مەبەست لە بەهێزکردنی حکوومەت بەهێزکردنی کەسێک یان لایەنێکی سیاسی دیاریکراو نییە لەسەر حسابی کەس و لایەنەکانی تر، بەڵکو پێکەوە کار کردنێکی هەمەلایەنەیە بۆ پاراستن و بەهێزکردن و بە نیشتمانیکردنی دامەزراوە فەرمییەکانە.
بە سەدان هەزار ڕۆح و جەستەی پاک لە شۆڕشەکانی ڕزگاری و بەرگریکردن بوونەتە قوربانی، بۆ ئەوەی حکوومەتێکی خۆمانەی کوردی و کوردستانیمان هەبێت، کە ئێستا بە سەدان هەزار کارمەندی کەرتی گشتی لە ناو دامەزراوەکانی خزمەت دەکەن و بە هەموویانەوە پێکهێنەری حکوومەتی هەرێمن، واتە حکوومەت لە بنەڕەتدا حکوومەتی هەمووانە و تەنیا بریتی نییە لە کابینەی وزاری.
زۆر بە ڕوونی دیارە، کە هیچ حزبێک ناتوانێت بە تەنیا هەرێم بپارێزێت و لەو قەیرانە مەترسیدارە دەربازی بکات
ئێستا بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و ئاسایشی نیشتمانی نییە، کە حزب و لایەنە سیاسییەکان هەر یەکە و تەنیا خۆی بە پارێزەری هەرێم دابنێت و لایەنەکانی تر بە لادەر ناوببات و تەخوینیان بکات، زۆر بە ڕوونی دیارە، کە هیچ حزبێک ناتوانێت بە تەنیا هەرێم بپارێزێت و لەو قەیرانە مەترسیدارە دەربازی بکات، بەڵام هەر حزبێک گەر تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆی کار بکات و بیر لە ئایندەی هەرێم و ژیانی خەڵک نەکاتەوە، دەتوانێت وڵات بەرەو دۆخێکی کارەساتبار ببات.
لە بەر ئەوەی هەر لە کۆنەوە دەوڵەتانی دەوروبەر و ئێستا لایەنی عێڕاقیش زیاتر خوازیاری ئەوەن لەگەڵ حزبە کوردستانییەکانی هەرێم هەڵسوکەوت بکەن، نەوەک لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و حکوومەتێکی یەکگرتوو لە هەرێم، چونکە بەو شێوەیە لە بەها و کاریگەری دەسەڵاتی فەرمی هەرێم و دامەزراوەکان بۆ نوێنەرایەتیکردنی گەلی کوردستان کەم دەکرێتەوە.
ئەرکی پاراستنی هەرێم و گەلەکەی بەر لە هەمووان ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەو کابینە فرە لایەنەی حکوومەتە
ئێمە وەکو کورد لە کوردستانی عێراق لە قۆناغێکی پێشکەوتووتر لە قۆناغی شۆڕشگێڕین کە ئەوکات حزبەکان هەمە کارە بوون، بەڵام ئێستا خاوەن سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێمین، خاوەن پەرلەمانیش بووین کە بە دەردێکی خراپ برا و لە کارخرا، هەر بۆیە ئەرکی پاراستنی هەرێم و گەلەکەی بەر لە هەمووان ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەو کابینە فرە لایەنەی حکوومەتە، کە لە چەند لایەنێکی سیاسی پێکهاتووە، بۆ ئەوەی بە دیدگایەکی نوێ و پێکەوەیی بە هاوکاری هەموو لایەنە کوردستانییەکان و پشتیوانی هاووڵاتییان هەرێمەکەمان بپارێزن.
گەلی کوردستان لە دۆخێکی زۆر ناهەمواردایە. لە لایەن ئەو دەوڵەتە نوێیە فیدڕاڵییەی کە بە هاوکاری ڕۆژئاوا دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە عێراق دروستکراوە، کە گەلی کوردیش لە کاتی بونیادنانی بە هیوای پاراستنی مافەکانی ڕۆڵی زۆری هەبووە، زوڵمی زۆر و ئاشکرای لێ دەکرێت. هەر بۆیە بە دیدی من خودی وڵاتانی ڕۆژئاوا واتە ئەمریکا و ئەوروپا، کە لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە بە زۆر شێوە پارێزەری هەرێم بوون، دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوەیان هەبێت لە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی و پاراستنی مافەکانی کورد لە عێراق. بۆ ئەوەی سەقامگیری کوردستان و عێراق بهێتە پاراستن، کە لە بەرژەوەندی ئاسایشی هەرێمایەتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دایە، ئەوان نابێت ئەم جارەش گەلی کوردستان بەتەنیا بهێڵن.
وڵاتانی ڕۆژئاوا واتە ئەمریکا و ئەوروپا، دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوەیان هەبێت لە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی و پاراستنی مافەکانی کورد لە عێراق
ئەوەی زۆر بە ڕوونی و ئاشکرا دیارە لە میدیا و سۆشیال میدیا، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هێرشی زۆر ناڕەوا دەکەنە سەر یەکتری، کە لە ڕاستیدا هیچ خزمەتێک بە دۆزی ڕەوای ئێمە ناکات، زۆر جاریش بە بەکارهێنانی وشەی توند و هەندێ جار نەگونجاو باسی لایەنە عێراقییەکان و وڵاتانی دەوروبەر و بیانی دەکرێت، ئەوەش لە خزمەتی هەرێمدا نییە. لەبەر ئەوەی ئێستا میدیا و سۆشیال میدیا ڕێژەیەکی زۆر لە زانیارییە هەواڵگرییەکان پێک دەهێنن، بۆیە دەکرێت ڕای کادیرێکی حزبێک یان بەرپرسێکی ئاستی خوارەوە بە ڕای حزبەکان و حکوومەت ئەژمار بکرێت و بە زیان بشکێتەوە.
دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت سەقامگیری ناوخۆ بناغەی گەشەسەندنی ئابووری و خۆشگوزەرانییە، سەقامگیریش بە ئاشتی لە ناوخۆ، حکوومەتێکی کارامە، پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ دەوروبەر و دەرەوە بەدی دێت.