بهێندرێت، بۆیە وێنەگرتنەکەی دەگوازنەوە بۆ وادی ڕوم لە ئەردەن و بیابانی جەزائیر.

دیارە کە فیلمەکە ڕووداوێکی ڕاستەقینە بووە، لە پیاوێکی خێزانداری موسوڵمان لە تامیلەکانی هیندستان، ڕووی داوە بەناوی نەجیب مەحموود و هاوڕێیەکی بەناوی حەکیم.

لەو فیلمەدا، نەجیب، لەگەڵ هاوڕێکەی کە لە خۆی بچووکترە، ئەوەی هەیانە لە هیندستان دەیفرۆشن و دەیدەن بە کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی بیانبات بۆ سعوودییە بۆ کارکردن. گەشتەکەیان بۆ سعوودییە بە دونیایەک هیوا و ئومێدەوە دەست پێ دەکەن، بەڵام نازانن ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری چاوەڕوانیانە.

کۆمپانیاکە ئەو کەسانە وەکو کۆیلە دەفرۆشێت. هەر کە لە فڕۆکەخانە دادەبەزن، چاوەڕێن کەسێک بچێت بەناوی کۆمپانیایەک وەریان بگرێت، بەڵام لەڕاستیدا هیچ کەسێک بەناوی هیچ  کۆمپانیایەک چاوەڕێیان نەبوو، بەڵکو کەسێک بە شڕە پیکابێک دێت و وەکوو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. سەرەتا دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیاندا دەگرێت و داوایان لێ دەکات سواری پیکابەکە بن. پیاوە هیندییەکە دەیەوێت لە پێشەوەی پیکابەکە دابنیشێت، بەڵام شوفێرە سعوودییەکە کە بە جلوبەرگی کەلتوریی خۆیەتی، پاڵی پێوەدەنێت و فڕێی دەداتە خوارەوە و داوای لێدەکات لەدواوە دابنیشێت. هەردووکیان بە نیگەرانییەوە سواری پشتەوەی پیکابەکە دەبن و دەڕۆن. لەشار و ئاوەدانی دەردەچن بۆ بیابانی سعوودییە. هەر زوو نیگەرانی دایان دەگرێت. سەرەتا حەکیم لە شوێنێک دادەنێت کە بە جەمەلۆن دروستکراوە و وەکوو کەلاوە دیارە، کە بۆخۆی لەوەڕگەی ماڵیاتە. گرنگ ئەوەیە شوفێرەکە لەگەڵ سعوودییەکی دیکە کە لەو شوێنە چاوەڕوانیانە، بەزۆری حەکیم دادەبەزێنن و نەجیب بە زۆری سواری پشتی پیکابەکە دەکاتەوە و ماوەیەکی دیکە دەڕوات و نەجیبیش لە شوێنێکی دیکە دادەنێت کە ڕەشماڵێکی لێ هەڵدراوە و لەوێش مێگەلێک مەڕ و بزن بەخێودەکرێن.

هەڵبەت نەجیب زمانی عەرەبی نازانێت، کەسێک لەوێیە ئەویش بەڕەچەڵەک هیندییە، بە حاڵ دەتوانێت قسە بکات هێندە وێران بووە. ئینجا لێرەوە ئێش و ئازار و ژیانی کوێرەوەری نەجیب دەست پێ دەکات.

دوای، چەرمەسەرییەکی زۆر، کە هەموو گیانی دادەڕزێت، تا لەوێ دەبێت ناتوانێت خۆیشی بشوات، سەر و ڕیشی بتاشێت. وەکوو حورچیان لێ دێت. لەگەڵ حەکیمی هاوڕێی، بە ڕێکەوت لە شوانەتی یەکتر دەدۆزنەوە و پلانێک دادەنێن بۆ ئەوەی بەیەکەوە بە چاوساغی کەسێک ڕابکەن. ڕۆژێک دیاری دەکەن بۆ ڕاکردن، بەڵام هێندە بێ هێز و بێ دەرەتانن، ڕاکردن لەو بیابانە دەیانکات بە نیوە مرۆڤ، تا لە کۆتاییدا حەکیم لەڕێگادا دەمرێت. نەجیب بە هەر دەردەسەرییەک بێت دەگاتە شارێک و لەوێش لەلایەن پۆلیسەوە سێ مانگ دەگیرێت، چونکە هیچ دۆکومێنتێکی پێنەبوو و پاسپۆرتەکەشی لەلایەن خاوەنکارەکەوە دەستی بەسەردا گیرابوو. دوایی وڵاتبەدەر دەکرێت و دەگەڕێندرێتەوە بۆ هیندستان.

ئەوە نموونەیەکە لەژیانی کرێکاران لە سعوودییە. هەڵبەت لەوە بە ئاگام کە زۆر شێوازی کرێکاری هەن، بەڵام ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر ژیانی کرێکارەکان لە سعوودییە و تەواوی وڵاتانی کەنداو لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە بڵاو دەکرێنەوە، جێگای تێڕامانن، کە کەمترین بنەماکانی مافی کرێکار مسۆگەر نییە و زۆربەی جاران وەکوو ئاژەڵ لە نمونەی ژیانی نەجیب، ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت.

پرسیار ئەوەیە، بۆ ئەو خەڵکە عەرەبە کە سەری زمان و بنی زمانیان الحمدللە و لا الە الا اللە و اللە اکبر، بەڵام کەمترین ڕێز لەژیانی مرۆڤەکان ناگرن، ئەگەر موسوڵمانیش بن. ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییە بێزراوەی کەنداو لەسەر چ گوفەکەیەک دامەزراوە؟ بۆ نەتەوە موسوڵمانە غەیرە عەرەبەکان لەو ڕووەوە زۆر مرۆڤدۆستتر و بەویژدانترن؟ لەلایەکی دیکەش، بەپێی ئەو دۆکومێنتانەی خودی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە لە گرتنی مووسڵ دەستیان بەسەردا گیراوە و کەوتووەتە دەست ڕێکخراوێکی سعوودی و کتێبێکیان لەسەر نووسیوە، ئەو سعوودییانە هێندە توندڕەو و بەجوابن لەسەر ئیسلام، 41٪ لەوانەی پەلاماری ئێزدییەکانیان دا سعوودی بوون.

 

کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامەکان جیاواز.

 

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button