سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

هەڵبژاردن و گەمەی هاوسەنگی هێز

هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم هەڵبژاردنێكی ئاسایی نییە و لە دۆخێكی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی زۆر ئاڵۆزدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەگەر هێزەكانی باشوور بەرپرسیارانە مامەڵە نەكەن و لەو دۆخە هەستیارە تێنەگەن، هەڵبژاردن لە جیانی ئەوەی ڕێگەیەك بێت بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات و هێنانە كایەی كەشێكی سەقامگیر، دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و دەكرێت دەرئەنجامی چاوەڕوان نەكراوی لێبكەوێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بە تایبەتی ئەگەر ئەوەمان زانی مەنزوومەی هەرێمی، كە دوای ڕووخانی بلۆكی ڕۆژهەڵات، تا ڕادەیەك، ئەگەر نەڵێین هەڵوەشایەوە، دەتوانین بڵێین زۆر لاواز بوو، ئێستا خۆی گرتووەتەوە و دەوڵەتی قووڵ لە پشت پەردەوە خەریكی خۆڕێكخستنەوە و بەهێزكردنەوەی ئەو مەنزوومەیەن.

 

دیارە، بەهێزبوونەوەی ئەو مەنزوومە هەرێمییەش لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانی هاوسەنگی هێزەیە، كە لە ناوچەكەدا بەڕێوە دەچێت، هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كورد لەم گۆڕانكارییانەدا دەبێتە زەرەرمەندی یەكەم، چونكە دەوڵەتە هەرێمییەكان سەرباری بوونی كەموكوڕی و قەیرانی زۆر، دامودەزگای نیشتمانی و ئەزموونی حوكمدارییان تا ئەو ڕادەیە هەیە، كە بتوانن هێز و سەرچاوەكانی هێزی خۆیان ڕێكبخەنەوە و لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی خۆیان بەكاری بهێنن.

 

بۆنمونە، دەوڵەتێكی وەكوو عێراق، سەرباری ئەو هەموو قەیرانەی تێیدا دەژیت، ڕۆڵێكی كارا لەو مەنزوومە هەرێمییە دەگێڕێت و دەیەوێت وەك ئامڕازێك بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی بۆ هەموو ناوچەكانی عێراق سوودی لێوەربگرێت.

 

ئەم هەڵبژاردنە، یەكەم هەڵبژاردنی هەرێمە دوای ڕاپەڕێن، كەوا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەی دەبات، ئەمە لەلایەك شكستی دەزگاكانی هەڵبژاردنی كوردی دەگەیەنێت، كە بەكردەیی لەلایەن دادگای فیدڕاڵی هەڵوەشێنرایەوە، دوای ئەوەی وەك پەرلەمانی كوردستان، كورد خۆی لەسەر نوێكردنەوەی نەگەیشتنە ڕێكکەوتن، لەلایەكی تر، بۆ یەكەمجار عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی كۆمسیۆنەوە هەژموونی خۆی بەسەر هەڵبژاردنەكانی هەرێم بسەپێنێت.

 

هەرچەندە بەشێك لە كۆمەڵگەی كوردی، دوای بێهودەبوون و متمانە نەمانی بە هەڵبژاردنەكان، پێی وایە ئەمە كارێكی باشە و دەرفەتێكە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێم بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەوەی لە یاد چووە، كە ئەو عێراقەی لەدوای دانانی دەستوورەوە تاوەكوو ئێستا كار لەسەر لاوازكردنی هەرێم دەكات، ساویلكەییە ئەگەر وا تێبگەین، كە ئەو بەجددی دەیەوێت هەڵبژاردنێكی لەو شێوەیە لە هەرێم بەڕێوە بچێت، بەپێچەوانەوە، ئەمە بە دەرفەتێكی لە بار دەبینێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی هەرێم وەك ئامڕازێك بەكاربێنێت و سەقامگیری كوردستان بەرەو ئاژاوە و قەیرانێكی وا ببات، كە ڕێگەی بۆ خۆش بكات، بەناوی گەڕاندنەوەی شەرعیەتەوە، هێزەكانی خۆی بێنێتەوە هەرێم و دەست بەسەر هەموو كایە گرنگەكاندا بگرێتەوە، كە بەداخەوە بەهۆی ئەو دۆخەی لە هەرێم خولقاوە، هەر لە دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە، تا دەگاتە نەمانی متمانە و ئینتیمای نیشتمانی، ڕێژەیەكی زۆری كۆمەڵگەی باشوور بەخوشحاڵییەوە پێشوازی لەو هەنگاوە دەكەن!

 

سەیر لەوەدایە زۆرینەی هێز و تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی چاوەڕوانی ئەوە دەكەن، هەڵبژاردن ببێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوخۆدا، بەبێ ئەوەی ئەوە لێكبدرێتەوە، كە هاوسەنگی هێز لە هەرێم پەیوەستە بە نەخشەی هاوسەنگییەكی هێزی هەرێمی  وجیهانی وا، كە لە ماوەی سی وسێ ساڵی ڕابردوودا ڕێگەی نەداوە هاوسەنگی هێز لە هەرێم بەلایەكدا بكەوێت، ئێستا چۆن ڕێگە دەدات!

 

لەبەرئەوەی بەلاداكەوتنی هاوسەنگی هێز بەلایەكدا، كێشەی ململانێی ناوخۆ تا ئەو ڕادەیە ڕێكدەخات، كە بتوانێت دەستی دەرەكی لەناو هەرێمدا لاواز بكات!  بێگومان ئەمەش كارێكی ئاسان نییە و پێچەوانەی دۆخی هەرێمییە، بۆیە دۆخەكە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و مەترسیدارە، وەك لەناو هێزە سیاسییەكان و میدیاكانی باشوور قسەی لەسەر دەكرێت.

 

ئێستا لە باكوورەوە توركیا و لە باشوورەوە عێراق، بە گەرمی كار لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی عێراق و هەرێم بەتایبەتی دەكەن، توركیا لە باكوور هەنگاوەكانی بۆ داگیركردنی ئەو ناوچانەی بە ستراتیژی دەزانێت خێراتر كردووە و وەك خۆی بانگەشەی بۆ دەكات، دەیەوێت هەموو ئامانجەكانی بێنێتەدی و قوفڵی بكات. عێراق دەیەوێت ئەوەی لە هەرێم دەمێنێتەوە دەستی بەسەردا بگرێت، وەك كورد دەڵێت، كە كەلەش كەوتە گۆڕێ داڵاش زۆر دەبێت، ئێستا هەموو داڵاشەكان لەدەوری كوردستان دەخولێنەوە.

 

زۆرجار ئاماژەم بەوە كردووە، كە یەكێك لە كێشە گەورەكانی كورد، ئەوەیە تاوەكوو ئێستا لە كێشەكەی خۆی نەگەیشتووە، ئەو ململانێیەی ئەمڕۆ لەناو هێزەكانی باشوور، تەنانەت لەناو كۆمەڵگەی كوردی لە باشوور بەڕێوە دەچێت، ئەو بۆچوونەمان زیاتر دەسەلمێنێت و ئەوە دەردەخات، كە كورد نەك تەنیا لە پەڕاوێزی ڕووداوەكاندا دەژیت، بگرە نەیتوانیوە لە دەرگای چوونە ناو زەمەنی مێژوویش بدات.

 

بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت، بەداخەوە ئەوە ڕوون دەكاتەوە، كە چارەنووسێكی نادیار نەك تەنیا چاوەڕوانی باشووری كوردستان دەكات، بگرە هەموو كورد دەكات و لەم قۆناغەی داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانیدا، هاوشێوەی قۆناغەكانی پێشووتر شوێنێك بۆ كورد ناكرێتەوە، لەمەشدا كورد خۆی بەرپرسی یەكەمە و نەیتوانیوە هێز و سەرچاوەكانی هێزی خۆی لەسەر بنەمایەكی جیۆستراتیژی ڕێكبخاتەوە و دەزگایەكی نەتەوەیی وا دابمەزرێنێت، كە بتوانێت وەك یاریزانێكی چالاك یاری لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بكات، تاوەكوو لەسەر ئەو بنەمایەش بیر بكاتەوە، هەزار ساڵی تر و هەزار ڕاپەڕین و خەباتی تر بكات، ناتوانێت لەو چارەنووسە سیزیڤییە ڕزگاربێت، كە بەردەوام ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

بۆیە هەرچەندە ئومێدی زۆر لەسەر ئەو هەڵبژاردنە هەڵدەچنرێت، بەڵام جێگەی داخە بڵێم ئەو ئومێدانە تراویلكەیین و هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە ئەنجامی خراپی لێبكەوێتەوە. چۆن نەتەوەیەك دەتوانێت پشت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان ببەستێت، لەكاتێكدا خۆی سادەترین كەرەستەكانی هەڵبژاردن، كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە، نییەتی؟!

 

توانای یەكتر قبووڵكردنی لەژێر خاڵی سفردایە، ئەمە وا دەكات ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین، هەڵبژاردنەكەش بە پاك و بێگەردی دەكرێت، قبووڵكردنی ئەنجامەكانی هەرگیز بەو شێوەیە نابێت، كە چاوەڕوان دەكرێت، كە ئەمەش وەك ئاماژەی پێكرا، ئەگەرەكانی داڕمانی دۆخەكە زیاتر دەكات، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو پێشبینییەی، لەو چەند مانگە كەمەی دادێت، لە پەنای هەڵبژاردنەوە قەیرانێكی زۆر گەورەتر ڕوو لە هەرێم دەكات.

د. کامەران مەنتک

نووسەر و ئەکادیمی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...