شرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئێران؛ ئیمپراتۆریەتی کریستاڵ و بەدڕەوشتی

تا ڕادەیەکی زۆر میدیاکان (ئەوانەی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش بە گشتی)، بایەخێکی کەم دەدەن بەو مەترسییە گەورەیەی ئێران لە ناوچەکەدا دروستیکردووە و کاری لەسەر دەکات، کە بریتییە لە نوقمکردنی ناوچەکە لە ماددەی هۆشبەر. میدیاکانی وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی یا سەر بە ئێرانن، یا دەترسن لە ئێران، یان دەوڵەتەکەیان بەرژەوەندی هەیە لەگەڵ ئێران، جگە لە میدیای سعوودی، کە لە هەمووان زیاتر باس لەو مەترسییە دەکات.

 

ساڵانێکە، بە تایبەت لە دوای بەهاری عەرەبی و بەتایبەتتر دوای سزاکانی ئەمریکا، ئێران وەک دەوڵەت بووە بە سەرچاوەی یەکەمی هەناردە و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر، نەک تەنیا لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهانیش. ئەو وڵاتانەی کە ئێران هەژموونی تیایاندا هەیە، دەتوانرێت بگووترێت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەرەو داڕوخانی تەواو دەچن بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە.

سووریا، بە تایبەت باشووری سووریا، بووە بە کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر، چەندین ڕاپۆرتی فەرمی ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەدان و هەزاران خانوو لە شار و ناوچەکانی وەک حمێ و دیمەشق و دەرعا و دێرەلزور، کراون بە کارگەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر.

لە ساڵی ٢٠٢١ حکوومەتەکەی بەشار زیاد لە پێنج ملیار و نیو دۆلار داهاتی دەستکەوتووە لە فرۆشتن و هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر. ئەگەر هەیە لە ساڵانی داهاتوو ئەم داهاتە بگاتە ١٠ ملیار دۆلار. ئێستا سووریا بە یەکەم بەرهەمهێنەری حەبی (کبتاگۆن) دادەنرێت لە جیهاندا.

فەیسەل قاسمی پێشکەشکاری پرۆگرامی (الاتجاە المعاکس) لە کەناڵی ئەلجەزیرە، کە خۆی خەڵکی سووریایە، چەندین جار لە بەرنامەکانیدا بە ئاشکرا گوتویەتی “ئێران و بەشار دۆخێکیان دروستکردووە لە سووریا، کە چەند گرامێک لە ماددەی هۆشبەر هەرزانترە لە دەبەیەک ئاو، منداڵی ١٢ ساڵ لە سووریا ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بوونە و بازرگانی پێوە دەکەن”. لە کاتێکدا کەناڵی ئەلجەزیرە تا ئەمڕۆش چاوپۆشی دەکات لەوەی ئەو مەترسییەی ئێران بکاتە هەواڵی سەرەکی.

 

ئێران و بەشار دۆخێکیان دروستکردووە لە سووریا، کە چەند گرامێک لە ماددەی هۆشبەر هەرزانترە لە دەبەیەک ئاو

 

یەکێک لەو وڵاتانەی کە هەراسان بووە بە دەست ئەم ستراتیژەی ئێرانەوە، وڵاتی ئوردنە. باشووری سووریا کە کارگەی سەرەکی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەکەدا، دەکەوێتە سەر سنووری ئوردن. شای ئوردن، وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری ئوردن، چەندین ساڵە دەڵێن هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر ئوردن بریتییە لە هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر لە باشووری سوویاوە بۆ ئوردن، بە تایبەتتر دوای کەمبوونەوەی هەژموونی ڕووسیا لە باشووری سووریا بە هۆی جەنگەکەی ئۆکڕانیا. ئەو بۆشاییەی کە ڕووسیا لەوێ دروستی کردووە، میلیشیاکانی ئێران پڕیان کردووەتەوە.

ئوردن بۆ ڕێگرتن لە هاتنی ماددەی هۆشبەری ئێرانی بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی، نەک تەنیا پۆلیس، بەڵکوو هێزێکی شەڕکەری تایبەتی سەر بە سوپای لەسەر سنوور جێگیرکردووە، چونکە ماددەی هۆشبەر لە باشووری سووریاوە بە درۆن و بە کاروانی سەربازی ڕەوانەی ئوردن دەکرێت. ئوردن بە فەرمی داوای لە ڕووسیا کرد، کە سنورێک بۆ ئێران دابنێت لە هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناوخۆی ئوردن، بەڵام هەر سوودی نەبوو.

دواجار لەمساڵدا، ئوردن هێزی ئاسمانی بەکارهێنا و فڕۆکەیەکی جەنگی ڕەوانەی ناو خاکی سووریا کرد لە شارۆچکەی سویدان، ماڵی (مرعی الرمسان) کە پێی دەگوترا ئەسکۆباری سووریا بۆردمان کرد و کوشتی.

ئەو کەسە بازرگانی سەرەکی ماددەی هۆشبەر بوو لە سووریا و ناوچەکە، سووری بوو و سەر بە میلیشیاکانی ئێران و پاسدارانە.

ئێران زۆر مەبەستیەتی هەژموونی خۆی بگەیەنێتە ئۆردن، سەرەتا لە ڕێگەی شیعە و کردنەوەی حوسێنییەوە هەوڵی دەدا، سەرکەوتوو نەبوو، ئێستا لە ڕێگەی ماددەی هۆشبەرەوە بەردەوامە لەو هەوڵدانە.

گرنگی ئوردن بۆ ئێران زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سعوودییە و وڵاتانی تری کەنداو، ئێران مەبەستیەتی لە یەمەن و ئوردن و عێراقەوە، سعوودییە گەمارۆ بدات و ماددەی هۆشبەری بۆ بنێرێت. چونکە ڕکابەری ئێرانن، دەوڵەمەندن و دەبنە باشترین بازاڕ بۆ ماددەی هۆشبەری ئێرانی، جگە لەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە وێرانیان دەکات و ئەو سەقامگیرییەی لەوێ هەیە، ئێران ناتوانێت بە هەژموونی مەزهەبی و سەربازی تێکیبدات، بەڵام بە ماددەی هۆشبەر دەکرێت.

 

ئێران مەبەستیەتی لە یەمەن و ئوردن و عێراقەوە، سعوودییە گەمارۆ بدات و ماددەی هۆشبەری بۆ بنێرێت

 

یەمەن یەکێکە لەو وڵاتانەی تر کە ئێران لە ڕێگەی حووسییەکانەوە هەژموونی بەسەریدا هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی یەمەنی بۆ ماف و ئازادییەکان، حووسییەکان و ئێران، یەمەنیان کردووە بە بازاڕێکی کراوە بۆ ماددەی هۆشبەر و ئەو وڵاتەیان نوقمی ماددەی هۆشبەر کردووە.

تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە کەنداو، بایی زیاد لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار ماددەی هۆشبەریان گرتووە، کە لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن چووە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو بڕە هیچ نییە بە بەراورد بەو بڕە زۆرەی کە دەستی بەسەردا نەگیراوە و چووەتە ناو خاکی یەمەن. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن ناردنی ئەو بڕە زۆرەی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو یەمەن، زۆر زیاترە لە قەبارەی دانیشتووانی یەمەن، بۆیە ئامانجێکی سەرەکی ئێران بریتییە لە نوقمکردنی سعوودییە بەو ماددانە.

عێراق وڵاتێکی ترە کە سەر بە هەژموونی ئێرانە. بە قسەی (عەلی ئەلعەبادی) سەرۆکی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ماددەی هۆشبەری تێدا بەکاردێت و مامەڵەی پێوە دەکرێت، دەڵێت “٨٠٪ی ئەو ماددە هۆشبەرەی دێتە ناو عێراق، لە ئێرانەوە دێت”. بەدڵنیاییەوە ئەوی تر لە سووریاوە دێت و هەر هی ئێرانە.

هەفتەیەک نییە لە عێراق، پۆلیس دەست بەسەر کاروانی ماددەی هۆشبەردا نەگرێت، بەڵام ئەو بڕەی کە دەستی بەسەردا ناگیرێت، سەدان جار زیاترە لەوەی دەستی بەسەردا دەگیرێت. ئێستا حەشدی شەعبی سەر بە ئێران، بکەری سەرەکییە لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە عێراقدا. هەر بۆیە حکوومەت و میدیاکانی عێراق ئەم مەترسییە گەورەیە ناکەن بە هەواڵێکی سەرەکی.

لوبنان وڵاتێکی ترە کە ئێران پێیگەیشتووە، لە ڕێگەی حیزبوڵای لوبنانییەوە، کە باڵێکی ئێرانە. لوبنان نوقم بووە لە ماددەی هۆشبەر. حیزبوڵای لوبنان، بە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دادەنرێت لە جیهاندا، تەنانەت بازرگانییەکانی بە هاوکاری ئێران، گەیشتووەتە  کۆلۆمبیا و مەکسیک و چین و زۆر ناوچەی تر لە جیهاندا.

دەکرێت بگوترێت ئێران تاکە دەوڵەتی جیهانە، کە سوپا و هەواڵگری و حکوومەتەکەی بە ئاشکرا و بە فەرمی و ڕاستەوخۆ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن. مافیایەکی گەورەی ماددەی هۆشبەرە لە فۆڕمی دەوڵەت. وڵاتی زۆر هەن، کە مافیاکانی ماددەی هۆشبەر هەژموونیان لە دەوڵەتدا هەیە و گرووپی فشاری بەهێز و ئەندامی ناو حکوومەت و سوپایان لەگەڵە، بەڵام خودی سوپا و هەواڵگری و حکوومەتی دەوڵەتێک ڕاستەوخۆ بازرگانی ماددەی هۆشبەر بن، تەنیا ئێران نموونەی ئەوەیە.

 

ئێران تاکە دەوڵەتی جیهانە، کە سوپا و هەواڵگری و حکوومەتەکەی بە ئاشکرا و بە فەرمی و ڕاستەوخۆ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن

 

ئایا ئێران بۆ وا دەکات؟ لەوانەیە هۆکارێکی بگەڕێتەوە بۆ لایەنی کەلتووری و ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی، بەڵام دوو هۆکار زیاتر ئاماژەی پێدەدرێت لە لایەن شارەزایانی ئەو بوارە: هۆکاری یەکەم؛ سیاسییە و ئێران دەیەوێت نەیارەکانی لە ناوەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سەقامگیرییەوە وێران بکات، واتە کارتێکی فشاری سیاسییە، کە زۆر ترسناکە. هۆکاری دووەم؛ ئابوورییە، ئێران بە هۆی سزاکانی سەری، ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی بازرگانی بکات و نەوت و گازی بفرۆشێت و داهات بەدەست بهێنێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر ماددەی هۆشبەر، بۆ بەدەستهێنانی داهات، چونکە نهێنییە و ئەستەمە بە تەواوی ڕێگری لێ بکرێت و داهاتێکی زۆریشی تێدایە.

ئەوەی کە زۆر مەترسیدارە، ئەو ستراتیژەی ئێران تەنیا لە لایەنی ئابووری کورت ناکرێتەوە، واتە تەنیا ئەوە نییە ئێران هەوڵبدات بازاڕێک بۆ ماددە هۆشبەرەکانی بدۆزێتەوە و ژمارەیەکی زۆر گەنج گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بکات و داهاتی لێ پەیدا بکات، بەڵکو ئێران ڕێگەی زۆر ترسناک و قێزەونی تر بەکاردەهێنێت و، ئامانجی سیاسیشی هەیە.

تەنیا بەوە ناوەستێت گەنجان ئالوودە بکات، بەڵکو منداڵی خوار تەمەن ١٥ ساڵ، لەو کارەساتە تێوەدەگلێنێت. لە سووریا و یەمەن و لوبنان، ژمارەیەکی زۆر منداڵ بەکاردەهێنرێت بۆ فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر، کە خۆشیان ئالوودە دەبن و زۆرێکیان دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریان، ئەو منداڵانە دەبنە گیانەوەرێکی ترسناک کاتێک گەورە دەبن. ئێران لەوانەیە ئەو کارە بکات بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی چەکدار و ملیشیای چەکدار دروست بکات لەو وڵاتانە. چونکە بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە چەکدار و بۆ بەرژەوەندی ئێران شەڕ بکات و هەوڵبدات، پێش هەموو شت دەبێت ئەو کەسە بگاتە لوتکە و بەرزترین ئاست لە بەدڕەوشتی و بێ بەهایی و قێزەونی، دەبێت ببێتە میکرۆب و ڤایرۆسێکی کوشندە لە فۆڕمی مرۆڤ، وەک حەشد و حووسی و حیزبوڵا و زۆر هێزی تری سەر بە ئێران!

 

لە سووریا و یەمەن و لوبنان، ژمارەیەکی زۆر منداڵ بەکاردەهێنرێت بۆ فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر، کە خۆشیان ئالوودە دەبن و زۆرێکیان دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریان

 

بۆیە وێرانکردنی کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیە و سڕینەوەی هەموو بەهاکانی لە بەرژەوەندی ئێرانە. لێرەوەیە ژمارەیەکی بێ شومار لە منداڵی سووریا و یەمەن و لوبنان و تەنانەت عێراقیش، لەسەر شەقامەکان خەریکی کاری بەدڕەوشتی و ماددەی هۆشبەرن، زۆربەی ئەم منداڵانە دەبنە چەکداری حووسی و حیزبوڵا و ئەسەد و حەشد و هاوشێوەکانیان.

ئەوەی بۆ ئێمە زیاتر گرنگە لەم پرسەدا، کوردستانە؛ ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەداخەوە بەشێکە لە ئێران و ئیمپراتۆریەتی ماددەی هۆشبەر. شاری کرماشان، پێموابێت، لەو شارانەیە کە گیرۆدەی ئەو ستراتیژەی ئێرانە. ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی کوردە، بەهۆی هەژموونی ئەمریکا، تا ڕادەیەک، بە بەراورد بە ناوچەکانی تری سووریا، ئێران نەیکردووە بە کارگەی ماددەی هۆشبەر.

هەرێمی کوردستان مەترسییەکی گەورەی لەسەرە، تا ڕادەیەکی زۆر ئێران توانیویەتی هەموو سنوورەکانی ببەزێنێت. لە بەرنامەیەکی کەناڵی ڕووداو، ئالوودەیەکی ماددەی هۆشبەر دەیگوت ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی وەک پیتزا و خواردن بە دیلڤەری داوا دەکرێت، دەیانگوت تەنانەت لە ناو چاکسازی بە ئاسانی دەستت دەگات بە ماددەی هۆشبەر. ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بە هەبوون و هەژموونی ئێران.

 

ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی وەک پیتزا و خواردن بە دیلڤەری داوا دەکرێت

 

ماوەی پێشوو لە سلێمانی بووم، لە ناو بازاڕی سلێمانی بە دەیان و سەدان مناڵی عەرەب، خوار ١٥ ساڵ دەبینران، داوای خواردن و پارەیان دەکرد لە خەڵک. لە هەندێک کاسبکاری ناو بازاڕ بیستم، کە ئەم منداڵانە کاری بەدڕەوشتی و زۆر شتی ترسناک دەکەن یاخود ئامادەن بە پارەیەکی کەم بیکەن. ئەم منداڵانە ئەگەر جارێ دەستی ئیتلاعات و پاسدارانیشیان پێنەگەیشت بێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێیان دەگات و بەکاریان دەهێنێت بۆ زیاتر بڵاوکردنەوە ماددەی هۆشبەر (پێم وایە هەندێکیان بەکارهاتوون)، لە ئایندەدا دوور نییە چەکداریان بکات و دەیان قەیران و کێشە دروست بکەن، کە ئێستا هەر بە خەیاڵماندا نایەت.

بەگژداچوونەوەی ئەو پیلانەی ئێران، خزمەتێکی گەورەیە بەو منداڵە عەرەبە داماوانەش. بیرۆکەی دروستکردنی حەشدی کوردی کە چەند ساڵێکە باس دەکرێت، زەنگیکی مەترسیدارە کە ئێران گرووپێک بوونەوەری دروست کردووە لە کوردستان لە فۆڕمی مرۆڤ، کە سنووریان نییە لە بەدڕەوشتی و داڕووخانی دەروونی و ئەخلاقی، ئەگەرنا چۆن گەنجێکی کورد دەبێتە حەشدی کوردی!

 

بیرۆکەی دروستکردنی حەشدی کوردی کە چەند ساڵێکە باس دەکرێت، زەنگیکی مەترسیدارە کە ئێران گرووپێک بوونەوەری دروست کردووە لە کوردستان لە فۆڕمی مرۆڤ، کە سنووریان نییە لە بەدڕەوشتی

 

ئەگەر هەمووان، بە دەسەڵات و خەڵکەوە، هەر کەس و لە شوێنی خۆیەوە وریا نەبێت و دژی ئەم ئیمپراتۆریەتە خراپکارە قسە نەکات و کار نەکات، ڕۆژێک دێت منداڵانی هەرێمی کوردستانیش دەبینین لەسەر جادەکان تلیاک دەفرۆشن و خەڵک دەکوژن و ئەتک دەکەن و ئەتک دەکرێن. ڕۆژێک دێت لە کوردستانیش، وەک چۆن حەشد لە بەغدا کاتی خۆپێشاندانەکان کردیان، کە گرووپێک لە حەشدی عێراقی بە یەک فەرمانی ئێران، بە قەناس ٦٠٠ هاووڵاتی بێتاوانی دیکەی عێراقییان کوشت.

ئاماژەیەکی ئەم دیاردەیە بە ڕوونی دەرکەوت لە باشووری کوردستان، کاتێک بۆ پشتگیری لە شۆڕشی ژینا، پاسداران و ئیتڵاعات نەیانتوانی ڕێ لە خۆپیشاندان بگرن لە تاران و مەشهەد و قوم، بەڵام توانیان ڕێ لە خۆپیشاندان بگرن لە سلێمانی! هەموو ئەم مەترسی و ئەگەرانەش لە پێناو خزمەتکردنی ڕابەری سیغە و کریستاڵ و سوپاکەیەتی.

ئێران ئەگەر بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە یەکجار مەترسیدار بێت، بۆ ئێمە دووجار، چونکە ئێمە بە دوژمن و داگیرکراو و هەڕەشەیەکی هەمیشەیی دەزانێت، بۆ سەر ئەو قەوارە فەیکەی کە هەیەتی.

ئەو کەسانەی بە وردی ئاگاداری دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری سووریا و یەمەن و لوبنان بن، بە وردی ئاگاداری ئەو ترسەی ئوردن و سعوودییە و وڵاتانی تری کەنداو بن لە ئێران، باشتر و ئاسانتر تێدەگەن لەم نووسینەم.

پلان و ڕێگەچارە و خۆپاراستن زۆرە بۆ سنووردانان بۆ ئیمپراتۆریەتی کریستاڵ و بەدڕەوشتی، لێرەدا دەرەفەت نییە ئاماژەی پێبکرێت، بەڵام گرنگترین و سەرەکیترین و واقعیترین ئەوەیە کە بەرانبەر بە ئێران نابێت ترسنۆک و بێ ئیرادە بیت، ئەگەرنا دەتخوات، دەبێت چاونەترس و بە زمانی هەڕەشە و توند قسە بکەیت لە بەرانبەریدا. ئێران بزانێت هەر وڵات و گرووپێک ئامادەن ڕووبەڕووی ببنەوە و ئیرادەیان هەیە، سڵ دەکاتەوە، ڕاستە واز ناهێنێت، بەڵام سنووری خۆی نابەزێنێت.

 

بەرانبەر بە ئێران نابێت ترسنۆک و بێ ئیرادە بیت، ئەگەرنا دەتخوات، دەبێت چاونەترس و بە زمانی هەڕەشە و توند قسە بکەیت لە بەرانبەریدا

 

ئێران لە ئیسرائیل و تاڵیبان دەترسێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل و تاڵیبان تەنیا یەک خاڵی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەو پەیامەیان داوە بە ئێران، کە ئامادەن لە دژی بجەنگن. عێراقی کاتی سەدام، بە تایبەت لە دوای ١٩٨٨ تا ٢٠٠٣  و سیاسەتی ئێران بەرانبەر بە عیراق، نموونەیەکی ترە.

پێویستە حکوومەت و هێزە سیاسییەکان و لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان بزانن، ئێران بەبێ لایەنێکی دەسەڵاتداری ناوخۆ، ناتوانێت بەو شێوەیە پەل بهاوێژێت و ماددەی هۆشبەر بڵاوبکاتەوە. لە سووریا بە پشتبەستن بە ئەسەد ئەو کارە دەکات، لە یەمەن لە ڕێگەی حووسییەکانەوە، لە لوبنان بە حیزبوڵا، لە عێراق لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە. بۆیە لە کوردستانیش ناتوانێت ئەو کارە بکات، ئەگەر لایەنێکی بەهێز و چەکدار لە ناوخۆی هەرێم لەگەڵی نەبێت و ڕێگەی بۆ خۆش نەکات.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button