شرۆڤه‌
ئاراستەکان

لە پەراوێزی کۆنفڕانسی (سەدساڵە)ی لۆزان و پرسی ئاڵای کوردستان

”نە بەیداخی هەیە نە تەپڵ و کووسی    ئەمەندەی پێ کرا بێ چارەنووسی”

” لە دەشت و دێ و ویلایەت ببنە ئەحباب   وەکوو شەخسێکی واحید بن لە هەر باب    لە بۆتان تا بەبان و سەرحەدی رەی   لە ئەولاتر وەها نۆش بێتە سەر دەی”   ”حاجی قادری کۆیی”

 

هەر بۆ وەبیرهێنانەوە؛

مێژووی ئەم ئاڵایە لە مێژووی ئۆتۆنۆمیی و فیدراڵییەکەی باشوور و لە یەکێتیی و پارتیش دێرینترە.

پێشتر بەکاربردنی سیاسی وشەی ئاڵا (عەلەم-ڕایەت-بەیداخ) و تەنانەت درک بە پێویستیی هەبوونی ئاڵا وەک هێمایەکی نەتەوەیی و خواستی هەڵکردنی سیاسییانەی و ئاواتی شەکاندنەوەی لە نیشتمانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆدا، لە ئەدەبی کوردیی لە سەدەکانی ناویندا ڕەنگی داوەتەوە. تەنانەت دەکرێ نموونەی هەوڵدانی بەکردەوەش بۆ ئەو مەبەستە لەو سەردەمانە و پێشتریشدا بهێندرێتەوە، بەڵام چ وێنە یان ئاسەوار و بەڵگەیەکی ئەو ئاڵایە بەکاربراوانە نەگەیشتوونەتە دەستی ئێمە (یان من ئاگام لێی نییە).

سمکۆی مەزن و شەهید، چەند ساڵێک پێش دروستکردن و هەڵدانی ئەم ئاڵایە لە وەڵامی نامەیەکی ژەنەڕاڵ مستەفا پاشا لەمەڕ پرسی ئاڵا دەڵێ؛ ”گرینگترین و بنەماییترین ئامانجی ئێمە ئازادیی کوردستانە… کە کوردستان ئازاد بێت دەتوانین بیر لە (ئاڵا)ی کوردستانیش بکەینەوە کە وەک هێما و نیشانەی نەتەوەیی ئێمە دەبێت”.

هەر چەند ساڵێک پێش چاپکرانی ئەم ئاڵایە، ئاڵای حکوومەتەکەی شێخ مەحموود لە سلێمانی هەڵدرا، کە پێم وایە ڕوونە یەکجار لە لاسییکردنەوەی ئاڵاکەی تورکیای کەمالیی دەچێت و هێندەی وەک کاردانەوەیەک دژی ئاڵای ئینگلیز و وەک هێمایەک بۆ حکوومەتێکی ناوچەبەرتەسک هەڵدرا -نەک وەک شتێکی بیرلێکراوە و هێمایەکی نەتەوەیی- و تێیدا ڕەچاوی ڕەمزی باوی ئیسلامیی کرا، هێندە ڕەچاوی مانا و ڕەمزێکی کوردیی نەکرا.

بە کورتیی پێش ئەم ئاڵایە، لە کوردستاندا وەکوو زۆربەی دەوروبەرییەکان، یان ئاڵای میرنشینیی هەبووە یان ئاڵای ئیمپڕاتۆریی. بەڵام بیرکردنەوە لە دروستکردن و هەڵکردنی ئەم ئاڵایە وەک هێمایەکی نەتەوەیی بە ڕەچاوکردنی مانا و ناوەڕۆکێکی نەتەوەییەوە (بە لانی کەمیەوە و بەپێی بەڵگە و نووسراوەکان) دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیەی سەرەتای سەدەی ڕابردوو لە لایەن کۆمەڵێک سیاسی و ڕووناکبیری کوردەوە، بە تایبەت ڕێکخراوەی (کورد تەشکیلات ئیجتماعیە جەمعیەتسی) لە باکووری کوردستان و ئەستەمبوڵ. ڕێک لە کاتێکدا بیری لێ کراوەتەوە و نەخشێندراوە کە کوردیش وەک زۆربەی نەتەوەکانی ناوچەکە بیری لە سەربەخۆبوون و چێکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی و هەبوونی هێمایەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی دەکردەوە.

 

بیرکردنەوە لە دروستکردن و هەڵکردنی ئەم ئاڵایە وەک هێمایەکی نەتەوەیی بە ڕەچاوکردنی مانا و ناوەڕۆکێکی نەتەوەییەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیەی سەرەتای سەدەی ڕابردوو

 

دواتر لە ١٩٢٧دا و دوو ساڵ دوای شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و لە ئاکامی هەوڵدانی کۆمەڵێک تێکۆشەر و سیاسی و ڕووناکبیری کورد، پاش بەستنی (کۆنگرەیەکی نەتەوەیی) بە بەشداریی چەند ڕێکخراوەیەکی کوردیی، (ڕێکخراوەی خۆیبوون) دێتە ئارا و هەر لەو ساڵەدا لە ڕێگەی ئەم ڕێکخراوەیەوە ئاڵای کوردستان دەقاودەق بەم شێوەی ئەمڕۆ دروست دەکرێ و لەسەر بەرگی یەکەم نامیلکەی بڵاوکراوەی خۆیان چاپی دەکەن و لە ژێریدا دەنووسن (ئاڵای کوردستان).

ئەم ئاڵایە لە ڕێگەی ڕێکخراوەیەکەوە گەڵاڵە و چاپ کرا کە بۆ (سەربەخۆیی) کوردستان تێدەکۆشا و بەڕاستیی (کۆمەڵەیەکی کوردستانیی) بوو و دیارترین ڕووناکبیر و تێکۆشەرەکانی ئەوکاتی باکوور و ڕۆژئاوا و باشوور و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی نیشتمان ئەندامی بوون. ڕێکخراوەیەک کە لە پاش شۆڕشی شێخ سەعید، بە گردبوونەوە و بەڵێن نوێکردنەوە، هاندەر و ڕێکخەری شۆڕشەکەی ئارارات (ئیحسان نووری پاشا) بوون. ڕێکخراوەیەک کە لە ١٩٤٥دا نەخشەیەکی کوردستانی گەورەی دروست کردووە و بۆ کۆنفرانسی سانفرانسیسکۆی ناردووە.

هەڵکردنی ئەم ئاڵایە بۆ یەکەم جار لە شاری دێرسیم و دواتر هەر لەو ساڵەدا (١٩٣٠) لە ناوچەی ئاگری شەکاوەتەوە. ئەم ئاڵایە بۆ دووەم جار لە ساڵی ١٩٣٢ لەسەر بەرگی گۆڤاری (هاوار) لە لایەن جەلادەت بەدرخانەوە لە دیمەشق بڵاو کرایەوە. دواتر لە ١٩٣٨دا خۆیبوون لە ڕێگەی پێوەندییەکانی عوسمان سەبرییەوە، چل دانە لەم ئاڵایە چاپ دەکەن و دەینێرنە باشووری کوردستان و دەگاتە دەستی چیرۆکنووس؛ موحەڕەم موحەمەدئەمین.

جێی خۆیەتی وەبیری بێنینەوە کە کۆمەڵەی خۆیبوون لە پاڵ ئەم ئاڵایەی کوردستاندا لۆگۆی ڕێکخراوەیی خۆیشیان لە دووەم بڵاوکراوەیاندا چاپ کرد و بەم کارە (سەردەمیانە) ویستیان وەک ئاڵا و هێمایەکی نەتەوەیی تێکەڵ بە لۆگۆی حیزبیی نەکەن. لۆگۆکەی ڕێکخراوەی خۆیبوون کە بریتییە لە؛ گوڵەجۆ و گوڵەگەنم -یانیش ڕەنگە گوڵەگەنم و قەڵەمێک لە پەڕی باڵندە- و خەنجەرێک لە ناوەڕاستدا و خۆرێک لە سەرەوەدا، هاوڕێ لەگەڵ ئاڵای کوردستان بە ڕەنگ و هێماکانیانەوە، هیچ دوور نییە دواتر لە ١٩٤٦دا کاریگەریی لەسەر شێوەی ئاڵای کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵات هەبووبێت.

 

لۆگۆکەی ڕێکخراوەی خۆیبوون بریتییە لە؛ گوڵەجۆ و گوڵەگەنم -یانیش ڕەنگە گوڵەگەنم و قەڵەمێک لە پەڕی باڵندە- و خەنجەرێک لە ناوەڕاستدا و خۆرێک لە سەرەوەدا

 

دواتر لە پەنجاکانی سەدەی  ڕابردوو لە ئەستەمبوڵ، فایەق بوجاک (کە دواتر پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا دادەمەزرێنێت) و مووسا عەنتەر و چەند هاوڕێیەکی دیکەیان کاتێ ڕێکخراوەیەکی نهێنی بۆ هاوکاریکردنی کوردانی ئاوارەی ئەستەمبوڵ دادەمەزرێنن، لە پڕۆسەی سوێندخواردنەکەیاندا بۆ ئەوەی بەرگێکی نەتەوەیی بە بەر ئەم کۆمبوون و هەوڵەیاندا بکەن ئاڵایەکی کوردستان و چەکێک دادەنێن و ئینجا سوێند بەو ئاڵا و چەکە دەخۆن. ئاڵاکە هەر ئەو ئاڵای ئێستایە و مووسا عەنتەر بۆ خۆی لە قوماش دروستی دەکات. ئەو پێی وایە کە ڕەنگەکان هەڵگری مانایەکی نیشتمانیی و مێژوویین و خۆرەکەش وەک هێما ئاماژەیە بۆ باوەڕی کۆنی کوردان بە پیرۆزیی هەتاو و ئاگر کە ئێستاش ئاسەوارەکانی لە بیروباوەڕ و کرداری نەتەوەی کورددا بە دی دەکرێت.

کە وا بێت، مێژووی ئەو ئاڵایە بە لانی کەمیەوە سەد ساڵە و بە درێژایی ئەم سەد ساڵە کەسایەتییە ڕووناکبیر و تێکۆشەر و سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها خەڵکی کورد ناسیاوێتییان لەگەڵ ئەم ئاڵایەدا هەیە.

ئەگەر پەسندنەکردن و ڕەتکردنەوەی ئەم ئاڵایە لەبەر ئەوەیە کە داهێنراوی پارتییە و وەک ناسێنەی پارتی و دەسەڵاتی باشوور وایە، هەڵەیە. هەڵەیە چون؛ نە داهێنراوی ئەمانە و نە تەنیا گوزارشتە لە میژووی ئەمان، نە هەڵکردنی ئەم ئاڵایەش لە لایەن ئەمانەوە لەخۆڕا و نەزانانە بووە. پارتی و یەکێتی (سەرەڕای گشت ڕەخنە و تێبینیی و سەرەڕای گشت هەڵە و کەموکوڕییەکیان…) لە هەڵبژاردنی ئەم ئاڵایە و شەکاندنەوەیدا بە ئاڕاستەی یەکبوون و هاوبەشییەکی مێژوویی-نەتەوەیی دا (لانی کەمی لە ئاستی سیمبولیکدا) هەنگاویان نا و لە ڕاستیشدا ئاڵا وەک هەر سیمبولێکی تری نەتەوەیی بۆ چێکردنی هەستی هاوبەشیی و بەخشینی ڕواڵەت و هێمایەکە بە یەکبوونی نەتەوەیی و نیشتمانیی. ئەو لایەن و حیزبانەی دیکەش کە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکووری نیشتمان چ لە پێشتر و چ لە ئێستا ئەو ئاڵایان وەکوو ئاڵای کوردستان پێناسە کردووە و پەسندیان کردووە، بە بۆچوونی من لەم بابەتەدا هەر بەو ئاڕاستەدا چوون کە ئاڕاستەی چێکردنی  هاوبەشیی و یەکبوونە لای کوردستانیان.

 

پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەم ئاڵایە و شەکاندنەوەیدا بە ئاڕاستەی یەکبوون و هاوبەشییەکی مێژوویی-نەتەوەیی دا (لانی کەمی لە ئاستی سیمبولیکدا) هەنگاویان نا

 

ئەگەر پەسندنەکردن و هەڵنەکردنی ئەم ئاڵایە لەبەر ئەوەیە کە گوایە هەر ئاوەژووکردنەوەی ئاڵای ئێرانە و هیچی تر، هەڵەیە. هەڵەیە چون؛ ئەم لێکدانەوەیە لە قاڵنەبوونەوە لە مێژوو و نەخوێندنەوەی کۆد و واتاکانی ڕەنگ و هێماکانی ئاڵا لای ئێرانییەکان و لای کوردان و جیاوازییەکانی بەینیان، سەرچاوەی گرتووە. ئەمە ڕوونە کە ئاڵای ئەو کاتی ئێران (لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو و سەردەمی پەهلەویی یەکەم و هاوکات دروستکردنی ئاڵای کوردستان لە لایەن خۆیبوونەوە)، پێشتریش و لە سەردەمی قاجاڕەکان و مەشرووتەدا هەبووە و تەنانەت لە مەجلیسی ئێراندا دەنگی لەسەر دراوە و لێکدانەوەی ئەوان بۆ ڕەنگەکان وەها بووە کە سەوز ڕەنگێکی دینیی و پەسندی موحەمەدی پەیامبەری موسوڵمانان بووە و ڕەنگی سووریش نیشانەی شەهیدەکانی ئیسلام و کوژراوانی مەشرووتییەت بووە و ڕەنگی سپیش نیشانەی پاکداوێنیی و تەنانەت خۆری پشت شێرەکەی ناوەڕاستی ئاڵای ئێرانیشیان (کە ئەم شێرەشیان بە هێما و نازناوی حەزرەتی عەلی شیعە زانیوە) بە نیشانەی ناوەڕاستی مانگی هاوین و کاتی سەرکەوتنی شۆڕشی مەشرووتەی خۆیان بەستووەتەوە. دیارە کە نەخشێنەران و دانەرانی ئاڵای کوردستان ئەو ڕاڤە و لێکدانەوانەیان نە بۆ ڕەنگەکان و نە بۆ هێمای هەتاوەکە نەبووە و نە دواتریش کەس ئەو لێکدانەوەی ئێرانییەکانی بۆ ئاڵای کوردستان کردووە، بەڵکوو هەر دەربڕی (سەرسەوزیی) و بەپیتیی خاکی کوردستان و (ئاشتیی) و (خوێن)ڕژان و گیانبەختبوون لە پێناوی نیشتمان و (دەهندەیی) و تین و پیرۆزیی هەتاو و ئاگر لای بنەچەی کوردان و مانەوەی لە نەست و وشیاریی و کرداری ئێستای کورداندا بووە. هەبوونی ئەو ڕەنگ و هێمایانەی ئاڵای ئێران لە سەردەمانی زووتریشدا ڕێتێچوویە و دەبێ ئەوانیش ڕاڤەی دیکەیان هەبووبێ، بەڵام مەگەر کوردان لەو چوارچێوە ئیمپڕاتۆریی و سیاسییەدا، لە ڕووی کەلتووریی و ئایینییەوە کاریگەرییان دانەناوە؟ مەگەر کورد لەوێ هەر کاری تێ کراوە؟ بێگومان  نا، لە کارلێکدا کوردیش کاریگەر بووە… و لە هەر لێکدانەوە و شرۆڤەیەکدا دەبێ ڕەچاوی ئەم خاڵەش بکرێت.

ئەگەر پەسندنەکردنی ئەم ئاڵایە لەبەر ئەوەیە کە (گوایە) لە لایەن ئیسڕائیلەوە دروست کرابێت، بێبنەما و دیسان هەڵەیە. هەڵەیە چون یەکەم؛ ئەوکات ئیسڕائیل وەک قەوارەیەکی سیاسی بوونی نەبووە، دووەم؛ کەم تا زۆر کۆی نەتەوەکانی ناوچەکە بە کورد و ئەرمەن و عەرەبیشەوە، لە پاش نەخۆشکەوتن و دواتر هەرەسهێنانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانییەوە لە هەوڵی چێکردنی دەوڵەت و ئاڵای خۆیاندا بوون، ئیتر بۆ دەبێ ئیسڕائیل (یان با بڵێین سیاسەتی یەهوودیی لەو کاتدا) ئاڵا بۆ کورد بنەخشێنێ؟ واتە ئەگەر ئیسڕائیل نەبا کورد لە بیری دروستکردنی ئاڵادا نەدەبوو یان ئەگەر دروستی کردبا لەو ڕەنگ و هێمایانە کەڵکی وەرنەدەگرت؟!، سێیەم؛ کورد زۆر لەمێژتر وەک نەتەوەیەکی ژێرچەپۆک و چەوساوە بووە بە دەست تورک و عەرەب و فارسەوە کە لە سەردەمانێکی زووترەوە ڕابردوویەکی خوێناوی لە پێناوی پاراستنی حکوومەتی خۆجێیی و وەدەستختنی مافی نەتەوەیی و تەنانەت بونیادنانی دەسەڵاتی سەربەخۆ هەبووە، بە تایبەت لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە و دوابەدوای ئەمە خوێندکاری کورد و ڕووناکبیر و تێکۆشەرانی کوردستانیی لە سەر مێژووی خۆیان لە ڕووی سیاسی و کەلتووریی و ئایینیی زیاتریان خوێندبووەوە و گۆڕانکارییە فکریی و سیاسییەکانی جیهان و ناوچەیان دەبینی، لەم ڕەوتەدا هەم سروشتیی و ڕەوا و هەم پێشبینیکراوە کە کوردیش هەوڵی بەڕێکخراوبوون و بونیادنانی دەوڵەتی نەتەوەیی و لەپاڵ ئەمەدا دروستکردنی ئاڵای کوردستانیش بدات.

 

نەتەوەکانی ناوچەکە بە کورد و ئەرمەن و عەرەبه‌وه‌ لە پاش نەخۆشکەوتن و دواتر هەرەسهێنانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانییەوە لە هەوڵی چێکردنی دەوڵەت و ئاڵای خۆیاندا بوون

 

هەڵبەت ئەو هۆکار یان لێکدانەوانەی کە بۆ پەسندنەکردنی ئەم ئاڵایە لێرە ئاماژەمان پێکردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی وێکچوو، بەرگوێی هەموومان کەوتووە. هیچ کام لەو لێکدانەوانە نە لە ڕووی مێژوویی و نە سیاسی و نە تەنانەت جوانیناسییەوە، بە بۆچوونی من نەیانتوانیوە ڕەتێکی ژیرانەی ئەم ئاڵایە بدەنەوە. لە خۆیدا ڕەتدانەوە و پەسندنەکردنی ئەم ئاڵایە کە ناسراو و جێکەوتوو و لەبەردڵانی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە (بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات و باشووری نیشتمان)، چ پێویستییەکی مێژوویی و نەتەوەیی و سیاسی تێدا نییە. مەگەر بۆ ململانێیەکی ناسازی سیاسی و حیزبیی، بۆ خۆ جیاکردنەوە و خۆ زەقکردنەوە، بۆ مێژوو لە خۆوە دەستپێکردن و بۆ خۆ کردن بە چەقی مێژوو و پنتی سەرەتای وەرچەرخان و لەدایکبوونی نەتەوەیەک بێت.

بە کورتیی دانپێدانان بەم ئاڵایە، مەگەر بۆ ئەوە بێت کە بتهەوێ بڵێی من خوڵقێنەری مێژووم و ئەوانی دی ناو گۆڕەپانی خەباتی مێژوویی-نەتەوەیی کورد دەبێ لە منەوە دیسان خۆیان بخوێننەوە. دەنا زۆر ڕوونە کە ئێستا دژبەرە سەرەکییەکانی ئەم ئاڵا و هێما نەتەوەییە (واتە تێکۆشەرانی پەکەکە) لە هاوپەیمانێتییەکی سیاسی و بگرە ستراتژیک لەگەڵ ئێراندان و ڕوونیشە کە بەتەواوی لە گوتار و جیهانبینیی ئێرانیی دەرباز نەبوون و ئەمەش بە ڕوونی لە لێدوانە عاشوورایی-شیعییەکەی ئەم چەند رۆژەی ڕابردوویان ڕەنگی دایەوە، ئیتر بۆ دەبێ لەگەڵ ڕەنگدانەوەی ئاڵای ئێران لە ئاڵای کوردستاندا -ئەمە وەک گریمانەیەک دەڵێن- کێشەیان هەبێت؟ ئاخر ئەو جێگرەوەی کە ئەوان بۆ ئاڵا لە ڕەنگ و هێمادا پێشکەشیان کردووە چییە و گوزارشت لە چی دەکات؟. بۆچوونی (مووسا عەنتەر)ی گەشمردە لەمەڕ لابردنی دواتری ڕەنگی سپی لە ئاڵاکەدا بەم شێوە بوو: ”ڕەنگی سپی کە هێمای ئاشتییە، چون کورد چەند سەدە ئاشتییان نەبینی و هیچ سوودێکیشی پێ نەگەیاندن، لە دواتردا لە ئاڵاکە دەرهێندرا”، خۆ ئەو بیرکردنەوەیە لەگەڵ ئێستای گوتار و جیهانبینیی و سیاسەتی پەکەکەدا یەک ناگرێتەوە، ئیدی ئەم دژبەریی و پەسندنەکردنەی ئێستا بۆ چییە؟، ئەدی بۆ لەم سەدساڵەی لۆزان و لە کۆنفڕانسی لۆزاندا تەنیا وەک ئاڵای باشوور لەپاڵ سێ ئاڵای دیکە و جیاوازدا بۆ پارچەکانی دیکە، ئیزنی دەرخستن و نمایشی ئەم ئاڵایەی داوە؟ ئەگەر ئەمە تەنانەت بە ئاڕاستەی ستراتیژییە کۆنفیدراڵیی و سیاسەتە (ئاشتیخواز)انەکەیدا لێکبدرێتەوە، هێشتاش بە بۆچوونی من بە ئاڕاستەی ئامانجی لۆزان واتە دابەشکردنی کوردستان یان زیاتر چەسپاندنیەتی و هێندەی دەربڕی ڕەوایەتیدانە بە دابەشکردنی کوردستان و جیایی پارچەکان، هێندە دەربڕی بەرجەستەکردنەوەی کوردستان وەک گشتێکی هاوبەش لە نێو هەموو کوردێکدا یان لەپێناو یەکخستی خاکی کوردستان نییە. بەمەش پەکەکە نەک هەر لەگەڵ خەون و چاوەڕوانیی و هەوڵی زۆرینەی نزیک لە گشتی نەتەوەی کورد و بەشێکی بەرچاو لە لایەنگران و ئەندام و کادرەکانی خۆیشی، بەڵکوو لەگەڵ بەشێکی گەورەی مێژووی سیاسی و خەباتکارانەی خۆیدا چ لە پراکتیک و چ لە گوتاردا، پێکدژ دێتەوە.

 

لە کۆتاییدا؛

– ئاڵا سیمبولێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ دروستکردنی هاوبەشیی و پیشاندانی یەکپارچەیی نیشتمانێکی تایبەت بە کۆمەڵێکی مرۆیی تایبەت. دەبێ بۆ ئەم مەبەستەش کەڵکی لێ وەربگیرێت و نابێ بکرێتە هۆی سیاسەت و ململانێیی حیزبیی و ناوخۆیی لەپێناوی سەپاندنی باڵادەستیی. دەنا لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی جیاکاریی و لێکپەرتبوون و لێکدوورکەوتنەوەی هەرچی زیاتر و تەنانەت چێبوونی شوناس و ناسێنەی جیاواز لە کۆنەست و ئاگایی هەر پارچەیەکی نیشتماندا.

– دەبێ لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەییدا و بەگشتیی وەک نەتەوەیەک دەست بگرین بە هێما و سیمبولەکانمانەوە و (لانی کەمی) لەم پرسە و لە پرسی خوێندنەوەی مێژوودا سەرەڕای ڕامان و وردبوونەوە، دەبێ وەک نەتەوەخوازێکی سەربەخۆخواز کە لە پێویستییەکانی هاوبەشیی و یەکبوون و کۆدەنگیی و یەکڕیزیی تێدەگات، بهزرین و کردە بنوێنین.

– دەبێ بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ماف و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی لە پێش بەرژەوەندیی حیزبییەوە بێت. دەنا تەبایی نایەتە ئارا و چ دەسکەوتێکی ژیانیی و بنەڕەتیی بۆ نەتەوە و نیشتمان بەدی ناهێندرێ و دیسان لە بازنەی نەفرەتیی بەرامبەرکێکردنی دەسەڵاتخوازانە -ی سنووربەرتەسک- و کوشندەی خێڵەکیدا، دەخولێێنەوە.

 

”شوانی مێگەلی کوردان لە شەڕدا   وەکوو قەسابە، دوشمن مێگەلی شەک   لەبەر حیزە بخۆیی و ناتەبایی  لە ژێری حیزی حیزان بووینە دۆشەک”

”کوردی ئێمە نەزان و پاشکەوتن   پێکەوە پووش و ئاگر و نەوتن   بێ ئەگەر دەستی یەکتری بگرن   وەک سکەندەر جیهان هەموو دەگرن”   ”حاجی قادری کۆیی”

 


(زۆربەی زانیارییەکانی ئەم نووسراوە لە پەرتووکی ئاڵای کوردستان لە نووسینی د. فەرهاد پیرباڵ و بیرەوەرییەکانی مووسا عەنتەردا دەست دەکەون. بۆ زانیاری لەمەڕ لێکدانەوەی ئێرانییەکان سەبارەت بە مانای ڕەنگ و هێمای ئاڵاکانیان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وتار و نووسراوەیلێکی فارسیی بە ناوی ‘مروری بر پرچم ایران در گذر زمان’ یان ‘پرچم ایران در طول تاریخ’ لە ماڵپەڕی ‘مهر’ی ئێرانیدا).

 

شاهۆ مه‌له‌كی

نووسه‌ر و ڕۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...