سیاسیشرۆڤه‌

ئیتر تەواو، پارە و خۆشی دەبارێ!

بوونی ناڕەزایەتی و ڕەخنە لەناو هەر كۆمەڵگەیەك، بابەتێكی ئاسایی و سرووشتی و پێویستە، بە تایبەت لە كۆمەڵگەیەكی وەك كوردستان كە كەوتووەتە سەر ڕێگەی پێگرتن و گەشەسەندن و هۆشیاری. هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان مافی خۆیانە ژیانێكی شایستە و سەقامگیریان هەبێت. هەرێمی كوردستان مافێكی مێژوویی و دەستووریی هەیە كە بمێنێت و گەشە بە تواناكانی خۆی بدات. بەڵام بەداخەوە تەوژمێكی سیاسی و ئیعلامی بە چڕی كار لەسەر ئەوە دەكات كە نائومێدی لەناو خەڵك بڵاو بكاتەوە و ئەو قەناعەتە لای هاووڵاتییانی كوردستان دروست بكات كە بڕوای بە وجودی خۆ و كیانەكەشی نەمێنێت.

 

ململانێی سیاسی و هەوڵدان بۆ گرتنەدەستی دەستەڵات سرووشتییە، بەڵام نەك لەسەر حیسابی لاوازكردن و هەوڵدان بۆ تواندنەوە و نەهێشتنی هەرێم. گەلێكی شەست ملیۆنی وەك كورد كە سەدساڵە زوڵمی لێ دەكرێت جگە لە هەرێمی كوردستان چیی هەیە و چیی بۆ ماوە كە بە لاوازبوون و نەمانی خۆشحاڵ بین؟

لاوازیی هەرێم و نەمانی چیمان پێ دەبەخشێت؟ ئایا كێشەكان لێرەدا كۆتایی دێت؟ تەواو، بەهەشت دروست دەبێت؟ و پارە و خۆراك و ڕەفاهیەت دەبارێت؟

باشە خۆ عێراق لە سەرەتای سەدەی بیستەم كە دروست بوو، لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرەب پێكهێنرا. بۆ ئەو شەراكەتە جێبەجێ نەكرا و پشتگوێ خرا و هەر لەو كاتەوە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی و بچووككردنەوەی كورد درا؟ بۆ بەهەشت دروست نەبوو؟ خۆ ئەو كات پارتی و حكوومەتی هەرێم و كێشەی مووچە نەبوو؟

لەدوای هاتنی كۆمارییەكان و پاشان بەعسییەكان، شتێك بەناوی هەرێم بوونی نەبوو، ئەوكات بۆ بەهەشت دروست نەبوو؟ باشە خۆ حكوومەتی هەرێم و كێشەی مووچە لە گۆڕێ نەبوو، ئەی ئەو هەموو تاوان و ئەنفال و جینۆساید لەدژی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بۆ لە لایەن عێراقەوە ئەنجامدران؟

لەدوای ١٩٩١ عێراق دامودەزگەی ئیداری و مووچە و دەستەڵات و بوونی خۆی كشاندەوە؟ باشە بۆ كشاندیەوە؟ ئایا دەزانن هۆكارەكەی ئەوە بوو كە ڕژێم وای بۆ دەچوو كوردەكان لە برسان دەمرن و خۆیان پێ ئیدارە نادرێت و دەكەون. باشە بۆ دەبێت دەوڵەتی عێراق لەبارەی كوردەوە وا بیر بكاتەوە؟ ئەی بە حیساب بەشێك نین لەوان؟ بۆ دەبێت بیری هەمیشە بۆ لای شكستدان و قڕكردن و نەهێشتن و لاوازكردن بێت؟

لەدوای ڕووخانی ڕژێم كە مالیكی بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی، خۆ ئەوكات شتێك بەناوی ئابووری سەربەخۆ و نەوت بوونی نەبوو، بۆچی حكوومەتی عێراقی ئەو بڕیارەی دا؟ ئایا نەیدەزانی گوشار بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دێت كە هەمووشیان هەڵگری ناسنامەی عێراقی بوون؟

لە شەڕی داعشدا بۆچی حكوومەتی عێراقی یەك فیشەك و یەك دۆلار یارمەتی نەدا بە هەرێم؟ لە حەواندنەوەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی لە لایەن كوردستانەوە بۆچی حكوومەتی عێراقی كە پارەیەكی زۆریشی هەبوو، یارمەتیی ئاوارەكانی نەدا؟ ئەی ئەوان هاووڵاتیی عێراقی نەبوون؟ ئایا ئەوانیش كێشەی مووچەیان هەبوو؟ یان نەوتیان دەفرۆشت؟ یان چونكە سووننە بوون بۆیە حكوومەتی عێراقی ئاوڕی لێ نەدانەوە؟

ئێمە هەموومان بە باشی لەو كێشانە تێدەگەین، هیچ خانەوادەیەكی كورد نییە كە لەو سەد ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی شۆڤینیی دەوڵەت و حكوومەتەكانی عێراقی زیانی بەرنەكەوتبێت، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ڕەوا نییە خۆشحاڵ بین بە لاوازبوونی كیانەكەمان و خۆمان.

دەبێت بەجددی ئەو پرسیارانەی سەرەوە ئاڕاستەی هەموو ئەو بەناو سیاسییانەی كورد بكەینەوە كە نەزانانە كار بۆ لاوازكردنی هەرێم دەكەن و وڵامی جددیمان لێیان بوێت. ئێمە هەین، مێژوو و خاك و بوون و قوربانیمان هەیە و كوێرەوەریمان كێشاوە. هەین و دەبێت بمێنین، هیچ شانازی و شوجاعەت نییە خەڵكێك لە خۆت باشتر و سەرووتر بزانی كە ئازاریان داوی و مافیان لێ خواردوویت.

ماوەتەوە بڵێین، لە هەموو دۆخێكدا، شەڕ بێت یان ئاشتی، سەقامگیری هەبێت یان نا، مووچە هەبێت یان نەبێت، هەمیشە دوو خاڵی سەرەكیمان لە یاد بێت:

1. دۆزی گەلی كوردستان دۆزێكی جیۆگرافی و مێژوویی و سیادی و سیاسی و دەستووری و ئابووری و كەلتووریی و وجوودییە. ئەو دۆزە نە كۆن دەبێت، نە لەیاد دەكرێت نەیش بچووك دەكرێتەوە.

2. تەمەنی ئەو دۆزە لە تەمەنی دەوڵەتی عێراق و زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەكە درێژتر و دێرینترە.

زكری موسا

نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...